قەسەدە: ناوچەیەکی بەرفراوان لە چەتەکان پاککرایەوە.. ١٨ چەتە کوژران

ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی قەسەدە ڕایگەیاند، "بەشێکی زۆری شارۆچکەی زیبان لە دێرەزۆر لە چەتەکان پاککراوەتەوە و لانیکەم ١٨ چەتەش کوژراون.

هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە)، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی 'چەسپاندنی ئاسایش'،  گوندی حوایج، بەشێکی زۆری گوندی تەیانە و شارۆچکەی زیبان-ی سەر بە دێرەزۆریان لە چەتەکان پاککردەوە.

لەو بارەیەوە فەرهاد شامی، بەرپرسی ناوەندی ڕاگەیاندنی قەسەدە ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی شانەکانی داعش و گروپە چەکدارە تاوانبارەکان لە ناوچەی زیبان بەردەوامە.

شامی ئەوەشی خستەڕوو، ڕەنگە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا، شەڕەکە لە ناوەندی شارۆچکەی زیبان کۆتایی پێبێت. ئاماژەی بەوەشکرد، چەتەکان بەرەو لای ڕۆژئاوای ڕووباری فورات هەڵاتوون.

شامی وتیشی: لە گوند و گەڕەکەکانی سەنتەری شارۆچکەی زیبان ١٨ چەتە کوژراون و ٤ چەتەی "دیفاع ئەل وەتەنی" دەستگیرکراون.

ژ.ن