موسلیم: شۆڕشی ١٩ ی تەمموز لەسایەی هەزاران شەهید و تێکەڵبوونی خوێنی پێکهاتەکان بەدیهات

هاوسەرۆکی پەیەدە، ساڵەح موسلیم لە فۆرومی سوری بەبۆنەی شۆڕشی ١٩ ی تەمموز ڕایگەیاند: "دەبێت بزانین بۆچی ١١ هەزار شەهید گیانی خۆیان کردە قوربانی".

بە پێشەنگایەتی پەیەدە، لە شاری حەسەکە، چالاکییەکانی فۆرومی شۆڕشی ١٩ ی تەمموز بە درووشمی "١٩ ی تەمموز: شۆڕشی ژن و گەلان و گەرەنتی سوریای دیموکراتیک" بەڕێوەچوو.

پاش وتەی پێشوازی لەلایەن هاوسەرۆژی نوسینگەی رێکخستنی پەیەدە، پەروین یوسف، هەروەها هاوسەرۆکی نوسینگەی ڕێکخستنی پەیەدە لە کانتۆنی فورات، ئەحمەد خۆجە؛ هاوسەرۆکی پەیەدە، ساڵەح موسلیم وتەیەکی پێشکەش کرد و باسی لە گرنگی شۆڕشی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کرد.

گوتی: "شۆڕشی ١٩ ی تەمموز، شۆڕشی سەرهەڵدانی گەلان و شۆڕشی ڕێگەی سێیەمە، ئەمڕۆ پاش تێپەڕبوونی ١١ ساڵ، ئەو گۆڕانکارییانەی لە جڤاک ڕوودەدەن، خۆی لە خۆیدا شۆڕشێکە".

ئاماژەی بەوە کرد: "شۆڕشەکەمان لە کۆبانێ دەستپێکرد بە ئامانجی پاراستنی جڤاک و ژن لە هێزە هەژمووندار و ستەمکارەکان، هەمووان سەرسامن بە ڕێکخستن و خۆڕاگری ئەم شۆڕشە بەرامبەر هەموو هێرشەکان. ئەوەش لەسایەی هەزاران شەهید و تێکەڵبوونی خوێنی پێکهاتەکان بەدیهات، ئەمەش برایەتی گەلانە".

ڕایگەیاند: "پێویستە شۆڕش و دەسکەوتەکانی بپارێزین، دەبێت بزانین بۆچی ١١ هەزار شەهید گیانی خۆیان بەخشی، هێشتاش باشترین گەنجەکانمان لە سەنگەرەکان تێدەکۆشن و بەردەوامن لە شۆڕش".

هەروەها جەختی کردەوە لەسەر درێژەدان بە ڕێگەی شەهیدان لەپێناو ئارامی و ئاسایشی گەلان.

١٩ ی تەمموز شۆڕشێکی جودایە

هەروەها هاوسەرۆکی مەجلیسی جێبەجێکردنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، حەمدان عەبد، پیرۆزبایی یادی ١٩ ی تەمموزی لە هەموو گەلان کرد و گوتی: "چەند ڕۆژێک پێشتر یادی شەهیدانی ١٤ ی تەمموزمان کردەوە، ئەمڕۆش یادی شۆڕشی ١٩ ی تەمموز دەکەینەوە".

ئاماژەی کرد بە هۆکاری شکستی شۆڕشەکانی تر و گوتی: "هۆکاری ئەم شکستە نەبوونی ئامانجی سەرەکی شۆڕشەکان بوو، ئەوەی خۆی ناونابوو ئۆپۆزیسیۆن لە ڕێچکەی خۆی لایدا".

هەروەها گوتی: "دڵخۆشین کە نەوەی شۆڕشی ١٩ ی تەمموزین، شۆڕشی برایەتی گەلان و ژیانی هاوبەش. ئێمە لە ڕێگەی ئۆپۆزیسیۆن و ڕژێم دوورکەوتینەوە و هەموومان لەدەوری بازنەیەک کۆبووینەوە".

دووپاتی کردەوە: "شۆڕشی ١٩ ی تەمموز جیاوازە لە شۆڕشەکانی تر، سەرەتا و دەسپێکێکی ڕاستەقینەیە بۆ شۆڕشی هەموو گەلان".

بەهێزکردنی سیستەمی پاراستن گەرەنتی شۆڕشە

فەرماندەی یەپەژە، ساریا عەفرین، پیرۆزبایی شۆڕشی ١٩ ی تەمموزی کرد و گوتی: "سەرەتا شۆڕشی ١٩ ی تەمموز پیرۆزدەکەین لە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و هەموو شەهیدانی شۆڕش و شۆڕشگێڕ و تێکۆشەران، ئەم شۆڕشە لەخۆوە بەدی نەهات، بەڵکو بەرهەمی ڕەنج و تێکۆشانی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالانە".

هەروەها گوتی: "کاتێک شۆڕش هەڵگیرسا، گەلە تێکۆشەرەکەمان بە توانایەکی کەمەوە توانی شۆڕش بەڕێوەببات، ئەم گەلە تێکۆشەرە سەلماندی ڕۆڵەکانی پەروەردە کردووە بۆ بەگژاچوونەوەی هەژموونی سیستەم و داگیرکەری تورک و چەتەکانی داعش".

هەروەها ڕوونی کردەوە: "ئەم شۆڕشە بۆتە نموونەیەک بۆ جیهان، هۆکاری ناونانی بە شۆڕشی ژنان، بەرهەمی تێکۆشان و عەشقی شۆڕشگێڕی ژنانی فیداکارە، ڕێکخستنەکەمان (یەپەژە) بە ژمارەیەکی کەم دەستیپێکرد و ئێستە بۆتە سوپایەک بۆ ڕزگارکردنی هەرێمە جیاوازەکان و هەزاران ژنی هاندا بۆ بەشداربوون لەم شۆڕشە".

لەکۆتاییدا گوتی: "دەبێت سیستەمی پاراستنی خۆمان بەهێز بکەین لەپێناو مسۆگەرکردنی شۆڕشی ڕۆژئاوا کە شۆڕشی ژنە، هەروەها لەپێناو بەدیهێنانی خەونی شەهیدان و بینینەوەی ڕێبەر لەنێوماندا".