ساڵح موسلیم: هه ڵبژاردنه کان ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر ڕۆژئاوا هەیە

ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پەیەدە رایگەیاند، هەڵبژاردنەکانی تورکیا کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر ڕۆژئاوا دەبێت و دەڵێت: "ئێمە بەردەوامین لە ئامادەکارییەکانمان بۆ بەرخۆدان دژی فاشیزم، کە پابەند نییە بە هیچ پێوەر و یاسایەکەوە".

ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە) لەبارەی هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایار لە تورکیا و کاریگەریی هەڵبژاردنەکان لەسەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و ئەگەری ئەنجامدانی هێرشیک بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا و وتی، هەڵبژاردنەکانی تورکیا ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ڕۆژئاوا دەبێت و وتیشی، "ئێمە بەردەوامین لە هەموو ئامادەکارییەکانمان بۆ بەرخۆدان لە دژی فاشیزم، کە پابەندی هیچ پێوەر و یاسایەک نابێت."

 لە ۱۴ی ئایاردا هەڵبژاردن لە تورکیا ئەنجام دەدرێت. ئێوە لەسەر ئەم هەڵبژاردنە و ئەنجامەکانی چی دەڵێن؟

هەڵبژاردنی ۱۴ی ئایار لە تورکیا زۆر گرنگە. بەدرێژایی ماوەی دەسەڵاتی ڕژێمی فاشیست لە تورکیا، بەتایبەتی دوای ساڵی ۲۰۱۵، ئەو شەڕانەی لەدژی کوردستان و بەسەر تورکیادا ڕوویاندا، لە ڕووی ئابووری، سیاسی، دیپلۆماسی و... هتد تورکیای بەرەو مایەپوچبوون برد. ئەمە چەندین جار لە کۆبوونەوە دیپلۆماسییەکانماندا گوتراوە. ڕژێمی فاشیست، کە پلانی جینۆسایدی کوردەکانی هەیە، هەم هێرش دەکاتە سەر ڕۆژئاوا و هەم هێرش دەکاتە سەر باشووری کوردستان. داوا لە هەمووان دەکات لە شەڕی دژ بە کورددا یارمەتیی بدەن. ئەوە تورکیای خستووەتە ئەم دۆخەوە. ئەوان ئەو هەڵبژاردنانە بە حەزی خۆیان ناکەن، بەڵکو بەهۆی  ئەو دۆخەوە، کە تیایدان ناچارن ئەنجامی بدەن.

ئەمڕۆ دەرفەتی ئەوە ڕەخساوە، کە ئەم دەسەڵاتە فاشیستییە بگۆڕدرێت بۆ دیموکراسی. ئەم دەرفەتە لە ١٤ی ئایاردا بەڕووی هەموو گەلانی تورکیادا دەکرێتەوە. نەک تەنها بۆ گەلی کورد، بەڵکو بۆ هەموو ئەو گەلانەی لە تورکیا دەژین دەرفەتێکە بۆ ڕزگاربوون لەم دەسەڵاتە فاشیستییە. لایەنێکی تریشی هەیە. ئایا دیکتاتۆرێکی وەک ئەردۆغان ڕێگە بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی دیموکراتیک دەدات، یان دەستبەرداری کورسییەکەی خۆی دەبێت؟ هەر چۆن ساڵی ٢٠١٥هەڵبژاردنی هەڵوەشاندەوە و تورکیای کرد بە دۆزەخ، ئەگەری ئەوە هەیە دووبارە ئەو کارە بکاتەوە. لە ڕووی دیموکراسییەوە زەحمەتە، لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا دەست لە دەسەڵاتەکەی هەڵگرێت. ئەوەی لە توانایدا بێت دەیکات. ئەوەی خراپەکاری بێت، دەیکات. ئەگەری شەڕی ناوخۆش هەیە. هەڕەشەکانی ئێستاش  لەبەرچاو دەگیرێن. پرۆسەیەکی هەستیارە. ئێمەش نازانین هەڵبژاردنەکە چۆن دەبێت. ئه م هه ڵبژاردنه چاره له هەموو ڕوویەکەوە  نووسی تورکیا گۆڕێت. یان کێشەکانی تورکیا لە دیموکراسیەکانەوە چارەسەر دەکرێن، یان لەژێر سایەی فاشیزم و سیستمی سوڵتانیدا دەمێنێتەوە. ئامانجی ئەم حکومەتە تەنها کورد و گەلانی تورکیا نییە، بەڵکو دەبێت هەموو کەسێک لە جیهاندا هەستیار بێت. ئەم هێزە فاشیستە هەموو شتێکی لێدەوەشێتەوە. دەتوانێت هەموو شتێک تێکەڵ و پێکەڵ و سەروبن بکات. هەڵبژاردنەکانی تورکیا بە باش، یان بە خراپ ڕێگا لە بەردەم  گۆڕانکارییەکی مێژوویی دەکەنەوە.

