قەسەدە: لە ماوەی ٢ مانگدا ٤ چەتە کوژراون و ١٢ چەتەش دەستگیرکراون

لە ئۆپەراسیۆنەکانی ماوەی ٢ مانگی ڕابردووی هێزەکانی سوریای دیموکرات (قەسەدە) ، لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ٤ چەتە کوژراون و ١٢ چەتەی تر دەستگیرکراون.

هێزەکانی سوریای دیموکرات (قەسەدە) لە گوندەکانی دێرەزۆر و ڕۆژهەڵاتی فورات لەژێر ناوی 'بەهێزکردنی ئاسایش' ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانیان دەستپێکردووە، لەسەر ئۆپەراسیۆنەکانی ٢ مانگی ڕابردوو زانیاری خستووەتەڕوو.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی هاوار (ANHA) لە ماوەی ٢ مانگدا ٨ ئۆپەراسیۆن دژی داعش ئەنجامدراون و لە ئەنجامدا ٤ ئەندامی چەتەکان  کوژراون، کە یەکێکیان سەرچەتە بووە و ١٢ کەسیشیان دەستگیرکراون.

هەندێک لەو ئۆپەراسیۆنانەی کە لەلایەن (قەسەدە)وە ئەنجام دراون بەم شێوەیە:

* یەکینەکانی دژە تیرۆر(YAT) سەر بە هێزەکانی (قەسەدە) لە ١٩ی تەمموزی ٢٠٢٣، بە پاڵپشتی هێزەکانی دژەتیرۆری باشووری کوردستان (CTG)و هاوپەیمانی نێونەتەوەیی، لە شارۆچکەی دەشیشەی سەر بە شەداد، دژی شانە نهێنییەکانی داعش ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتیان ئەنجام دا. لە ئەنجامدا شانەیەکی داعش بێکاریگەرکرا و ٢ ئەندامی چەتەکان کوژران و ئەندامێکی چەتەکانیش دەستگیرکرا. هەروەها ٢ چەکی ئەی کەی- ٤٧ ، ٢ مۆبایل ، دەمانچەیەک، بۆمبێک ،٣ مەخزەنی گولـلەی دەمانچە، رەختێک و چەکێکی ڕاوکردن دەستیان بەسەردا گیرا.

* ٢٠ی تەمموزی ٢٠٢٣ هێزه کانی (قەسەدە) به پاڵپشتی هێزەکانی کۆماندۆ و تیمی رێکخستن ئۆپەڕاسیۆنێکی هاوبەشیان له گوندی

 ئەلمەنسورەی سەڕ بە شاری ڕەقه له دژی شانه شاراوەکانی داعش

ئەنجامدا. لە ئاکامدا ٣ چەتە دەستگیرکران و دەست بەسەر مۆبایلەکانیاندا گیرا.

*ڕۆژی ٤ی ئابی ٢٠٢٣ هێزەکانی کۆماندۆ بە پاڵپشتی هێزەکانی (قەسەدە) ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ سەر شانەیەکی نهێنی لە دێرەزۆر ئەنجامدا. لەئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکەدا چەتەیەک دەستگیرکرا و دەست بەسەر چەندین بەڵگەنامەدا گیرا.

*ڕۆژی ١٦ی ئابی ٢٠٢٣، هێزەکانی (YAT) بە بەشداریی هێزەکانی هاوپەیمانی نێونەتەوەیی و هێزەکانی دژەتیرۆری باشووری کوردستان(CTG) لە ناوەندی شاری ڕەقە دژی سەرچەتەیەکی گشتیی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی داعش بە ناوی ئیبراهیم ئەلعەلی (ئەبو موجاهید) ئۆپەراسیۆنێکییان ئەنجامدا. لە ئۆپەراسیۆنەکەدا سەرچەتەکە کوژرا، چەکێکی جۆری ئەی کەی-٤٧ و ٧ مەغزەن و فیشەکەکانی، ٤ مۆبایل، کۆمپیوتەرێک، ئامێرێکی وای فای و بەڵگەنامەی کەسی دەستی بەسەردا گیراوە.

*ڕۆژی ١٦ی ئابی ٢٠٢٣، هێزەکانی کۆماندۆی (قەسەدە) ئۆپەراسیۆنێکیان لەدژی چەتەیەکی شانەی نهێنی داعش ئەنجامدا. لە ئۆپراسیۆنەکەدا، چەتەکە دەستگیرکرا و دەست بەسەر چەکێکی کڵاشینکۆف و ٥  مەخزەن، رەختێک، رەختێکی دەمانچە، ٣ مۆبایل و بەڵگەنامەی کەسی دەستی بەسەردا گیراوە.

*ڕۆژی ١٨ی ئابی ٢٠٢٣، هێزەکانی (قەسەدە) لە گوندی ئەزبێ، کە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی دێرەزۆر ئۆپەراسیۆنێکیان لە دژی چەتەیک ئەنجامدا. ئەم سەرچەتەیە ڕۆڵێکی گەورەی هەبوو لە گواستنەوەی تەقەمەنی، دابینکردنی بەڵگەنامە و دەرکردنی خێزانەکانی داعش لە کەمپی هۆڵ. چەندین بەڵگەنامە و تۆماری دەنگی دەست بەسەرکراوە کە پەیوەندییەکەی لەگەڵ چەتەکانی داعش لە ناوچە داگیرکراوەکانی سەرێکانی دەسەلمێنن. لە میانی ئۆپەراسیۆنەکەدا چەتەکە  دەستگیرکرا و دەست بەسەر چەندین بەڵگەنامەدا گیرا.

* ڕۆژی ٢٤ی ئابی ٢٠٢٣، ئەندامانی شانەیەکی داعش کە خەریکی کۆکردنەوەی پارە بوون بۆ چەتەکانی داعش، لەلایەن هێزەکانی (قەسەدە)لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا دەستگیرکران.

هـ . ب