پەیەدە: بەئیسلامکردنی زۆرەملێی ئێزیدییەکان سەرکۆنەدەکەین

لە بەیاننامەیەکدا، پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە)، ناچارکردنی ئێزیدییەکانی عەفرین بۆ قبووڵکردنی ئیسلام سەرکۆنەدەکات و جەخت لە کۆتایی پێهێنانی داگیرکاری دەکاتەوە.

ئەنجوومەنی گشتیی پارتی یەکێتیی دیموکراتی بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە سەبارەت بە هەوڵی بەکرێگیراوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لە ناچارکردنی ئێزیدییەکانی عەفرین بۆ قبووڵکردنی ئیسلام.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: «ئەمە هەوڵێکی نامرۆیی و نائەخلاقییە و ناکۆکە لەگەڵ ڕاستی ئایینەکاندا و لەنێویشیاندا ئایینی ئیسلام، هەروەها ناکۆکە بە ڕۆحی ئەم ئایینە. بە بۆچوونی ئێمە، ئەم هەوڵە پێچەوانەی پەیماننامە و یاسا نێودەوڵەتییەکان و مافەکانی مرۆڤە پەیوەست بە ئازادیی باوەڕ و ویژدان. ئەم هەوڵە تاوانکارییانە لە چوارچێوە و ژینگەیەکدا سەرهەڵدەدەن کە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا خوڵقاندووییەتی و بەرئەنجامی کەلتووری بەکرێگیراویی و تاڵانییە دژ بە کوڕ و کچانی گەلی کوردی ئێزیدی. ئەم هەوڵە بە سیاسەتێکی پلان بۆ داڕێژراو دەزانین بە ئامانجی لەناوبردنی تەواوەتی ئێزیدییەکان کە لە سەرەتای هێرشی داعشەوە بۆ سەر شەنگال لە حوزەیرانی      ٢٠١٤ ـەوە دەستیپێکردووە و تا هەنوکە بەردەوامە».

هەروەها دەڵێت: «ڕوودەکەینە گەلی سوریا و هێزە نیشتیمانی و دیموکراتەکان و دەخوازین هەڵوێستی بەرپرسیارانە بگرنەبەر لەمەڕ ئەو تاوانانەی لە ناوچە داگیرکراوەکاندا ڕوودەدەن، بەتایبەت لە عەفرین و گرێ‌سپی، هەروەک داوا لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و لێبووردنی نێودەوڵەتی و ئازادیی ئایینی دەکەین ئەم کردەوە ترسناکانەی دەوڵەتی شەڕەنگێزی تورکیا و بەکرێگیراوەکانی دەربخەن، بەتایبەت ئەو تاوان و ستەمکاریی و تاڵانکارییەی ڕووبەڕووی ئێزیدییەکان دەبێتەوە».

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا ئەنجوومەنی پارتی دیموکراتی دەڵێت: «لە گۆشەنیگای نیشتیمانپەروەریی سورییەوە دووپاتی دەکەینەوە، پێویستە کۆتایی هێنان بە داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیا بکرێتە پێشینەی هەوڵە مرۆیی و ئەخلاقی و نیشتیمانییەکان، هەموو هەوڵێک پەکبخرێت بۆ ڕەوایەتیدان بە داگیرکاریی تورکیا و ڕەوایەتیدان بە ڕێکخراوە تاریکپەرست و بەکرێگیراوەکان، یاخود چاوپۆشیکردن لە هەوڵە تاوانکارییەکانیان».