مەزڵوم عەبدی: هێرشەکانی دەوڵەتی تورک هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە

فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە بارەی بۆردومانیکردنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە ڕایگەیاند، بە ئامانجگرتنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ راستەوخۆ هەڕەشەیە لەسەر ئاسایشی ناوخۆی هەرێمەکە.

 دوای ئەوەی ئەمڕۆ فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە عەین عیسا ئۆتۆمبێلێکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی کردە ئامانج و بە هۆیەوە چوار شەرڤان شەهید بوون مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە تویتەری خۆی پەیامێکی بڵاوکردەوە.

فەرماندەی گشتی قەسەدە دەڵێت: فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بەچەکی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر ئەمڕۆ بەیانی هێرشی کردە سەر ئۆتۆمبێلێکی فەرماندەیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە کاتێکدا دەیانویست لە عەین عیساوە بچن بۆ کامپی کۆچبەرانی گرێسپی، لە ئەنجامدا ٤ شەرڤان شەهیدبوون.

 عەبدی وتوشیەتی، دەزگای ئاسایشی ناوخۆ بەرپرسیارە لە پاراستنی ئاسایشی شارەکان و ڕێکخراوە مەدەنیەکان و کامپەکانی کۆچبەران و زیندانیەکانی داعش، هەر بۆئە ئەم بە ئامانجگرتنە راستەوخۆ هەڕەشەیە لە ئاسایشی هەرێمەکە.

 فەرماندەی گشتی قەسەدە وتیشی: لە ٢٠ی ئەم مانگەوە فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورک ٩ شەرڤانی قەسەدە و ٤ ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و ١٣ هاوڵاتی مەدەنییان کردووەتە ئامانج، هێرشەکاکانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بەچەکی تورکی زیادی کردووە و چیتر کۆمەڵگای باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و ڕێکخراوەکانی کە بۆ پاراستنی ئیستقراری هەرێمەکە کار دەکەن دەکەنە ئامانج.

فەرماندەی قەسەدە وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵە و هاورێیانی ئەو چوار ئەندامەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ وتیشی: ئەم هێرشە ئێمە لە پاراستنی خاک و گەلی خۆمان دوور ناخاتەوە.

ف.ق