'رێگە نادەین جارێکی دیکە داعش لەم ناوچانە باڵادەست بێت'

هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتیک ساڵح موسلیم لەبارەی ئۆپراسیۆنی پتەوکردنی ئاسایش زانیاری راگەیاند و ئاماژەی بەوەکرد کە گەلی دێرەزور لەگەڵیانە و رێگەنادەن جارێکی دیکە داعش لەو ناوچەیە باڵادەست بێتە.

ساڵح موسلیم رایگەیاند کە ئۆپراسیۆنی پتەوکردنی ئاسایش لە دێرەزور کاریگەری چەتەکانی لە هەرێمەکە و زۆر تاوانی کردووەتە ئامانج، هەروەها سەرنجی راکێشا بۆ سەر هەوڵەکانی دەوڵەتی تورک بۆ دەستپێکردنی هێرش بۆ سەر هەرێمەکە. موسلیم دەستنیشانی کرد کە ئەوان ناهێڵن داعش جارێکی دیکە لەسەر ئەو ناوچەیە باڵادەست بێت.

هاوسەرۆکی پەیەدە ساڵح موسلیم سەبارەت بە هەڵمەتی بەهێزکردن و پتەوکردنی ئاسایش کە قەسەدە لە ٢٧ی ئابەوە لە دێرەزور دەستیپێکردبوو، وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دایەوە.

لە ٢٧ی ئاب لە دێرزور لە لایەن قەسەدەوە دەست بە ئۆپراسیۆنێک کرا. دەوڵەتی تورک و حکومەتی دیمەشق هەوڵیاندا ئەوە وەک شەڕی قەسەدە و عەشیرەتە عەرەبەکان نیشان بدەن. لە دێرەزور چی هاتە ئاراوە و چی روویدا؟

لەسەرەتادا دەبێت ئێمە باش لەوە تێبگەین، بۆچی 'هەڵمەتی پتەوکردنی ئەمنی' دەستیپێکرد. پێشتریش زۆر جار گلەیی و گازندەی خەڵکی ناوچەکە، شێخی عەشیرەتەکان و خەباتکارانی ئەو ناوچەیە لە ئەبوخەولە و چەند کەسی دیکە کە لەگەڵیدابوون، بەرزکرابوونەوە. هەموویان ئەندامانی ئەنجومەنی سەربازی دێرەزور بوون. هەڵبەت ئەنجومەنی سەربازی لەوان گەورەترە، بەڵام کاریگەرترین کەسانی ئەنجومەنی سەربازیبوون.

لە ناوچەکە زۆر رووداو و تاوانی وەک کوشتن، رفاندن، بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر هاتبوونە ئاراوە، هەڵبەت هەموو ئەمانە بە هۆی لاوازی یاخود چاوپۆشی ئەنجومەنی سەربازی روویانداوە. پێویست بوو ئیتر کۆتایی بەوانە بهێندرێت. داعش لەو ناوچەیە هێرشی ئەنجامدابوو. دەبوایە لە دژی ئەوانە هەڵمەتێک ئەنجام بدرێت. بەم جۆرە جموجۆڵی "پتەوکردنی ئاسایش" دەستیپێکرا.

پێویستبوو ئۆپراسیۆنەکە لەو کەسانەوە دەستیپێبکرایە کە زیاترین گلەیی و رەخنەیان لەسەر بوو. لەسەر ئەو بنەمایە لێپرسینەوە بەرامبەریان دەستیپێکرد، دوای لێپرسینەوەکە دەرکەوت کە تۆمەتبارن. لەهەمان کاتدا هەموویان لە کار دوورخرانەوە. هەروەها پەیوەندی ئەوان لەگەڵ گەل و هێزی جیاجیا ئاشکرا بوو. پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ملیشیاکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق لە رۆژئاوا و لەگەڵ دیفاع وەتەنی ئاشکرابوو.

