ساڵح موسلیم: تورکیا و سوریا و چەتەکان دەیانەوێت هێزێکی هاوبەش لە دژی ئێمە دروست بکەن

ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پەیەدە ڕایگەیاند، ڕژێمی دیمەشق و دەسەڵاتی تورک پلانیان بۆ دروستکردنی هێزێکی هاوبەش لەدژی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر داناوە.

ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی (پەیەدە) وتی، بەڕێوبەرایەتیی دیمەشق هیچ مەرجێکی دیاریکراو و ڕوونی بۆ کشانەوەی تورکیا لە ناوچە داگیرکراوەکان دانەنا و وتیشی، دەسەڵاتی تورک لەو بوارەدا پابەندی بەڵێنەکانی خۆی نابێت.

 ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (پەیەدە)  لەبارەی وتووێژەکانی نێوان ئەنقەرە، دیمەشق، تاران و مۆسکۆ، مەرجەکانی دیمەشق بۆ ئەنقەرە، ئامانجەکانی و کلیلی سەرەکیی چارەسەری بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.

 موسلیم ڕایگەیاند، پێویستە گەلی کورد بەرابمەر بە کۆبوونەوی نێوان ڕوسیا، ئێران، ئەنقەرە و دیمەشق وریابن و وتی، "ڕژێمی سوریا دوژمنی کوردانە. تورکیا دوژمنی ستراتیژیی گەلی کوردە، لە کۆنەوە هەڵوێستی ئێران بۆ پرسی کورد ڕوون بووەتەوە. ڕوسیا دەیەوێت هەموو ئەمانە بۆ بەرژەوەندی خۆی کۆبکاتەوە. لەبارەی لەناوبردنی کوردەکان لە سوریا کۆدەبنەوە. هەموو کێشەکانیان کوردە. لێرەدا ئامانج هەڵوەشاندنەوەی ئەو بەڕێوەبەرایەتییەیە، کە پارێزگاری لە مافەکانی هەموو گەلان دەکات و یەکگرتووی دروست دەکات و خاوەنی زۆر پرۆژەیە. ئەگەر ڕوسیا بەڕاستی پشتیوانی لە چارەسەرکردنی کێشەکان بکات، ئەوا لە ساڵی ٢٠١٢ەوە پەیوەندیمان هەیە، دەیتوانی لەگەڵ ڕژێم کێشەکە چارەسەر بکات، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا ئەوەی نەکردووە. بە شێوەیەکی پراگماتیست نزیک دەبێتەوە و دەڵێت، 'من چۆن دەتوانم سوود لە لایەنەکان وەبگرم؟' لە جیاتی چارەسەرکردنی کێشەکان، دەیانەوێت گەورەتریان بکەن. ئێمە هیوادارین ئەوان لەو هەڵەیەیان بکشێنەوە".

بنیاتنانی هێزی هاوبەش

موسلیم ڕایگەیاند، کێشەکانی نێوان ڕژێمی دیمەشق و ئەنقەرە زۆر قووڵن و ڕاشیگەیاند، "ئێمە باسی کۆچی ملیۆنان کەس دەکەین، باسی سەدان هەزار کەس دەکەین، کە گیانیان لەدەستداوە. ئێمە قسە لەسەر وێرانکردنی سەدا ٧٠ی گوندەکان، شارەکان و ژێرخانەکانی سوریا دەکەین. هۆکاری هەموو ئەمانە تورکیایە. لە عەفرینەوە بۆ ئیدلب و گرێ سپی، چەندین ناوچەی داگیرکردووە و لە قاعیدەوە تاوەکو گروپەکانی تر ژمارەیەکی زۆر چەتەی بەو ناوچانەدا بڵاوکردووەتەوە و تا ئێستا پشتگیرییان کردووە. سەرباز و چەتەکانی خۆی پێکەوە لەو ناوچانەدا جیگیرکردووە. ئەمانە هەمووی پیلانگێڕانە لە دژی کورد و بەرێوەبەریی خۆسەر. لەسەر پرسی کورد ڕێککەوتوون. ئەی ئەوان لەسەر شتەکانی تر چۆن رێککەوتوون؟ ئەوان پلانیان ئەوەیە هێزێکی هاوبەش لەگەڵ دیمەشق، تورکیا و چەتەکان دژی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دروست بکەن".

