سوپای تورکی داگیرکەر هێرشەکانی خۆی بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا درێژە پێدەدات. لە ٢٣ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە ناوەندەکانی خزمەتگوزاری، پەروەردە، تەندروستی و ئابوری بۆردومان دەکات. لە ئەنجامدا ١٠ کەس شەهیدبوون و بە دەیان کەسیش برینداربوون و زیانی گەورە بەر ژێرخانی ئابووری کەوتووە.
چوار نوێنەرایەتی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک سەبارەت بە هرشەکان دۆسیەیەکیان ئاراستەی رێکخراوە نێونەتەوەییەکان، رێکخراوەکانی بواری یاسا، مافەکانی مرۆڤ و هەروەها وەزارەتەکانی دەرەوەی ئەوروپا، نوێنەرایەتی وڵاتانی عەرەب لە ئەوروپا، پەرلەمانی ئەوروپا، پارتە سیاسیەکان و کەسایەتیە سیاسیەکان کردووە.
نوێنەرایەتی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک لە نەمسا دۆسیەکەی رەوانەی ١١٦ لایەن لەوانە نوسینگەی سەرۆکایەتی، سەرۆکی پەرلەمان، رێکخراوە نێونەتەوەییەکان لە نەمسا و نوسینگەکانیان، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و رێکخراوەکانی هاریکاری مرۆیی کردووە.
نوێنەرایەتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک لە ئەوروپاش دۆسیەکەی رەوانەی نوسینگەی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان ئانتۆنیۆ گۆتێرێس، جێگری سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان مارتین گریفس، نوسینگە نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری سوریا گیر پێدرسۆن، ٩ نونەری رۆژئاوا و ئەوروپا، ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان، کۆمیتەی لێکۆڵینەوەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان، وەزارەتی دەرەوەی سویسڕا، رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی و رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ (هیومان رایتس وۆچ) کردووە.
نوێنەرایەتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک لە وڵاتانی یەکێتی بێنێلوکس (بەلجیکا، هۆڵندا و لوکسەمبورگ) دۆسیەکەی بۆ نوێنەرایەتی یەکێتی ئەوروپا، نوێنەرانی پەرلەمانی ئەوروپا لە بەلجیکا و هۆڵندا، نوسینگەی نەتەوەیەکگرتووەکان، نوسینگەی رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، هیومان رایتس ووۆچ، ژمارەیک رێکخراوی نێونەتەوەیی دیکە لە بروکسێل، باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتی وڵاتانی عەرەبی لە بەلجیکا رەوانە کردووە.
هەروەها نوێنەرایەتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک لە سکەندیناڤیا، دۆسیەکەی بۆ پارتە سیاسیەکانی سوید، کۆمیتەکانی وەزارەتەکانی کاروباری دەرەوە و بەرگریی سوید، ناوەندی نێونەتەوەیی پالمە، ناوەندی توێژینەوەی دەرەوە و بەرگریی ستراتیژی لە وەزارەتی دەرەوەی نەرویژ و وەزارەتی دەرەوەی دانیمارک کرد.
هـ . ب