لەهەمانکاتدا تۆڕی تاوانکاریش هەبوون کە سەر بە ئەوان بوون یاخود پەیوەندیان لەگەڵیاندا هەبوو. کاتێک ئەوان گیران، ئەوانی دیکە کەوتنە جموجۆڵەوە. هەموو ئەوانە پێکەوە یاخیبوون و سەریان هەڵدا. ئەوان بانگەشەیان کرد کە گوایە قەسەدە ستەمیان لێدەکات. گەلی هەرێمەکە دەیانزانی ئەو پاساوە راست نییە و بڕوایان پێنەدەکردن. ئەو گروپە چەتانە هەنگاو بە هەنگاو فراوانتر بوون. لە سێهەم رۆژی ئۆپراسیۆنەکەدا دەستیان بە پەڕاندنەوەی خەڵک و چەک بەسەر رووبارەکەدا کرد. بە داگیرکردنی هەندێک گوند لە کەناراوەکان هەوڵیاندا ئاژاوە بنێنەوە.

هەڵبەت ئێمە گەلی ئەوێ دەناسین. گەل هیج پەیوەندییەکی بەوانەوە نییە. پەیوەندیمان لەگەڵ گەلی ئەوێ هەیە. وەک پارتەکەشمان پەیوەندیمان بە بەڕێوەبەرایەتی قەسەدەوە هەیە. بەراستیش خەڵکی ئەوێ بەهۆی ماددەی هۆشبەر و تاوانەکانی کوشتنەوە قەبوڵیان ناکەن. جیالەوە لە رۆژانی دووەم و سێهەمی هەڵمەتەکەدا ئاشکرابوو کە ئەوە بەراستی پلانێکی زۆر گەورەتر و بەرفراوانترە. ژمارەیەکی زۆر دەستگیرکران و لە ئەنجامی دانپێدانانەکاندا پەیوەندییەکان روونتر بوونەوە. ئاشکرابوو کە دەوڵەتی تورکیش دەستی لەو پلانەدا هەیە.

پێشتریش گفتوگۆ لەبارەی ئەو هێرشانەوە کرا، پلانیان بۆ داڕێژرا و رێکخران و دەوڵەتی تورکیش پێشەنگایەتی کردن. ئەوە لە کۆبوونەوەی چوارقۆڵی یاخود کۆبوونەوەکانی ئاستانەدا هاتە ئاراوە. پلانی سەرەکی ئەوان چییە؟ خۆی لە خۆیدا لە ٢٠ەمین کۆبوونەوەیاندا بە ئاشکرا ئەوەیان قەبوڵ کردبوو. ئامانجی ئەوان ئەوەیە کە بەڕێوەبەرایەتی ئەوێ هەڵبوەشێننەوە و هێزەکانی هاوپەیمانی لە ناوچەکە دەربکەن. خۆی لە خۆیدا لە دووەم رۆژی هەڵمەتەکە لە لای باکوورەوە دەستیان بە هێرش کرد. هێرشەکانی سەر تل تەمر، منبج و شوێنەکانی دیکە هەموو پەیوەستە بەوەوە. پڕۆپاگەندەکانیان لە بارەی ئەوەی دەیانگوت هێرشەکانی سەر تل تەمر روویانداوە و دەستیان بەسەر گوندەکاندا گرتووە ئەوەی ئاشکرا کرد.

لە دێرەزور هەندێک تۆماری دەنگی ئاشکرا بوون. منیش گوێم لەو تۆمارانە کرد. دەوڵەتی تورک بەڵێنی بەو چەتانە داوە. کاتێک چەتەکان لە دێرەزورەوە دەستیان پێکرد ئەوانیش بەڵێنیان دا کە لە باکورەوە لە پێنج شوێنەوە دەستپێبکەن. لە تۆمارە دەنگیەکەدا ئەو زۆر روونە. بەتایبەتی دەوڵەتی تورک و رژێمی سوریا هەوڵیاندا بەوە گەلان بەگژ یەکدا بکەن. گەلی ناوچەکە بە هیچ جۆرێک بڕوا بەوان ناکات و پشتیوانیان ناکات. ئەو گروپە چەتانە لەلایەن کەسێک بە ناوی ئیبراهیم ئەول و نەواف بەشیرەوە بەڕێوەدەبران. هەوڵەکانی پاککردنەوەی ناوچەکە ئەمرۆ یان سبەینێ رادەگەیەندرێت.

