"پەیماننامەی لۆزان گورزێکی کوشندەیە لە مافی چارەی خۆنووسین و خواستی ئازادی گەلان"

ئەمڕۆ کۆنفرانسی نێونەتەوەیی پەیماننامەی لۆزان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەستیپێکرد، بڕیارە دوو ڕۆژ بخایەنێت، تێیدا ١٥٠ کەسایەتی و سیاسەتمەدار و مافناس و لێکۆڵەری ڕۆژهەڵاتی ناوین بەشداربوون.

بەناونیشانی "لۆزان: ڕاستکردنەوە و پرسەکانی ئارامی و ئاسایشی هەرێمی"، بە سەرپەرشتی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژی ڕۆژئاوا (NRLS)، ئەمڕۆ، کارەکانی کۆنفرانسی نێونەتەوەیی پەیماننامەی لۆزان لە شاری حەسەکە دەستیپێکرد.

پاش خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدان، ئەندامی بەڕێوەبەری (NRLS)، ڕاکان شێخی بەخێرهاتنی میوانەکانی کرد و باسی لە ئامانجەکانی کۆنفرانسەکە کرد. دواتر هاوسەرۆکی مەجلیسی جێبەجێکردنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بێریڤان خالد وتەیەکی پێشکەشکرد.

بێریڤان گوتی: "پاش چەند ڕۆژێک، سەد ساڵ بەسەر پەیماننامەی شوومی لۆزان تێدەپەڕێت، کە ٢٤ ی تەمموزی ١٩٢٣ لە شاری لۆزان واژۆکرا، لەنێوان لایەنە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان، بەهۆیەوە کوردستان دابەشکرا بۆ چوار پارچە و لکێنرا بە تورکیا و عێراق و سوریا و ئێرانەوە، بەمەش بووە یەکێک لە مەترسیدارترین پەیماننامەکان لەسەر حسابی گەلانی هەرێمەکە لە کورد و عەرەب و سریان، نیشتیمانەکەیان کە هەزاران ساڵە لەسەری ژیاون".

هەروەها گوتی: "ئەم پەیماننامە و ڕێککەوتنە قۆناغێکی تاریکە لە مێژووی گەلی کورد، گوزارشتە لە پیلانگێڕییەکی قێزەون لەسەر دەستی دەوڵەتە بەهێز و هەژمووندارەکانی سەدەی ڕابردوو، پەیماننامەکە بە پێوەری ئەم دەوڵەتانە داڕێژرا، بەمەش گەلی کورد بووە گەورەترین قوربانی، هەرچەن ئەوکات چاوەڕێی شتێکی باشتری دەکرد لەو دۆستانەی بەڵێنی هاوکاری و پشتیوانیان دابوو بۆ ئازادی و ڕزگاربوون لە ستەم  و زۆرداری".

لەدرێژەی قسەکانیدا بێریڤان خالد ئاماژەی بەوە کرد، پەیماننامەی لۆزان ئەوکات و ئێستاش گورزێکی کوشندەیە لە مافی چارەی خۆنووسینی گەلان و خواستی ئازادی و ژیانی ئاشتییانەی ئەم گەلانە؛ گوتی: "بەمەش ماشێنی کوشتن و سەرکوت لە وڵاتانە کەوتەکار کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکرا، شوێنەوارەکەشی لەسەر هەموو گەلانی هەرێمەکە دەرکەوت، وەک: ستەم، بەکۆیلەکردن، کوشتن، دەستگیرکردن، ئاوارەکردن، وێرانکردنی گوند و شارەکان، سڕینەوەی ناسنامە و زمان و هەبوونی نەتەوەیی، لاوازکردنی ئینتیمایی نەتەوەیی، لێدان لە ئیرادە و میراتی کەلتووری، شەڕی کۆمەڵکوژی وەک پشتێنەی عەرەبی و ئامار لە سوریا، ئەنفال و کیمیاباران لە عێراق".

هەروەها ڕوونی کردەوە، پرۆژەی "چاکسازی ئەنادۆڵ" لە ڕاستییدا، پرۆژەی ئەسیمیلاسیۆنی گەلانی غەیرە تورکە لەنێو چوارچێوەی تۆرانیزمدا، ئەو تاوان و پێشێلکاریانەی لە هەرێمەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕوودەدەن، لە بەئامانجگرتنی خەڵکی سڤیل و فەرماندەکان و بەتایبەت ژنانی پێشەنگ، گۆڕینی دیمۆگرافی و ئاوارەکردنی خەڵکی ڕەسەن و بنیاتنانی کۆڵۆنییەکان، هیچ نییە جگە لە "پرۆژەیەکی تورکی درێژکراوەی پرۆژەی چاکسازی ئەنادۆڵ".