ئێمە دژی هەموو جۆرە تیرۆرێک شەڕمان کرد

موسلیم ئئاماژەی بەوەکرد، ئەوان شەڕیان دژی هەموو ئەو چەتانە کردووە، کە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە پشتیوانی دەکرێن و ناوچە داگیرکراوەکانیان ئازاد کردووە و وتی: "ئەوەی دەیانەوێت ئەنجامی بدەن، قبوڵ ناکرێت. ئێمە دژی هەموو ئەمانە ڕێوشوێن دەگرینە بەر. ئەوان پێیانوایە ئەگەر ئێمەی کورد لەناو ببەین، ئەمریکاش ناچار دەبێت ڕاستەوخۆ بکشێتەوە، بەڵام ئەمریکا بۆ کورد لێرە نییە. ئەوان بۆ بەرژەوەندی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لێرەن".

دیمەشق ناڵێت 'لە ناوچە داگیرکراوەکان بکشێنەوە'

هەروەها موسلیم سەبارەت بەو مەرجانە، کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی دیمەشقەوە پێشکەش بە ئەنقەرە کراوە وتی: "هەر خۆی لە بنەڕەتدا ڕژێمی سوریا شتی وەهای نەوتووە. وتویەتی، با پلانێک بخەنە بەردەممان، ئەو بڕوایەمان تیادا دروست بکەن، کە ئێوە لە خاکەکەمان دەکشێنەوە. وتویەتی، دەبێت با ڕوسیا ببێتە دەستەبەر و گارانتۆری ئەوە. ئەوان دەتوانن دواتر بڵێن، ئێمە لەگەڵ یەک ڕێکنەکەوتین. داواکارییەکانی سوریا ڕاستن، بەڵام هیوای ئەوەی، کە تورکیا بەڵێنەکەی جێبەجێ بکات، ئەوە تەنها خەونێکە. تورکیا هەرگیز بەڵێنەکانی خۆی جێبەجێ ناکات. ئێمە دژی ئەوە نین، کە سوریا و تورکیا پێکەوە دانیشن و پەیوەندییەکی باشی دراوسێیانە  دروست بکەن، بەڵام ئەوەی ئەنجام دراوە ڕاست نییە. قسەکانی فاشیزمی تورک ڕاست نین. ئەو شتێک دەڵێت، بەلام شتێکی تر دەکات. بەڵێن دەدات، بەڵام کاری پێ ناکات. پێویستە ئەزموون لە سەردەم و قۆناغەکانی پێشوو وەربگیرێت".

ئێمه پشتیوانی له ڕێککەوتنی سوریا لەگەڵ کۆمکاری عەرەبی دەکەین

ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پەیەدە ڕایگەیاند، کاتێک کێشەی سوریا سەریهەڵدا، دەیانویست لەناو کۆمکاری عەرەبیدا چارەسەری بکەن و وتی، "ئەمڕۆ هەموو دەرفەتەکان گۆڕاون. ئێمە هەرگیز دژی وڵاتانی عەرەبی و پەیوەندییەکانیان نین. ئێمە دژی ئەوە نین، کە سوریا ببێتە ئەندامی کۆمکاری عەرەبی. بەڵام ئێوە ئەوەندە دوژمنایەتیتان نیشاندا، ئێوە ئەوەندە خوێنتان ڕژاند، بەڵام ڕژێمی سوریا هێشتا هەنگاوێکی بەرەو دیموکراسی نەناوە. نە بۆ گەلەکەی خۆی، نە بۆ ئەو کێشانەی لە گۆڕێندان و نە لە ئاستی کێشە نێودەوڵەتییەکاندا هیچ هەنگاوێکی نەناوە. ڕژێم بە پێداگرییەوە دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ پێش ساڵی ٢٠١١ . لە ساڵی ۲۰۱۱ دا بۆچی ئێوە قبوڵتان نەکرد و دژایەتیتان کرد؟ بیکەن، بەڵام مەرجێکی بۆ دابنێن. با هەندێک خۆی دیموکراتیک بکات. با ڕێز لە گەلەکەی خۆی  بگرێت. ئێمەش بەشێکین لە سوریا. تا ئێستا ڕۆژێک دوژمنایەتی و داوای پارچەکردنمان نەکردووە. ئێمەش دەمانەوێت ئەوانیش یەکگرتوو بن. ئێمە دەمانەوێت پەیوەندیمان لەگەڵ هەموو کەسێک هەبێت، جا میسر بێت، یان سعودیە و ئیمارات. ئێمە لە دژی ئەوە نین. بۆ ئێمە گرنگ ئەوەیە، کە لە سوریا دیموکراسی هەبێت. ڕێز لە گەلەکەی خۆت بگرە. وەرن با ئێمە پێکەوە کێشە ناوخۆییەکان چارەسەر بکەین. وەک بەشێک لە سوریا، گۆڕینی ڕژێم و دیموکراسی بۆ ئێمە گرنگە".

ژ.ت