لەگەڵ دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی دێرەزور هێرشەکانی سەر منبج، تل تەمر و عەین عیساش دەستیان پێکرد، چ پەیوەندییەک لەنێوان ئەو هێرشانەدا هەیە؟

لە راستیدا لە سەڕی کۆبانێ بەدواوە دەوڵەتی تورک لەگەڵ ئەو چەتانەی کە خۆیان وەک ئۆپۆزسیۆنی سوریا ناودێر دەکەن و لە راستیدا سیخوڕی دەوڵەتی تورکن، بەردەوام شان بە شانی یەکتر لەناو ئانتیپرۆپاگەندە و هێرش و شەڕدان. لە سەرەتاوە وەک دوژمن دەبینرێت. دەوڵەتی تورک پاساوێکی هەیە کە لە سەرەتاوە باسی کردووە؛ کورد لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا سیستمێکی دیموکراتیک دادەمەزرێنێت و کوردانی ئەوێ سود لەو مافانە وەردەگرن. دەوڵەتی تورک دژی ئەوە دەوەستێتەوە.

لێرە بناغەیەکی دیموکراتیک دانرا. هەروەها هەموو گەلی ئێرە، عەرەب، کورد، ئاشوری و هەموو گەلان پێکەوە دەژین. سیستمێک و مۆدێلێکی دیموکراتیک هەیە کە ئەوان پێکەوە دایانمەزراند. ئەو مۆدێلە دەتوانێت چارەسەری بۆ سوریاش بهێنێت. لەبەر ئەوە لە سەرەتاوە دەوڵەتی تورک لە دژی چارەسەریە. لەبەر ئەوەی زۆر لەوە دەترسن؛ گەلانی ئەوێ لە هەموو شوێنێکن. لە تورکیا و زۆر وڵاتی دیکە بوونیان هەیە. ئەو سیستمە دیموکراتیکەی لەوێ دادەمەزرێت، کاریگەری دەکاتە سەر ئەوێش. هەوڵ دەدەن رێگری لەوەش بکەن. دەوڵەتی تورک ٢٤ کاتژمێر هەوڵ دەدات ئەوە پوچەڵ بکاتەوە. ئامادەیە کە لە گەڵ هەموو کەس و هەموو هێزێک پەیوەندی ساز بکات.

دەوڵەتی تورک شانتاژ و سەرانەسەندنی بەرامبەر زۆر دەوڵەت بەتایبەتی دەوڵەتانی ئەوروپا دەکات. بۆ مەگەر تائەمرۆ ئەمریکا نازانێت لێرە چی روودەدات؟ بەدڵنیاییەوە دەیبینن، بەڵام دژی دەوڵەتی تورک دەنگ هەڵنابڕن. خۆیان لە پشت ئەندامێتی تورکیا لە ناتۆ دەشارنەوە، چەندەش دەیبینن دەنگیان لێوەنایات. ئەوروپاش بەهەمان شێوەیە. لەلایەکەوە دەوڵەتی تورک هەڕەشەیان لێدەکات و سەرانەیان لێوەردەگرێت، لەلایەکی دیکەشەوە ئەو دەوڵەتانە بە گوێرەی بەرژەوەندییەکانیان دەجوڵێنەوە.

بۆچی دێرەزور؟ ئەو ناوچەیە چ گرنگیەکی هەیە؟

دێرەزور بۆ ئێمە گرنگە. ئەو شوێنە پێشتر ناوەندی داعش بوو. باغۆز ناوەندی داعش بوو و لەوێش کۆتا گورزیان بەرکەوت. هێشتا پاشماوەکانیان لەوێ بوونی هەیە. داعش یەکەم جار لە کوێ پێشڕەوی کرد؟ لە دێرەزور پێشڕەوی کرد و بڵاوبووەوە. لەوێوە هاتن و رەقەیان کردە پایتەخت بۆخۆیان. لەم رووەوە رێگە نادەین داعش جارێکی دیکە لەوێ پێشڕەوی بکەن. دەبوایە لەوێ شتێک بکرایە. ئێمە تەنیا لەگەڵ گەلی ئەوێ، لە رێگەی پشتیوانی گەل، بە خەباتی هاوبەشی سەربازی و بەڕێوەبەری ئەنجومەنە مەدەنیەکان لەوێ دەتوانین ئەوە بکەین.

