قەسەدە: چوار شەڕڤانمان شەهید بوون، پێنج کرێکاریش برینداربوون

قەسەدە رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر دێرک چوار شەڕڤانیان شەهیدبوون و پێنج کرێکاریش برینداربوون و جەختی کردەوە، کە لێپرسینەوە لە هێرشەکان و بێ سەروبەری بەرامبەر بەو هێرشانە دەکەن.

ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکراتی (قەسەدە) پەیوەست بە هێرشی ئاسمانی شەوی رابردووی دەوڵەتی تورک بۆ سەر دێرک راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.

راگەیەنراوەکەی قەسەدە بەم جۆرەیە:

"هێرشی بەربڵاوی چەتەکانی داعش ی تیرۆریست بۆ سەر گرتووخانەی حەسەکە بە پلان و یارمەتی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر ئەنجامدرا. بەڵام ئەو هێرشە لەلایەن هێزەکانمان و لە سایەی وشیاری گەلی هەرێمەکەوە تێکشکێنرا. هێز و گەلەکەمان لە ساڵیادی رزگارکردنی کۆبانێدا ئەو پەلامارەیان لەناوبرد و گورزێکی دووەمیان لە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی وەشاند.

بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوت لەو هێرشانە و بۆ ئەوەی ئاڵۆزی لە هەرێمەکان بنێنەوە، دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی هاوکات لەگەڵ هێرشەکانی سەر گرتووخانەی حەسەکە، پەلاماری تل تەمر، عەین عیسا و هەرێمەکانی دیکەیاندا. بەڵام هێزەکانمان ئەو هێرشە داگیرکاریانەشیان شکستپێهێنا.

دەوڵەتی تورکی داگیرکەر هیچ ئەنجامێکی لە هێرشەکانی سەر حەسەکە، تل تەمر و عەین عیسا بەدەستنەهێنا، بەڵام دواتر هاوپەیمانی نێودەوڵەتی رێگەی بۆ کردەوە. لە یەکی شوباتدا، کاتژمێر 10:00ی ئێوارە فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر وێستگەی کارەبا لە گر کەنداڵی نزیک گوندی تەقیل بەقیلی دێرکی حەمکۆی بۆردومان کرد. لەئەنجامدا وێستگەکە خاپورکرا و چوار شەڕڤانمان کە ئەرکی پاراستنی وێستگەکەیان لە ئەستۆ بوو شەهیدبوون و پێنج کرێکاری مەدەنیش برینداربوون.

لەو هێرشە ئاسمانییە داگیرکارییەدا هەڤاڵان سیامەند عەفرین، خەمگین عەفرین، شیار کۆبانێ و محیەدین دێرک شەهید بوون.

دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بەرگەی دیمەنەکانی ماڵئاوایی لە تەرمی شەهیدانمانی نەگرت کە بە قارەمانی لە دژی چەتەکانی رێکخراوی داعشی تیرۆریست لە حەسەکە شەهیدبوون، هەروەها بەرگەی یەکگرتن و کۆبوونەوەی جەماوەری بە دەوری شەهیدان و دۆزەکەیانی نەگرت.

ئاشکرایە کە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بە بێ ئاگاداری هێزەکانی هاوپەیمانی نێونەتەوەیی ئەنجامنەدراون. لە ئەنجامدا هاووڵاتیان، گوند، بینا و کرێکاران دەکرێنە ئامانج. بەوەش دەوڵەتی تورکی داگیرکەر هەوڵ دەدات بە بێدەنگی هێزەکانی هاوپەیمانی نێونەتەوەیی رەوایەتی بداتە هێرشەکانی.

ئێمە وەک قەسەدە لەبەرامبەر ئەو هێرشانەدا بێدەنگ نابین و لەسەر ئەو هێرش و بێسەروبەرەییانە لێپرسینەوە لە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دەکەین".

هـ . ب