مەزڵوم عەبدی: تورکیا خوازیاری پشێوییە

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە) باسی لە هەبوونی ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش کرد بە سەرپەرشتی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ بەگژاچوونەوەی داعش لە عێراق و کوردستان، بۆیە ئەردۆگان بەمە ڕازی نییە.

لە لێدوانەکەی بۆ ئاژانسی (هاوار)، پەیوەست بە هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی، مەزڵوم عەبدی دەڵێت: «ئێمە لە هێزەکانی سووریای دیموکراتیک پەیوەندییەکی لەمێژینەمان هەیە لەگەڵ برایانمان لە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، لەم پەیوەندییش بەردەوام دەبین لە خزمەتی پەیوەندییە هاوبەشەکان بۆ بەرژەوەندیی گەلەکەمان لە چوارچێوەی بەگژاچوونەوەی داعش و چەسپاندنی ئاسایش و ئارامی لە ناوچەکە. لەم پێناوەشدا، ژوورێکی هاوبەشمان پێکهێناوە بە سەرپەرشتی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەگەڵ هێزەکانی دژە تیرۆر لە عێراق و کوردستان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان لە بەرەنگاربوونەوەی داعش و چەسپاندنی ئاسایش و ئارامی، ئێمە برای نەتەوەیی و هاوپەیمانی سیاسیین بە بەشداری نێودەوڵەتی.

ئەردۆگان بەمە ڕازی نییە، بەدوای پاساو و ئامانجەکان دەگەڕێت لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خۆی لەم هەڵبژاردنەی تورکیادا، بۆیە تورکیا بەردەوامە لە هێرش و دەستوەردانەکانی، بە ئامانجی نانەوەی پشێویی و تێکەڵکردنی کارتەکان لەپێناو درێژەدان بە پیلانە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی بۆ خزمەتی بردنەوەی هەڵبژاردنەکان».