لەم رووەوە دێرەزور بۆ دابینکردنی ئاسایش گرنگیەکی زۆری هەیە. دەبێت دێرەزور، رەقا و جێگەکانی دیکە نەوکەونەوە دەست داعش. خۆی لە خۆیدا ئێستا زیاتر قورسایی دەخەنە سەر دێرەزور و رەقا. هەموو چەتە و شانەکانی داعش کە دەوڵەتی تورک پاڵپشتییان دەکات لەوێن. لەم رووەوە بە دڵنیاییەوە دێرەزور بۆ ئێمە گرنگە. گەلی ئەوێ گەلی ئێمەیە. ئێمە پێکەوە دەژین. ئێستا هەندێک عەشیرەت لە دێرەزور دەژین، هەندێکیش لێرە دەژین. ئێمە پەیوەندیمان پێکەوە هەیە. ئێستا هەندێک لە عەشیرەتەکانی ئەوێ لەگەڵ ئێمە دەژین، هەندێکیشیان ناتوانن لەوێ لە ژێر دەستی داعشدا بژین. ناتوانن لە ژێر دەستی دەوڵەتی تورکدا بن. قەبوڵناکرێت کە بچنە لاکەی تر و چەتەکان بەرەو لای ئێمە ئاراستە بکرێن. ئەوەی ئێمە لێرەدا هەوڵی بۆ دەدەین ئەوەیە کە پێکەوە بژین.

هەندێک لەو سەرۆک عەشیرەتانە دەرکەوتن و لە دژی قەسەدە لێدوانیان دا و هەروەها بانگەوازیان ئاراستەی لایەنگرانیان کرد. ئێوە لەم بارەیەوە دەتوانن چی بڵێن؟ 

عەشیرەت یان خێڵەکان ڕێکخراوی سیاسی نین. عەشیرەتەکان لەسەر بنەمای خزمایەتی دامەزراوە. لەم ڕووەوە عەشیرەتەکان خاوەنی هەلوێستێکی  سیاسین. هەرگیز ناتوانن ببن بە پارتیەکی سیاسی . بەڵام کێشەکە لێرەدا ئەوەیە کە شێخی عەشیرەتەکان بۆ بەرژەوەندی خۆیان کار دەکەن. خەڵکی ناو عەشیرەتەکەیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکار دەهێنن.بەڵام کاتێک ئەو خەڵکە وشیار دەبنەوە یاخود لە رووی سیاسیەوە قووڵ دەبنەوە، چیتر گوێ لەوان ناگرن.

ئەوەی ئێمە لێرەدا هەوڵی بۆ دەدەین، بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی ئەخلاقی و سیاسییە. ئێمە پەیوەندی بە خەڵکی ناو عەشیرەتەکان دەکەین. ئاگاداریان دەکەینەوە. ئێمە دەمانەوێت لانیکەم لە بواری سیاسیدا نوێنەرایان هەبێت. بەڵام پەیوەندی عەشیرەتەکان بەم شێوەیە نییە. ئێوە دەبینن، کە ئەوان ٣ بران؛ هەریەکەیان لە لایکە. یەکێک لەو برایانە لەگەڵ دەوڵەتی تورکە، برایەکی تر لەگەڵ حکومەتی شامە و برایەکی تریشیان لای ئێمەیە واتە هەڵوێستێکی سیاسییان نییە. کار بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان دەکەن. بەپێی بەرژەوەندی خۆیان دەجوڵێنەوە.

  بۆ نمونە تا ئێستا نەواف بەشیر چەند لایەنی گۆڕیوە؟ جارانیش لایەنگری ڕژێمی سوریا بوو. پاشان هەڵات بۆ لای دەوڵەتی تورک و پەیوەندی بە ئەوانەوە کرد. لەوێشەوە هەڵات و هات بۆ سوریا . پاشان چووە ئێران. و ئێستا هەموو چالاکییەکانی  شیعەکان لەوێ بەڕێوە دەبات. ئەمە بابەتێکی سەرنجڕاکێشە. ئەوان ئەمەیان کرد بە شتێکی سیاسی. لەم ڕووەوە مرۆڤ ناتوانێت هۆزەکان وەک قەوارەیەکی سیاسی هەژمار بکات. بێگومان هەندێک لە هێزەکان بەکاریان دەهێنن.

