شاندێکی کەنەدا گەیشتە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا

شاندێکی کەنەدا سەردانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریای کورد و پشتگیری خۆی بۆ ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دەربڕی.

شاندەکەی کەنەدا، لە سیناتۆری پەرلەمانی کەنەدا کیم بوت، پرۆفیسۆری یاریدەری یاسای زانکۆی ئۆتاوا و زانکۆی داڵهاوس ئەلێکس نێف، باڵیۆزی پێشووی کەنەدا لە بەڵتیک سکۆت هیزرینگتۆن، ئەندامی کۆمەڵەی یاسای ئۆنتاریۆ هەدیت نیزامی، پێکهات.

شاندەکە لەلایەن جێگرانی هاوسەرۆکایەتی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، فەنەر ئەلگعیت، ڕۆبڵ بەهۆ و ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری خالید ئیبراهیم و گوڵستان عەلی لە ناوەندی فەرمانگەکە پێشوازیان لێ کرا.  

فەنەر ڕایگەیاند تاکە چارەسەر گفتوگۆی سوری-سوریە، بانگەوازی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد هاوکاربن لە چارەسەری قەیران و ململانێکانی سوریا بە گوێرەی بڕیاری ٢٢٤٥ ی نەتەوە یەکگرتووەکان.

هەروەها تیشکی خستە سەر دادگایی کردنی چەتەکانی داعش، داوای کرد کەنەدا هاوکاربێت لەم کارەدا، بەمەبەستی یەکلاکردنەوەی ئەم کێشەیەی کە مەترسییەکی جدییە بۆ سەر هەرێمەکە  و جیهان.

لای خۆیەوە کیم بات، گوتی: "پێمان وایە، دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوکاری ئەم ئیدارەیە بکات، کە هەموو هەوڵێک دەدات بۆ چەسپاندنی دادپەروەری و مرۆڤایەتی و یەکسانی".

ئەلێکس نێف، گوتی: "دەبیت بیر لە ڕۆڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەت کەنەدا بکەینەوە بۆ چارەسەرکردنی ئاڵنگارییەکانی زۆروزەبەندەکانی ئێرە، دەبێت دان بنرێت بە قوربانیدانە مەزنەکانی گەلانی باکور و ڕۆژژهەڵاتی سوریا لە بەگژاچوونەوەی داعش".

هەروەها گوتی: "بە بڕوای ئێمە، حکومەتی کەنەدی پێویستە لە سێ لایەنەوە ڕۆڵ بگێڕێت:

دەبێت هەوڵە ڕاستەقینەکان ببینین بۆ مسۆگەرکردنی گەڕاندنەوەی کەنەدییەکان و هاوڵاتییە بیانییەکانی تر، بەتایبەت کەنەدییەکان نێو کەمپ و زیندانەکان، دەبێت کەنەدا لێرە ڕۆڵی هەبێت.

دەزانین ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری جدییە لە دادگایکردنی خۆجێی ئەوانەی تاوانی دژی مرۆڤایەتیان ئەنجامداوە، ئەمە ئاڵنگارییەکی مەزنە بە ڕەچاوکردنی سنوور و مەترسیداری ئەو تاوانانەی لێرە ڕوویانداوە، دەبێت کەنەدا و وڵاتانی تر هاوکاربن لەم پرسەدا.

ماوەیەکی زۆرە. گوێبیستی بانگەوازی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دەبین بۆ دانانی دادگایەکی نێودەوڵەتی بۆ دادگاییکردنی تاوانە گەورەکان، بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بەرپرسانی ئەم پێشێلکاریانە، بەداخەوەین کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کەمتەرخەم بووە لە بەدەمەوەهاتنی ئەم بانگەوازە.

بۆیە گەڕاندنەوەی بیانییەکان و دادگا خۆجێی و نێودەوڵەتییەکان، باشترین بەرنامەیە بۆ بەدیهاتنی دادپەروەری، هەموو هەوڵێک دەدەین تاوەکو کەنەدا ڕۆڵێکی سەرەکی بگێڕێت لەم بەرنامەیەدا".