پەیەدە: جینۆساید بەشێکە لە سیاسەتی ڕژێمە فاشیستەکانی تورکیا

پەیەدە، بەبۆنەی ١٠٨ ساڵیادی جینۆسایدی گەلی ئەرمەن لەلایەن دەوڵەتی عوسمانییەوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە، وەک یەکێک لەو تاوانی جینۆسایدە گەورانە دەیبینێت لە بەرامبەر گەلی کورد و ئەرمەن و سریانی و ئاشووری و عەرەبی ناوچەکە بەرپاکراوە.

لە ڕاگەیاندراوی پەیەدە هاتووە:

«ڕۆژی بیست و چواری نیسان هاوکاتە لەگەڵ یادی ١٠٨ ساڵەی ئەو جینۆسایدەیە کە دەوڵەتی عوسمانی بەرامبەر گەلی ئەرمەن ئەنجامیدا و بووە هۆی کوژرانی ملیۆن و نیوێک و ئاوارەبوونی سەدان هەزار لە گەلی ئەرمەنی، ئەمەش یەکێک لەو تاوانە گەورانەی دەچنە خانەی جینۆسایدی زیهنیەتی تۆرانی بەرامبەر گەلی کورد و ئەرمەن و سریان و ئاشوور و عەرەبی ناوچەکە.

تا ئەمڕۆش ئەم قڕکردنە بەردەوامە وەک بەشێکی دانەبڕاو لە سیاسەتی ڕژێمە فاشیستە یەک لەدوای یەکەکانی تورکیا، ئەو تاوان و کوشتارەی ڕژێمی فاشیستی ئەردۆگانی بەرامبەر گەلی کورد لە باکوری سوریا لە عەفرین و سەرێکانی، هەروەها لە باکور و باشوری کوردستان ئەنجامی دەدات، هەمان ئەو تاوانانەن باوانە فاشیستەکەی بەرامبەر گەلی کوردستان و ناوچەکە بەگشتی ئەنجامیداوە، ئەمەش میراتێکی خوێناوییە لای ڕژێمە قڕکرەکانی تورکیا.

لە ساڵیادی جینۆسایدی گەلی ئەرمەن و سریان_ئاشووری، ئیدانە و سەرکۆنەی خۆمان بەرامبەر تاوانەکە دووپات دەکەینەوە، دڵنیایی دەدەین چارەنووسی گەلانی ناوچەکە بەندە بە یەکێتی و هاوپشتی نێوانیان بەرامبەر ڕژێمە دیکتاتۆرییەکان و لەسەرووی هەموویانەوە ڕژێمی فاشیستی تورکیا.

لەم یادە کارەساتبارەدا، داوا نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین بە ئەرکی خۆیان هەستن بەرامبەر پێشێلکاری و تاوانە نامرۆڤایەتییەکانی ڕژێمی فاشیستی تورکیا و چەتە تیرۆریستەکانی بەرامبەر ڕۆڵەکانی گەلەکەمان لە سوریا، لەگەڵ ڕێگرتن لە ڕژێمی تورکیای ئەردۆگانی کە هێشتا ئەم ڕەفتارە وێرانکەرانە پیادە دەکات.

بڕوامان وایە، پرۆژەکەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بۆ چارەسەری قەیرانی سوریا، لە جەوهەردا بەندە بە ژیانی هاوبەش و بەسە بۆ بەدیهاتنی ئامانجەکان، هاریکارە بۆ تێکۆشانی هاوبەشی گەلان دژ بە سیاسەتی جینۆساید و بەدیهاتنی ئازادی و دیموکراسی».

ف.ق