با باسی گەل بکەین، خەڵک لەناو سیستەمێکدا دەژین و لێرە پەیوەستە بە بەڕێوەبەرایەتی خۆیەوە. پێداویستیەکانی لە کێ وەردەگرێت؟ بە دڵنیاییەوە لە بەرێوبەرایەتی. بە بەرێوبەرایەتیەوە وابەستەیە. هەر خۆی پێویستە بەو شێوەیە بێت. لە گوند و شارەکەی خۆیاندا بەڕێوەبەرایەتیەک هەڵدەبژێرێت و بەڕێوەبەرایەتیش پێویستیەکانیان دابین دەکات. ئەم سیستەمە تا خۆبەڕێوەبەری بەم جۆرە بەردەوام دەبێت. لەمڕووەوە خيڵک لەوان جیایە و لەوان دوورە.

  بۆ نموونە ئەمڕۆ هەموو رۆڵەکانی عەشیرەتی عەگیدات لە ناو (قەسەدە)دان. هەمان شت بۆ بەرگاریان ڕاستە. بەڵام یەکێک هەڵدەستێت و دەڵێت؛ من ئەم شتانە قبوڵ ناکەم. بێگومان خەڵکی ئێرە ئەمە قبوڵ ناکەن. نەک هەر ئەم دوو عەشیرەتە، بەڵکو شاهدات وعەشیرەتەکانی تریش. زۆربەیان لە ناو هێزەکانی قەسەدە و ئەنجوومەنی سەربازیدان. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، خەڵک، تا ئەو جێگایەی کە لە توانایدا بێت، لەو کەسانە دوور دەکەونەوە کە لە دەرەوە ئاراستە دەکرێن و تاوان ئەنجام دەدەن. 

هەوڵ دەدرێت وەک راپەڕینێک لە دژی ئێمە نیشان بدرێت، بەڵام شتێکی لەو جۆرە نییە. ئەگەر گەل قبوڵت نەکات، ناتوانیت لە شوێنێکدا بمێنیتەوە. لێرەدا پشتیوانی گەل هەیە. خەڵکی ئێرە ڕۆشنبیرن. باوەڕیان بەو جۆرە پڕوپاگەندانە نییە و قبوڵیان ناکەن. گەل لەگەڵمانە. حاج ئەلبەشیر ئامۆزای نەواف بەشیر، کەسێکی زۆر بەناوبانگە. کەسێکە لەلای هەمووان ڕێزی لێدەگیرێت و لە تەنیشت خەڵکدایە. ئەم کەسە بە پێی لێکدانەوەکانی دەوڵەتی تورک و حکومەتی شام هەڵسوکەوتی نەکرد. بنەماڵەی هزل لە هۆزی عەگیدات هەیە؛ بە هەمان شێوە. لە نێوانیاندا زۆرێک لە منداڵەکانی مام و براکانیان لەگەڵمانن. هەر خۆی مندالەکانیان لەناو قەسەدەدان و ئەندامی ئێمەن. ئەوانیش  لە ئەنجومەنی سەربازی دێرازۆردان. لەبەر ئەم هۆکارەش ئەو کەسانەی لە دەرەوەی وڵاتن و لەگەڵ دەوڵەتی تورک کار دەکەن، ئەو کەسانەی تاوانبارن بە  تاوانی ماددە هۆشبەرەکان و تاوانەکانی تر، خەڵک قبوڵیان ناکات و پشتگوێیان دەخات.

دیسان بە تایبەتی دەوڵەتی تورک هەوڵ دەدات ئەمە وەک کاردانەوەی گەلی عەرەب لە دژی قەسەدە نیشان بدات. بەڵام ئایا بەشێکی زۆری قەسەدە لە گەنجانی عەرەب پێک نەهاتووە؟

 دەوڵەتی فاشیستی تورک هەموو جۆرە فرت و فێڵێک تاقی دەکاتەوە، بەڵام سەرکەوتوو نابێت. ئەم گەنجە عەرەبانەی کە لە ناو هێزەکانی قەسەدە دان لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر سەرێکانی و گرێ سپی و زۆر ناوچەی دیکەی، کە داگیرکراون  شەڕ دەکەن. لە دێرەزۆرەوە هاتبوون و لێرە لە دژی دەوڵەتی تورک شەڕیان کرد. بێگومان لەهەموو نەتەوە و عەشیرەتێک کەسانێک هەن کە خۆیان دەفرۆشن.