هەروەها بێریڤان جەختی کردەوە، سەرەڕای ئەم پیلانگێڕییانە دژی گەلی کورد، سەرەڕای ستەمکارییەکانی داگیرکەرانی کوردستان، گەلی کورد نائومێد نەبووە، دەستبەرداری خواستی پیرۆزی ئازادی نەبووە، بەردەوام بووە، لە تێکۆشان و خەبات، گوتی: "دەسکەوت و بەرهەمەکانی ئەمڕۆ لە ڕۆژئاوا و باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بەڵگەی ئەم خەبات و تێکۆشانەیە".

هاوسەرۆکی مەجلیسی جێبەجێکردنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئاشکرای کرد، بەرپرسیاری مێژوویی و ئەخلاقی دەکەوێتە سەر شانی دەوڵەتانی بەشداری ئەم هاوپەیمانییە بۆ ڕێگری لە دووبارەنەبوونەوەی کارەساتەکان لەسەر گەلی کورد، هاوکاریکردنی بۆ گەیشتن بە مافە ڕەواکانی. ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری پارادایمێکە بۆ ئیرادەی گەلان لەپێناو ژیانی دیموکراتیک بەگوێرەی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و برایەتی گەلان، "وەڵامێکە بۆ پرۆژەی قڕکردنی ئیتنیکی و کەلتووری و نەتەوەیی لە پەیماننامەی لۆزانەوە، باشترین بەڵگەش بەرخۆدانی قارەمانانەیە دژی تاریکترین ڕێکخراوی تیرۆریستی لە جیهاندا، کە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشە".

هەروەها دووپاتی کردەوە، هێرشەکان بۆ سەر ئەم ئەزموونە دیموکراتیکە کە بەرهەمی قوربانیدانی گەلان و پێکهاتەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریایە، سەرچاوەکەی بۆ لایەنە بەشدارەکانی پەیماننامەی لۆزان دەگەڕێتەوە، بەتایبەت تورکیا کە مێژووەکەی پڕە لە تاوان و پێشێلکاری دژی گەلان، دەیەوێت بە هەر ڕێگەیەک بێت ئەزموون و پرۆژە دیموکراتیکەکانی گەلی کورد و پێکهاتەکانی هەرێمەکە لەبارببات.

هەروەها گوتی: "ئەم هێرشانە گوزراشتن لە پێداگری تورکیا بۆ درێژەدان بە زیهنیەتی "لۆزان"، لە مامەڵەکردن لەگەڵ گەلان و دۆزە ڕەواکان، بەڵکو کاردەکات بۆ بەدیهێنانی شتگەلێکی فراوانتر لە سنوورەکانی "لۆزان"، هەوڵدەدات بۆ گەڕاندنەوەی سەروەرییە لەدەسچووەکانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی، داگیرکردنی بەشێک لە هەرێمەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، دەستوەردانی سەربازی لە هەندێک دەوڵەت وەک عێراق و لیبیا، بەکارهێناهی چەتەکان و پشتیوانی تیرۆریستان، هەر دووپاتکردنەوەی ئەم ئارەزووی پاوانخوازیەی دەوڵەتی تورکە".

لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتایی سەدەی "پەیماننامەی لۆزان"، بێریڤان گوتی: "ئێمە هەموو پەیماننامە و ڕێککەوتنێک لەسەر حسابی گەلان و داوا ڕەواکانیان بۆ ئازادی و دیموکراسی شەرمەزار دەکەین، بانگەواز لە هێزە نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ئازادیخوازان دەکەین، پشتیوانی مافی ڕەوای گەلی کورد و ئارەزووی ئاشتی دادپەروەرانە و پێکەوەژیانی ئاشتییانە بکەن".

لەکۆتایی قسەکانیدا، هاوسەرۆکی مەجلیسی جێبەجێکردنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بێریڤان خالد، بانگەوازی لە گەلی کورد هەر چوارپارچەی کوردستان و هەموو جیهان کرد، بە هەموو ڕێکخراو و دامەزراوە و سەرکردەکانەوە، بە یەکڕیزی کاربکەن و هەموو ناکۆکییەکان تێپەڕێنن، بۆ شکستهێنان بە پیلانگێڕییەکان دژی ئەم گەلە، گوتی: "تێکۆشانی ئازادی، خواست و ڕێگەیەکە پاشەکشەی لێ ناکرێت، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، بە هەموو پێکهاتەکانەوە ڕێگەنادات بە دووبارەبوونەوەی "لۆزان"ی نوێ و هەر پەیماننامە و ڕێککەوتنێکی هاوشێوە".

کۆنفرانسەکە بەردەوامی دەبێت..