فرات دەڵێت، ئەگەر دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە حکومەتی دیمەشقیشەوە وەکو هێزەکانی قەسەدە بە جددی دژی داعش ببنەوە، داعش ناتوانێت خۆی یەکبخاتەوە. بەهێزبوونی داعش دۆخێکی مەترسیدار دروست دەکات. نابێ ببنە بەربەست لە شەڕی قەسەدە دژی داعش."
چیا فرات ئەندامی فەرماندەیی گشتیی قەسەدە، سەبارەت بە هەوڵەکانی داعش بۆ خۆڕێکخستنەوە لە ناوچەکەدا، هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و کاریگەری لەسەر داعش و تێکۆشانی هێزەکانی قەسەدە، وڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی فوراتی دایەوە.
ئێوە ساڵانێکە دژی داعش شەڕ دەکەن. لە لایەکی دیکەوە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەردەوامە. ئەم هێرشانە کاریگەری لەسەر شەڕی ئێوە دژی داعش هەیە؟
هێرشەکانی دەوڵەتی تورک نەک هەر هۆکارێکە بۆ ئەوەی داعش ڕێکبخاتەوە، بەڵکو کاریگەری نەرێنی لەسەر تەواوی گەلانی سوریا دەبێت. سوریا پارچە بووە و لە ڕووی ئابوورییەوە شکستی هێناوە. بەڵام دەوڵەتی تورک ڕێگە نادات سوریا خۆی یەکبخاتەوە. ڕێگە نادات ئۆپۆزسیۆنی سوریا پێکەوە کۆببنەوە و لەگەڵ حکومەتی دیمەشق دابنیشن و کێشەکانی سوریا چارەسەر بکەن و حکومەتی دیمەشق ناچار بکەن دەستورێکی بنەڕەتی دیموکراتیک جێگیر بکات. دەوڵەتی تورک لە لایەک پاڵپشتی لە ئەلنوسرە دەکات لە ئیدلب، لە لایەکی تریشەوە هەوڵی پەرەدان بە داگیرکارییەکانی دەدات. لە لایەکی ترەوە بە کۆچبەرکردنی کورد کۆمەڵکوژی نەتەوەیی ئەنجام دەدات. پێشتر کاری وەهایان لەگەڵ ئەرمەنەکان کردووە، ئێستاش هەمان شت لەگەڵ کورد دەکەن. کوردان لە ماڵ و حاڵی خۆیان دەردەکەن و لە شوێنیان عەرەبی شوێنی جیاواز دەهێنن و نیشتەجێیان دەکەن. هەوڵ دەدات پەیوەندی کوردان لەگەڵ یەکتر لەناو ببات. مەبەستی لەناو بردنە. هێرشەکانی بۆ سەر باکوور، باشوور و ڕۆژئاوا لەسەر بنەمای لەناوبردنی کۆمەڵگای کوردە.
دەوڵەتی تورک لە هەموو ئەم هێرشانەدا پشت بە ناتۆ دەبەستێت. هەموو ئەو تەکنیکانەی کە بەکاردەهێنرێن لە ناتۆ وەریدەگرێ. بێگومان هێرشەکانی دەوڵەتی تورک کاریگەری نەرێنی لەسەر تەرکیزی هێزەکانی قەسەدە لە شەڕی داعش هەیە. لە لایەکی ترەوە هەوڵی لاواز کردنی خۆبەڕێوەبەری دەدات. بە ئامانجگرتنی ناوچە ژیانیەکانی گەل و ژێرخانی هەرێم، هەوڵ دەدات قەیرانەکان قووڵتر بکاتەوە و ورەی گەل دابەزێنێ و گەل متمانەی بە خۆبەڕێوەبەری نەمێنێ و لە کۆتاییدا ناچاری کۆچبەری بن."
چەتەکانی داعش لەو ناوچانەی کە دەوڵەتی تورک داگیری کردوون، بە ئازادی دەسووڕێنەوە و درێژە بە خۆڕێکستنەوەیان دەدەن. لەو ناوچانەوە دەچنە دێرەزۆر و عێراق. بەردەوام هەوڵدەدات مەیدانی زیاتر بۆ داعش بکاتەوە. بە ساڵانە هێزەکانی قەسەدە و خۆبەڕێوەبەری شەڕێکی گەورە دژی داعش ئەنجام دەدەن. بەڵام هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر هەرێمەکە بەردەوام کاریگەری نەرێنی لەسەر تێکۆشانمان دژی داعش دەکات. ڕێگر دەبێت لە قەسەدە و خۆبەڕێوەبەری تاکوو سەرنجیان لەسە داعش کەم بێتەوە.