دەسەڵات بۆ سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکان دا ئەوەی لە توانایدا بێت ئەنجامی بدات، ئێوە باستان کرد، یانی لە ناو ئەوانەدا ئەگەری هێرشکردنە سەر رۆژئاوا هەیە؟

کورد و ئەو کێشانە، کە نایانەوێت چارەسەریان بکەن، بنەمای ئەو هێرشانەیە بۆ سەر ڕۆژئاوا و باشوری کوردستان، بە پاساوی 'ئەمنی'. ئەم هەڵبژاردنانە بۆ ڕۆژئاوا زۆر گرنگن. ئەگەر ئەم دەسەڵاتە فاشیستە لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتوو بێت، ئەوا دەیەوێت پلانە داگیرکارییەکانی لە ڕۆژئاوا تەواو بکات. ئامانجیان داگیرکردنی تەواوی خاکی سووریایە. ئەم هەڵبژاردنە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر کێشەی ڕۆژئاوا و سوریا هەیە. ئەم حکومەتە تا ئێستا ڕێگەی نەداوە کێشەی سوریا چارەسەر بکرێت. ئەو دەیەوێت نەخشەیەکی داگیرکاری بە قووڵایی ٣٢ کیلۆمەتر لە سنووری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، کە لە نەتەوە یەکگرتووەکان نیشانی دا، جێبەجێ بکات. ئەگەر ئەم دەسەڵاتە بمێنێتەوە، ئەوا ئەو نەخشەیە جێبەجێ دەکرێت. ئەمە پلانە هەمەلایەنەکەیە. لەسەر ئەوەش کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ئێمە هەیە.

ڕاگەیاندرا، دەوڵەتی تورک پێش بوومەلەرزەکەی ٦ شوبات، کە ناوەندەکەی مەرەش لە کوردستان بوو و کاریگەریی لەسەر تورکیا و سوریاش هەبوو،  هەڕەشەی 'هێرشی سەر ڕۆژئاوا'ی هەبوو، ئایا ئەم هەڕەشەیە هێشتا بەردەوامە؟

پێش بوومەلەرزەکە ڕاگەیەندرا، دەوڵەتی تورک دەتوانێت لە ماوەیەکی کورتدا هێرش بکاتە سەر ناوچەکە. هێشتا پێشبینی ئەوە دەکرێت، کە هێرشەکە ئەنجام بدەن. هەر کاتێک دەرفەتیان بؤ ڕەخسا ئەوە هێرشەکە ئەنجام دەدات. ئەمە شتێکی سیاسی نییە، بەڵکو ئەمە لە ڕێگەی وەزیری ناوخۆی تورکیا سۆیلو و سەرۆکی میت هاکان فیدان-ەوە ئەنجام دەدرێن. ئەو هێرشەی لە تەقیسم ئەنجامیاندا نمونە بەرچاوەکەیەتی. دەتوانن هەموو خولەکێک شەڕ بکەن. تا ئەو کاتەی ئەم حکومەتە و وەزیرەکانی بوونیان هەبێت، دەتوانن لە هەر کاتێکدا شەڕ دەستپێبکەن. ئێمە بەردەوام دەبین لە ئامادەکارییەکانمان بۆ بەرخۆدان بەبێ ئەوەی دۆخی هێرشەکە نەرم بکەین.

