مونزور: سی پی تی بە ئەرکەکانی خۆی هەڵناسێت

فەرزەندە مونزور ئەندامی دەستپێشخەریی ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان لە سوریا ڕاگەیاند، سی پی تی ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ ناکات و خزمەت بە سیاسەتی دەوڵەتی تورک دەکات.

فەرزەندە مونزور ڕایگەیاند، وەڵامی بانگەواز و داواکارییەکانیان نەدراوەتەوە و وتی، "ئەو دامەزراوانەی، کە گوایە دەبێت لەسەر پرسی کورد و سەبارەت بە ڕێبەر ئاپۆ دادپەروەری پێکبهێنن، زۆر درەنگ و خاو کاردەکەن. داواکارییەکان و پێشنیارەکان بە نەبوو دەزانن. مێژوو ئەم کردارانە لەبیر ناکات، لێی خۆش نابێت."

 فەرزەندە مونزور ئەندامی دەستپێشخەریی ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان لە سوریا بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند، زیاتر لە دوو ساڵە هیچ زانیارییەک لە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان نییە. فەرزەندە مونزور وتی: "گۆشەگیرییەکی تەواو و ڕەهاو هەیە، کە نموونەی نەبینراوە و نەبیستراوە. ڕێبەر ئاپۆ لە مافە یاسایی و مرۆییەکانی بێبەش کراوە. ئەم دۆخە نەک تەنهاو بۆ گەلی کورد، بەڵکو بۆ هەموو گەلانی دیکەش زیانێکی گەورەیە، چونکە تێڕوانینەکانی ڕێبەر ئاپۆ چارەسەر بۆ کێشەکانی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاون دادەنێت و ئەڵتەرناتیڤێک دروست دەکەن."

کۆمەڵگا پێویستی بە ڕوانگە و بۆچوونەکانی هەیە

مونزور ڕایگەیاند، حکومەتی تورکیا کە سنوورەکانی فاشیزمی تێپەڕاندووە، بەڵام لە بارودۆخێکدا، کە دەسەڵاتی خۆی دهەژێنێت ئەوەی لە توانایدایە دەیکات بۆ بێدەنگکردن و سەرکوتکردن و دەڵێت، "هەموو کەسێک ڕۆڵی ڕێبەر ئاپۆی دیلکراو دەزانێت و دەبیستێت و دەبینێت. هەموو وشەیەک، کە لە ئیمڕالییەوە دێت کاریگەرییەکی گەورە لەسەر کۆمەڵگا دروست دەکات. کۆمەڵگای تورکیا و کوردستان لە ئێستادا پێویستیی بە تێڕوانینەکانی ڕێبەر ئاپۆ هەیە، کە ڕێگا بۆ ئاشتی و چارەسەر خۆش دەکات. حکومەتی ئەردۆغان هیچ نیازێکی بۆ نزیکبوونەوە لە دیموکراسی و ئاشتی نییە و بۆ ئەمە ئامادە نییە. لەبەر ئەوەی دەسەڵاتەکەى نەڕوخێت قەدەغەی سەر ئیمراڵی بەردەوامی پێ دەدات."

بە ئەنقەست ڕێگریکردن دروست دەکرێت

مونزور ئاماژەی بەوەدا، هەتا کێشەی کورد چارەسەر نەبێت هیچ چارەسەرێک بۆ کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدی نایەت، هیچ سەقامگیری و ئارامییەک پێکنایەت، بۆیە ئۆجالان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی هەیە. مونزور وتی: "ڕێگە نادەن دەنگی ڕێبەر ئاپۆ بە گەلان بگات. بۆ ئەوەی چارەسەری بەدی نەیەت و بە ئەنقەست ڕێگری دروست دەکەن".

پێویستە سی پی تی لەوە زیاتر خزمەتی دەوڵەتی تورک نەکات

فەرزەندە مونزور ڕایگەیاند، کۆمیتەی ڕێگریکردن لە ئەشکەنجەی ئەنجومەنی ئەوروپا (CPT) و دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا  ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ ناکەن و وتی، "سی پی تی دامەزراوەیەکی ئەنجومەنی ئەوروپایە. سەبارەت بە ئیمراڵی، بۆچوون و پێشنیاری خۆی هەبوو. بە تایبەتی کاتێک مرۆڤ سەرنج بداتە سەر سەردانەکەی ئەم دواییەی سی پی تی بۆ ئیمراڵی ئەوە دەبینێت، کە سی پی تی لە هەڵوێستێکی لەو شێوەیەدایە: 'من سەردانی خۆم کرد، ئیدی لە ئێستا بە دواوە تورکیا خۆی دەزانێت'، کەواتە لەو کاتەدا سی پی تی ئەرکی چییە؟ ئەرک و بەرپرسیاریی بنەڕەتی خۆی لە ئەستۆ ناگرێت. سی پی تی بە جێبەجێنەکردنی ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی، هێز بە دەوڵەتی تورکیا دەدات، کە بەردەوام بێت لە سیاسەتی نکۆڵیکردنی. هەڵە نییە، ئەگەر مرۆڤ بڵێت، سی پی تی بووەتە پشتیوانی. زەمینە سازی بۆ ئەم سیاسەتی نکۆڵیکردن و سڕینەوەیە ئامادە دەکات. دەبێت سی پی تی بەو هەڵوێست و ڕەفتارەیدا بچێتەوە و لەوە زیاتر خزمەتی زاڵمەکان و ستەمکاران نەکات."

ئامادەکاری بۆ کۆنفرانسێکی نوێ

مونزور ئەوەشی ڕایگەیاند، چەندین جار بۆ کۆتایی هێنان بە گۆشەگیری و مسۆگەرکردنی ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان داواکارییان پێشکەش بە سی پی تی و دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و دامەزراوە هاووشێوەکان کردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێکیان وەرنەگرتووەتەوە. مونزور ئەوەشی وت: "ئەو دامەزراوانەی، کە گوایە دەبێت لەسەر پرسی کورد و سەبارەت بە ڕێبەر ئاپۆ دادپەروەری ئەنجام بدەن، زۆر درەنگ و خاو دەجوڵێنەوە. داواکارییەکان و پێشنیارەکان بە نەبوو دەزانن. بە دڵنیاییەوە مێژوو ئەو کردارانە لەبیر ناکات و لێی خۆش نابێت. وەک دەستپێشخەرییەکەمان، ئەرکی سەرەکیی ئێمە ئەوەیە، کە دەنگی ڕێبەر ئاپۆیە بە گەلان بگەیەنین، ئەمەش بە دڵنیابوون و مسۆگەرکردنی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ پێکدێت. لەو چوارچێوەیەدا ئامادەکاری دەکرێت لە چەند مانگی داهاوتوودا لە وڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا کۆنفرانسێک لەسەر بیر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ ڕێکبخرێت."

ژ.ت