قەسەدە دەوڵەتی تورک بەدرۆ دەخاتەوە

ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی قەسەدە، ڕایگەیاند، بانگەشەکانی دەوڵەتی تورک سەبارەت بەوەی لە ٢٥ و ٢٩ ی ئاب و ٤ ی ئەیلول لە عەفرین و دەوروبەری ١٣ شەڕڤانی قەسەدە شەهیدبوون، درۆیە.

ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی قەسەدە، بە ڕاگەیاندراوێک دووپاتی کردەوە، دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی درۆ، زەمینەسازی دەکات بۆ هێرش و جێبەجێکردنی پیلانی داگیرکاری.

قەسەدە دەڵێت: "داوا لە ڕای گشتی دەکەین، باوەڕ بەم درۆیانەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک نەکەن، لەپێناو تەندروستی شەخسی و جڤاکی گوێ نەدەن بەم هەواڵانە".

ڕاگەیاندراوەکە بەم جۆرەیە:

"لەم ڕۆژانەدا، پلانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ داگیرکردنی هەرێمەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ڕوونتر بوونەوە. پەنای بردە بەر هەموو شێوازە قێزەونەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەم پیلانە. لەڕێگەی زانیاری درۆینە و چەواشەکارەوە، ویستی کاریگەری بکاتە سەر ڕای گشتی و ئۆپەراسیۆنی "پتەوکردنی ئاسایش" لە دەیرەزۆر دژی چەتەکانی داعش و بازرگانانی مادەی هۆشبەر ئاستەنگ بکات. بەڵام هەوڵەکانی دەوڵەتی تورک شکستی هێنا.

لەم ئۆپەراسیۆنەدا دەرکەوت، دەوڵەتی داگیرکەری تورک و هێزەکانی تر، پشتیوانیان لە چەتەکان و بازرگانانی مادەی هۆشبەر کردووە.

ئۆپەراسیۆنی هێزەکانمان سەرکەوتووانە بەردەوام بوو، کاتێک دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە مەنبەج و هەرێمەکانی تر ئامانجەکانی نەهاتەدی، ڕوویکردە بەئامانجگرتنی خەڵکی سڤیل، ڕۆژانە بە چەکی قورس هێرش دەکات، تاوەکو خەڵکی هەرێمەکە کۆچبەر بکات. دەوڵەتی تورک دەیویست ئەنجامێک لەم هێرشانەوە بەدەست بهێنێت، بەڵام شکستی هێنا، ئەمجارەش پەنای بردە بەر شێوازی بڵاوکردنەوەی هەواڵی درۆینە لەڕێگەی وەزارەتی بەرگرییەوە.

ئامانجی بڵاوکردنەوەی هەواڵی درۆینە زەمینەسازیی و ئامادەکارییە بۆ هێرشکردنە سەر هەرێمەکە و جێبەجێکردنی پیلانەکانی.

بەم دواییانە، وەزارەتی بەرگری دەوڵەتی داگیرکەری تورک چەند زانیارییەکی بڵاوکردەوە، ئەوەش لە چوارچێوەی شەڕی تایبەتە دژی گەلەکەمان، هیچ پەیوەندییەکی بە ڕاستییەوە نییە.

ئەو بانگەشانەی گوایە لە ٢٥ و ٢٩ی ئاب و ٤ی ئەیلولدا ١٣ شەڕڤانمان لە عەفرین و دەوروبەری شەهید بوون کاتێک هەوڵیان داوە هێرش بکەنە سەر سەنگەرەکانی سوپای داگیرکەری تورک و چەتەکانی. هیچ بنەمایەکی نییە و دوورە لە ڕاستییەوە. وەک لە ڕاگەیاندراوی پێشووماندا هاتووە، تا ئێستا هێزەکانمان لە عەفرین و دەوروبەری جێگیر نەکراون، هەروەها هیچ چالاکیەکیان لەدژی سوپای داگیرکەری تورک و گروپەکانی سەر بە سوپای تورک لەم هەرێمەدا ئەنجام نەداوە.

هیوای ئێمە ئەوەیە، ڕای گشتی باوەڕ بە درۆکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک نەکات و لە پێناو تەندروستی شەخسی و جڤاکدا ئەو قسانە پشتگوێ بخات".