مەسەدە پشتیوانی بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات پەیوەست بە چارەنووسی بێسەروشوێنان

مەجلیسی سوریای دیموکراتیک (مەسەدە) پێشوازی لە بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات بۆ پێکهێنانی دامەزراوەیەکی سەربەخۆ تایبەت بە ئاشکراکردنی چارەنووسی بێسەروشوێنان لە سوریا.

مەسەدە، ئەمڕۆ ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و پێشوازی لە بڕیاری جڤاتی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات بۆ پێکهێنانی دامەزراوەیەکی سەربەخۆ بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی بێسەروشوێنانی سوریا، تێیدا هاتووە:

"مەسەدە پێشوازی دەکات لە بڕیاری جڤاتی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە پێکهێنانی دامەزراوەیەکی سەربەخۆ تایبەت بە ئاشکراکردنی چارەنووسی بێسەروشوێنان لەماوەی ١٢ ساڵی قەیرانی سوریا. بەهیواین ئەم بڕیارە ئازاری سورییەکان سوکتر بکات و کۆتایی بە قەیرانەکەیان بهێنێت و بڕیارەکە بەفیعلی جێبەجێ بکرێت.

ئەم بڕیارە لە جڤاتی گشتی ٨٣ دەنگی لایەنگری هەبووە، لەبەرامبەر ١١ دەنگی دژ و ٦٢ دەنگی بێلایەن، لەوانە ١٣ دەنگی لە دەوڵەتانی عەرەبییە، ئەم هەڵوێستانە هاوکاتە لەگەڵ جووڵە عەرەبییەکان بە ئامانجی کۆتایی هێنان بە قەیرانی سوریا.

ئەم بڕیارە پیرۆز دەکەین کە بەرئەنجامی کۆششی بەردەوامی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و دامەزراوە مرۆییەکانە لەماوەی ساڵانی قەیرانی سوریا بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی بێسەروشوێنان، کە بەگوێرەی ڕاپۆرتە ناحکومییەکان ژمارەیان زیاترە لە ١٠٠ هەزار کەس، ئەمە بە هەنگاوێکی ڕاست دەبینین، هەرچەند بڕیارێکی درەنگ وەختە.

خۆشحاڵین پرسی گەلی سوری هاتۆتە ئەولەویەتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و خوازیاری چارەسەری قەیرانەکانی سوریان، ئەوکاتەی هێشتا چەند وڵاتێک کاردەکەن بۆ ئیدارەدانی قەیرانی سوریا و قووڵکردنەوەی قەیرانەکان، لەگەڵ تێکدانی ئارامی وڵاتەکە و هاندانی توندوتیژی و ڕق، پاڵپشتی تیرۆر و توندەڕەوی، وەک ئەوەی لە کۆبوونەوەی ئاستانە بینرا.

ئێمە وەک مەسەدە، پێشوازی لەم بڕیارە دەکەین و ئامادەیی تەواومان هەیە بۆ پێشکەشکردنی هەموو هاوکاری و پاڵپشتییەک، بۆ هەر دەسپێشخەرییەک کە ببێتە مایەی کۆتایی هێنان بە قەیرانی سوریا و کەمکردنەوەی نەهامەتی سورییەکان. پێشتر ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دەسپێشخەرییەکی بۆ چارەسەری قەیرانەکان و دادگایکردنی چەتەکانی داعش خستەڕوو، ئەم دادگاییە بەسە بۆ ئاشکراکردنی ڕاستییەکان، لەنێویشیاندا ئاشكراکردنی چارەنووسی بێسەروشوێنان.