بەپێی زانیارییە فەرمییەکان ۵۰ هەزار کەس؛ بەگوێرەی هەندێک سەرچاوەی تر، بەهۆی بوومەلەرزەکەوە، کە ناوەندەکەی مەرەش بوو ١٠٠ هەزار کەس گیانیان لە دەستداوە، بەڵام سەرباری ئەوەش دەستبەرداری هێرشەکانیان نەبوون. فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان هێرشبەرەکان لە هێڵی سنوور دەگەڕێن و هەموو ڕۆژێک هێرش ئەنجام دەدەن. ئێمه بەوە فریونادرێین،  ئەوانەی شەڕ دەکەن جیاوازن، ئەوانەی دەنگدەرن جیاوازن. با نائومێد نەبن، لە ناویاندا هیچ ڕەوشتێک، هیچ یاسایەک، هیچ پێوانەیەک نییە. هەروەها چەکی کیمیایی بەکاردەهێنێت، کە لەلایەن هەموو جیهانەوە قەدەغەکراوە.

کەجەکە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە چالاکییە سەربازییەکانی ڕاگرت. سەرەڕای ئەم بڕیارەش، دەبێت چۆن لێکدانەوە بۆ هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بکرێت؟

کەجەکە ڕایگەیاند، بەهۆی بوومەلەرزەکەوە بڕیاری ڕاگرتنی شەڕیان داوە. ئەوە بڕیارێکی مرۆڤانە بوو. قوربانییانی بومەلەرزەکە کوردستانی بوون. ئەمە بڕیارێک بوو، کە بیانوویان پێ نەدا، چونکە هەمیشە چالاکی گەریلا لە ناوچەکانی باکوری کوردستان وەک سەرحەد، بۆتان، ئامەد و دێرسیم هەبووە. بۆ ئەوەی هیچ کەسێک مەشغوڵ نەبێت و دەوڵەت و دامەزراوەکانی تورک نەیکەنە بیانو، بڕیاری ئەنجام نەدانی چالاکییان ڕاگەیاند، بەڵام دەوڵەتی تورک هێرشەکانی بۆ سەر باکور و باشوری کوردستان ڕانەوەستاند و ڕۆژانە بەردەوام بوو لە هێرشەکانی.

شکستی حکومەتی ئاکەپە - مەهەپە چۆن کاریگەریی دەبێت لەسەر پارتی (پەدەکە)، کە هاوکاریی ئەم حکومەتە دەکات؟

بەڕێوەبەرایەتی باشووری کوردستان بە تایبەتی پارتی (پەدەکە) دەستیان بەسەر هەموو شتێکی وەک نەوت و ئابووری دا گرتووە. لەگەڵ ئەردۆغان و بنەماڵەکەی گرێبەستی نەوت و کۆمپانیا گەورەیان دروستکردووە. ئەوانە ئاشکرا بوون. دادگای فەڕەنسا گرێبەستی نەوتی لەگەڵ کوڕەکەی ئەردۆغان هەڵوەشاندەوە. بەگوێرەی سیستەمی حکومەتی عێراق، کەس ناتوانێت نەوت بە هیچ کەسێک لە دەرەوەی وڵات بفرۆشێت. ئەو هاوپەیمانییە لە نێوانیاندا نییە. ئەمە لە دادگا بڕیاری لەسەر درا. دادگای نێونەتەوەیی لەو بارەیەوە سزای تورکیای دا و ئەو کۆمپانیایانەی ڕاگرت. هەندێک شت هەیە، کە تا ئێستا ئێمەش نەمانبیستوون، لەوانەیە سبەینێ یان ڕۆژانی دواتر ئەوانەش ئاشکرا ببن. ڕێککەوتنی نهێنی لەگەڵ ئەردۆغان و بنەماڵەکەی و ...

ڕووخانی دەسەڵاتی ئەردۆغان و ئاکەپە هەم کاریگەری لەسەر تورکیا و هەم باشووری کوردستان دەکات و هاوسەنگیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت. نەمانی فاشیزم کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر باشوری کوردستان دەبێت.

ژ.ت