  ئەو کەسانەی دەستیان لە ئەحرار شەرقیە و تەحریر شامدا هەبەشدارن، کێن؟ زۆربەیان عەرەبن. کێ دەکوژن؟ گەل دەکوژن. دەولەتی تورک ئەو کەسانە  لە دژی گەلی کورد ئاراستە دەکات و هێرش دەکەنە سەر گەلی کورد. هێرش دەکەنە سەر مەنبەج و تل تەمر و گرێ سپی. ئەو جۆرە کەسانە نەک تەنها لە ناو عەرەبەکاندا نین، بەڵکو لە نێو کوردەکانیشدا هەن. ئەمڕۆ کەسانێک هەن بە پارە لە عەفرین نیشتەجێ بوون. دەوڵەتی تورک کەڵکیان لێ وەردەگرێت. ئەمە ئەوە نییە کە ئێمە لە دێرەزۆردا دەمانەوێت. ئەوانەی لە دێرەزۆر هێرش دەکەن، چەتەن. دەوڵەتی تورک بۆ هەر شوێنێک بیەوێت دەیاننێرێت. ڕەوانەی ئازەربایجان و لیبیا و ئەرمینیا کراون . لێرەدا چ دۆز و رێبازێکیان هەبوو؟ بۆ پارە دێن. ئەم چەتانە بە پارە کار دەکەن، دەتوانن بچنە هەر شوێنێک. تاکە ئامانجیان پارەیە. دەوڵەتی تورک لە سەرێکانی و ناوچە داگیرکراوەکانی دیکەش هەمان کار دەکات. هەروەک چۆن دەوڵەتی عوسمانی (یەنیچەری) دەنارد بۆ هەرێمەکان و دەی وت بۆ ماوەی سێ ڕۆژ ئازادن هەرچییەک دەکەن بیکەن، ئەمڕۆش دەوڵەتی تورک هەمان کار دەکات. دەوڵەتی تورک ناتوانێت بە چەتە ناویان ببات. بۆ ئەوەی رەوایەتیان پێبدات، دەبێت بیانوویەکیان بۆ بدۆزێتەوە، بیانووی دەوڵەتی تورک کورد یان پەکەکە یە. بەڵام لە دێرەزۆردا ناتوانن ئەم کارە بکەن. چونکە هەشت ساڵە پێکەوە دەژین. ئێمە سیستەمێک مان پێکەوە هەیە و هاوبەشی بە ئێش و ئازارەکانمان دەکەین و پێکەوە دەرمان و چارەسەریان بۆ دەبینینەوە.

هەڵوێستی خەڵکی ناوچەکە چۆنە؟  بەرامبەر بەم جموجۆڵانە چۆن مامەڵە دەکەن؟

  سیستەمێکی دیموکراتیک هەیە کە ئێمە لێرەدا دروستمان کردووە و ئەم سیستەمە لە چوارچێوەی پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیکدا گەشە دەکات. ئەم پڕۆژەیە لەسەر بنەمای برایەتی گەلان و ژیانی هاوبەش لەنێوان گەلان دامەزراوە. ئەم پڕۆژەیە شتێکی نوێ نییە کە تازە دروست بووبێت یان لەم دواییانەدا خرابێتەڕوو. چ لە ڕووی تیۆریەوە و چ لە ڕووی فیکرییەوە، تێکۆشان ساڵانێکە  بۆ ئەم ئامانجە بەردەوامە. کە کاتی هات هەوڵمان دا ئەوە جێبەجێ بکەین. ئەمڕۆ بە دڵی زۆر کەس و بزوتنەوە نییە.