قەسەدە چەند لێدوانێکی داوە و ڕایگەیاندووە، هێرشەکانی دەوڵەتی تورک ڕێگەی بۆ خۆڕێکخستنەوەی داعش کردووەتەوە، بەڵام لەلایەن گۆڕەپانی نێودەوڵەتیەوە هیچ کاردانەوەیەک ڕووی نەداوە بۆچی؟
هەموو دەوڵەتەکان باش ئاگاداری جێبەجێکردن و سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەم ئێران و هەم ڕووسیا و هەم هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەمە دەبینن. دەوڵەتی تورک ئەندامی ناتۆیە، ئەوان نایانەوێت دەست لە دەوڵەتی تورک بەردەن. ئەوان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستیان بە دەوڵەتی تورکە، دەیانەوێت دەوڵەتی تورک لەدژی ئێران بە تایبەت بۆ ئاسایشی ئیسرائیل کەڵک وەربگرن. دەوڵەتی تورک بۆ ئەوەی فڕۆکەی ئێف ١٦ لە ئەمریکا بکڕێت، لە دۆسیەی سوید و فینلانددا پەیەدە، قەسەدە و یەپەگە ی کردە بابەتی مامەڵە کردن.
دەوڵەتی تورک هەموو هەوڵێک دەدات پێگەی کورد لەناو ببات و بوونی خۆی بەسەر ناوچەکەدا فەرز بکات. بەڵام تا ئێستا لە جێبەجێ کردنی پلانەکانیدا سەرکەوتوو نەبووە. دەوڵەتی تورک بەردەوام بانگەشەی ئەوە دەکات کە خۆی کێشەی کورد لەناو دەبات. دەوڵەتی تورک متمانە و پشتگیری بە سوپاکەی، ئەمریکا و ناتۆ دەبەستێت. پێی وایە بەم شێوەیە دەتوانێت گەلی کورد کۆمەڵکوژ بکات. شەڕی فەلەستین و ئیسرائیل قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی قووڵتر کردەوە. پێویستە بەم شێوەیە لە بێدەنگی هاوپەیمانی تێبگەین. دەوڵەتی تورک بەبێ هاوپەیمانی ناتوانێت لە سوریا بمێنێتەوە، دەوڵەتی تورک لەوە دەترسێت حکومەتی دیمەشق و خۆبەڕێوەبەری ڕێکبکەون. لەبەر ئەم هۆکارەیە بە بەردەوامی پلانی هەیە لەگەڵ ئەسەد کۆببێتەوە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشق ئاسایی بکاتەوە. یەکەم هەنگاوی ئەوەیە ڕێکەوتنێک لە دژی کورد لە گەڵ سووریا ببەستێت. ئەمریکا و ڕوسیا لە بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بێدەنگ بوون. ئەمەش نیشاندەری ئەوەیە کە لە نێوانیاندا ڕێککەوتنێک هەیە. لە ڕاستیدا دەوڵەتی تورک بەبێ ئیزنی ئەوان ناتوانێت هیچ هێرشێک ئەنجام بدات. لێرەدا ڕاستیەک هەیە ئەویش هەر کەسێک بە پێی بەرژەوەندی خۆی مامەڵە دەکات. هەڵوێستی ئەمریکا هەمیشە ڕوونە. پەیوەندییەکانیان لەگەڵ قەسەدە کاتییە و لە چوارچێوەی شەڕی داعشدایە. ئەوان هیچ پەیوەندییەکیان بە خۆبەڕێوەبەرییەوە نییە.
دوای شکستی داعش لە باخۆز، چۆن خۆی لە ناوچەکەدا بەڕێکخستن دەکاتەوە؟ جموجۆڵیەکانی لە کام ناوچەدا زیادی کردووە؟
داعش دوای باخوز دەسەڵاتێکی زۆری لەدەستدا. ئەو هێزەی کە داعش لەسەر پێی دەهێشتەوە، شکاوە. بەڵام سوریا و عێراق زاڵ نین بەسەر جوگرافیای خۆیاندا. ئەوان نەیانتوانی کۆمەڵگاکەیان ڕێکبخەنەوە. وڵاتی سوریا ئێستا پارچە بووە. حکومەتی دیمەشق بە پشتیوانی ئێران و ڕووسیا لەسەر پێ ماوەتەوە. لە ڕووی ئابوورییەوە بە تەواوی لەناو چووە. حکومەتی دیمەشق لەبواری سوپاوە هەم زۆر لاوازە. لەبەر ئەم هۆکارە داعش لەسەر سنووری عێراق و سوریا خۆی ڕێکدەخاتەوە. هاوکات بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر هەرێمەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، جارێکی دیکە هەوڵ دەدات هەناسە بە داعش بداتەوە.
