لە ١٥ـی شوباتی ١٩٩٩ و لە پیلانگێڕییەکی نێونەتەوەییدا، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕفێنرا، پاشان ڕادەستی دەوڵەتی تورک کرا، دەوڵەتی تورک گۆشەگیرییەکی توندی بە سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالاندا سەپاندووە، ڕێگە نادات نە لەگەڵ پارێزەرەکانی دانیشێت نە لەگەڵ ماڵباتەکەی، لە ٢٥ـی ئاداری ٢٠٢١ـشەوە هیچ زانیارییەک لەبارەی ڕێبەر ئاپۆوە نییە.
بەپێی لێدوانی ئەوانەی چالاکییەکە بەڕێوە دەبەن، چالاکییەکە سێ ڕۆژ دەخایەنێت، لەو کۆنفرانسەدا پیلانگێرییەکە بە سیمینار شی دەکرێتەوە، بەڵگەفیلم نیشان دەدرێت، بەشداران قسە دەکەن و چالاکی تریش هەن. دانیشتووانی مەنبەج و نوێنەری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنیی و پارتە سیاسییەکان و ڕیشسپی هۆزەکانی هەرێمەکە بەشداری چالاکییەکە دەبن
لە سەرەتای چالاکییەکەدا ئەندامی دەستپێشخەریی ئازادیی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لە سووریا، حسام شەواخ ئاوا دوا: ''دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی تورکی فاشیست گۆشەگیرییەکی توندیان بە سەر ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان و هەڤاڵەکانیدا لە زیندانی ئیمراڵی داسەپاندووە، هەروەها بە هۆی سزای دیسپلینەوە ڕێ نادەن نە پارێزەران و نە ماڵباتەکانیان سەردانیان بکەن.''
ئەلشەواخ ئاوا دوا: ''ئێمە وەک گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دامودەزگا یاساییەکان بە تایبەت CPT بە بەرپرسیاری گۆشەگیریی و ئەو کارانەی لە ئیمراڵی دەکرێن، دەزانین.''
پاشان ئەلشەواخ داوای لە ڕای جیهانیی و هێزە نێونەتەوەییەکان کرد کە واز لەم بێدەنگییە بێنن و داوای ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانیانی تری ئیمراڵی بکەن.
هند داغستانی، ئەندامی دەستپێشخەری، دەربارەی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و گۆشەگیری سەر ئەو، ئاوا دوا: ''دەبێت بزانین کە گرتنی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجەلان بۆ تێکشکاندنی ئیرادەی گەلان و بە تایبەت ژنانە، گۆشەگیریی سەر ڕێبەر ئاپۆ قۆناغێکە لە قۆناغەکانی ئەشکەنجە، شەڕێکی دەروونیی مردنی هێواشە.''
هند ئاوا کۆتایی بە قسەکانی هێنا: ''ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان تەنیا نوێنەرایەتیی کەسێک ناکات، بەڵکوو نوێنەرایەتیی ئیرادەی گەلەکەی دەکات، سا مافی خۆیەتیی ئازادیی جەستەیی بەدەست بهێنێت، چونکە گەلی خۆی و گەلانی هەرێمەکە دەپارێزێت.