  هەندێک شت هەیە پشتی پێ دەبەستین وەک بناغەیەک بۆ ڕێکخستنکردنی خەڵک و ڕێکخستن و گەشەپێدانی کۆمەڵگا لە چوارچێوەی ئەخلاقی و سیاسیدا. کەواتە بۆچی هاوپەیمانی نێونەتەوەیی ویستی لەگەڵمان کار بکات؟ چونکە ئێمە گەلەکەمان بە ڕێخستن کرد . لە ئەنجامدا توانیمان خۆمان بپارێزین. لەم دۆخەدا تا زیاتر خۆمان ڕێخستن بکەین ئەوەندە بەهێزتر دەبین و پڕۆژەکەمان جێبەجێ دەکەین. بۆیە ئەگەر خۆت وەک کاراکتەرێک نیشان بدەیت، بەدڵنیاییەوە کەسانێک هاوکاریت دەکەن یان یەکێتی هێز پێکدەهێنێت. وەک هاوپەیمانییەکی نێونەتەوەیی... بەڕاستی ئەمە بابەتێکی بەرژەوەندیە، بەرژەوەندی ئەوان شەڕی دژی تیرۆریستانە. ئەوانیش سوودیان لەم دۆخە وەرگرت و ئێمەش بە هەمان شێوە.

 کۆمەڵگا تا زیاتر خۆی بەرێخستن بکات و زیاتر خۆی سیستەماتیک بکات، دەتوانێت بە هێزتر خۆی بپارێزێت. ئێمە ویستمان بەهێزی بکەین و پەرەی پێبدەین. ئەمەش تا ڕادەیەک لە کۆمەڵگەی کوردیدا ئەنجامدراوە. هەروەها دەمانەوێت لەناو کۆمەڵگەی عەرەب و پێکهاتەکانی تردا گەشەی پێبدەین. بێگومان هێشتا ئەنجامی خوازراو بەدەست نەهاتووە. هەندێک شت هێشتا کەمە. ئەگەر ئەمڕۆ هەندێک کێشە سەرهەڵبدات، ئەوەش نیشان دەدات کە هەندێک خاڵی لاواز هەیە. کار و ماندووبوونێکی زۆری دەوێت.

 لە ڕاستیدا ئەمە بابەتی  هۆشمەندییە. تا زیاتر بتوانین پەرە بە وشیاریمان بدەین و وەرچەرخان سازبکەین، ئەنجامەکان بەهێزتر دەبن. ساڵانێک کۆمەڵگاکەمان لە چوارچێوەی سیستەمی بەعس و بە ئەقڵیەتێکی شۆڤێنیستی بەڕێوەدەبرا. هێشتا ئەقڵیەتی شۆڤێنیستەکان هەن کە باوەڕیان بە چارەسەری سەربازی هەیە. ئێمە ئەمە دەگۆڕین. ئێمە باسی دیموکراسی دەکەین. ئێمە باسی شکۆ و کەرامەتی خەڵک دەکەین. ئێمە باسی پێکەوەژیان دەکەین. بۆ نمونە گۆڕینی پێگەی ژنان لە کۆمەڵگادا هەموو شتێکی لە بەڕێوەبردندا گۆڕیوە.

 لە ئێستادا زۆرترین بەشداربون بۆ ناو ریزەکانمان و ئەوانەی کە سیستەمەکەمان قبوڵ دەکەن ژنانی عەرەبن. چونکە ئەوان لە ناو کۆمەڵگای خۆیاندا ئەوانەن کە زۆرترین ستەمیان لێدەکرێت. بەم مانایە کێشەی هۆشمەندی پێویستی بە پراکتیک و کات و ڕاستگۆیی هەیە. من وا بیر دەکەمەوە کە سەرکەوتن بەدەست دەهێنین . چونکە ئەو کارانەی کە ئەمڕۆ دەکرێن ئاماژەن بۆ ئەوە. ئەمڕۆ خەڵکی دێرەزۆر لەم ڕووداوانەی ئەم دواییانەدا باس لە بنەما و پرەنسیپەکان دەکەن نەک بەرژەوەندی تاکەکەسی خۆیان. لەبەر ئەمەم هۆکارەش دەتوانین بڵێین ئەنجام دەست کەوتوون، بەڵام پێویستی بە زیاتر هەیە.

هـ . ب