لە ڕاستیدا، ئەگەر دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، حکومەتی دیمەشق، ئێران، عێراق و هاوپەیمانان، وەکو هێزەکانی قەسەدە، بە جددی ڕووبەڕووی داعش ببوانەوە، داعش نەیدەتوانێ خۆی یەکبخاتەوە. دەوڵەتی تورک لە ئێستادا هاوبەشی داعشە. هەموو دەرگاکانی بەڕووی داعشدا کردەوە و لەسەر سنووری عێراق و سوریا و لە دەروازەی سنووری ئەبو کەماڵ خۆی سەرقاڵی خۆ بەڕێکخستنەوەیە. ناوبەناو چالاکیی بچووک ئەنجامدەدەن.
تا ئێستا زۆرترین ئۆپەراسیۆن لە دێرازۆر ئەنجام دراوە. ماوەیەک لەمەوبەر زۆرێک لە چەتەکانی داعش لەوێ گیراون. بۆچی داعش ناوچەی دێرازۆر هەڵدەبژێرێت؟
دێرەزۆر ناوچەیەکی زۆر فراوانە چ لە ڕووی جوگرافی و چ لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە. زۆربەی بیابانە. گوند و شارۆچکەی زۆری هەیە. ناوەند و لادێی شاری دێرەزۆر لە هەردوو دیوی ڕووباری فورات هەڵکەوتووە. داعش بە ئاسانی دەستی پێدەگات چونکە لەسەر سنووری عێراقە. بەشێک لە هەرێمی دێرەزۆر لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی قەسەدە دایە و وەک شارێک لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی دیمەشقدایە. لەو بەری ئاوەکەوە هیچ کۆنتڕۆڵێک نییە، ئەم ناوچەیە جوڵە و هاتوچوون بۆ داعش زۆر ئاسانتر دەکات. ساڵانێکە داعش لەم ناوچەیەدایە. بۆیە هەرێمەکە باش دەناسێت.
لە زیندانەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا زۆر دیلەکانی داعش هەن. زۆرجار لە لایەن قەسەدە و خۆبەڕێوەبەرییەوە داوا لە وڵاتانی پەیوەندیدار کراوە ئەو زیندانیانە دادگایی بکەن، بەڵام تا ئێستا هیچ وڵامێکیان نەدراوەتەوە. ئایا هیچ پێشهاتێکی نوێ هەیە سەبارەت بە دادگاییکردنی ئەندامانی داعش؟
زۆربەی ئەندامانی زیندانیکراوی داعش تاوانی زۆر قورسیان ئەنجام داوە؛ تاوانی دژی مرۆڤایەتی و کۆمەڵکوژییان ئەنجامداوە و مەترسییەکی گەورەیان لەسەر کۆمەڵگا دروستکردووە. زۆربەیان لە وڵاتانی دەرەوە هاتوون و دەوڵەتانیش نایانەوێت هاووڵاتیەکانیان وەربگرنەوە و نایانەوێت دادگاییان بکەن. ئەمە دۆخێکی ئاسایی نییە لەگەڵ هەزاران کەس کە تاوانی ئاوا گەورەیان ئەنجامداوە و مەترسییەکی گەورەیان لەسەر مرۆڤایەتی دروستکردووە. لە جەنگی جیهانی دووەمدا هیتلەر جولەکەکانی کۆمەڵکوژ کرد و نزیکەی پێنج ملیۆن کەسی کوشت. دوای شەڕ دادگایەکی تایبەت بۆ ئەو کەسانە دەستی پێکرد و هەموویان دادگایی کران. دادگایەکی لەو شێوەیە بۆ ئەم دەوڵەتانە لە ڕووی داراییەوە قورسە. لە لایەکی ترەوە زۆرێک لە دەوڵەتەکان لەبواری هەواڵگرییەوە لەم بابەتەدا تێوەگلاون لەبەر ئەم هۆکارە بەڕاستی نایانەوێت زۆر شت ڕوون و ئاشکرا بکرێن. بەڕاستی دەیانەوێت هەموو شتێ بەشاراوەیی بمێنێتەوە. هەروەها لەبەر ئەوەی هێشتا خۆبەڕێوەبەری بە فەرمی نەناسراوە. بەڕێوەبەری خۆسەر ویستی ئەندامانی داعش دادگایی بکات، بەڵام هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی ئەمە وەستایەوە. دەوڵەتان بە هیچ شێوەیەک نایانەوێت خۆیان بخەنە ژێر ئەم بارگرانییەوە. لە ڕووی سیاسییەوە کەس نایەوێت خۆی بخاتە ژێر ئەو بارگرانییەوە. بۆیەش هاوپەیمانی لەگەڵ ئەوەدایە هەموویان لە زیندان بمێننەوە.
ئەم دۆخە بۆتە کێشەیەکی نێودەوڵەتی و چارەسەری ئەستەمە. لەو چوارچێوەیەشدا باس لە کەمپی ڕۆژ و هۆڵیش دەکرێت. ئەم کەمپانە زۆر مەترسیدارن. چونکە داعش لەو کەمپانەدا عەقڵیەتی خۆی ڕێکدەخاتەوە، بە هەزاران منداڵ بە عەقڵییەتی داعش پەروەردە دەکرێن. چەند وڵاتێکی ئەوروپی هاتن و بەشێک لە هاوڵاتیانی خۆیان بردەوە. زۆربەیان منداڵ بوون و بەشێک لەو ژنانە مەترسیدار نەبوون. دەوڵەتی تورک بەردەوام هەوڵی بەهێزکردنی داعش دەدات. بۆیە پێویستە کۆمەڵگا لە بەرامبەر هێرشی چەتەکانی داعش دا خۆیان ئامادە بکەن. لەبەر ئەوەی کەس هەست بە بەرپرسیارێتی تەواو ناکات. ئەمەش نیشاندەری ئەوەیە ئەم کێشەیە بەردەوام دەبێت.
هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ساڵانێکە وەک هاوبەشی هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شەڕی داعشدا خۆی نیشان دەدات. سەرەڕای ئەمەش بۆچی لە بابەتی دادگاییکردنی ئەندامانی داعش بێدەنگە؟
چونکە ئەگەر هاوپەیمانی بڕیاری دادگایی بدات، ئەوە وڵاتانی دیکەش دەگرێتەوە. بەڵام هاوپەیمانی نایەوێت خۆی بخاتە ژێر بارێکی وەها. هاوکات لە ڕووی ئابوورییەوە تێچووی زۆرە. دەیانەوێت دیلەکان لە دەستی هێزەکانی قەسەدە دا بمێننەوە.
وتت داعش زیاتر لە ناوچە حکومییەکانی دیمەشق چالاکە. بەڵام ئەم دۆخە هەم لە لایەن حکومەتی دیمەشق و هەم لەلایەن ڕووسیا وەک کێشەیەکی جددی سەیر ناکرێت. چۆن هەڵسەنگاندن بۆ ئەو نزیکبوونەوانە دەکەن؟
هۆکاری چالاکی زیاتری داعش لەو ناوچانەی کە حکوومەتی دیمەشق زاڵن بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە شەڕی حکوومەتی دیمەشق دژ بە داعش لاوازە. ڕووسیا هەندێک جار هێرشی ئاسمانی ئەنجامدەدات، بەڵام ئەگەر لەسەر زەوی زاڵ نەبێت، هێرشە ئاسمانییەکان کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نابێت. پێویستە هەواڵگری و ئاسایشی ناوخۆ و ڕێکخستنی گشتی بەهێز بکرێت. داعش مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر حکومەتی دیمەشق. ئەگەر قەسەدە شەڕی داعشی نەکردبا و داعش لە باخۆز شکستی نەهێنابا، ئێستا زۆربەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی دیمەشق بە تەواوی لە دەستی داعشدا دەبوون. واتا تێکشکاندنی داعش لە باخۆز حکومەتی دیمەشقی ڕزگار کرد.
هەرێمەکانی بەڕێوەبەری خۆسەر لە هەرێمەکانی حکومەتی دیمەشق سەلامەتترن. چونکە داعش ناتوانێت بە ئازادی لە ناوچە سەربەخۆکاندا کار بکات. پێویستە ڕووسیا و ئێران و سوریا زیاتر سەرنجیان لەسەر شەڕی داعش بێت. ئەگەر داعش لە ناوچەکەدا بەهێز بێتەوە، دۆخێکی زۆر مەترسیدار سەر هەڵدەدات. لەبەر ئەم هۆکارە هەموو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستە لەم بارەوە هەستیار و جددی بن. لەم ڕوانگەیەوە پێویستە لە جیاتی ڕێگرییەکان، پشتگیری لە شەڕی هێزەکانی قەسەدە بکەن دژ بە داعش.