شاندێکی سەربازی باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا سەردانی پەرلەمانی فەرەنسا دەکات

شاندێکی سەربازی باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەشداری دانیشتنێکی پەرلەمانی فەرەنسا دەکەن، گفتوگۆ دەکەن دەربارەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەگژاچوونەوەی تیرۆر و قەیرانی سووریا و شۆڕشی باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.

ڕۆژی چوارشەممە، کۆمیتەی پەرلەمانی فەرەنسا پێشوازی لە شاندێکی سەربازی باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کرد، لە دانیشتنەکەدا ڕۆکسان محەمەد وتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە)، نوری مەحمود وتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)، خالید عیسا نوێنەری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە فەرەنسا ئامادەبوون.

بەگوێرەی هەواڵێکی پێگەی فەرمی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە)، شاندەکە پێشوازیان لێ کراوە «لەلایەن بەشێک لە ئەندام پەرلەمانەکانی فەرەنساوە، لەوانە: خاتوو سارە تانزلی، پەرلەمانتاری پارتی ڕێنیسانس (پارتەکەی سەرۆک ماکرۆن) و هاوسەرۆکی کۆمەڵەی لێکۆڵینەوەی کوردی و ئەندامی کۆمیتەی یاسای دەستووری و یاسادانان و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کۆمار، هەروەها بەڕێز فریدریک ماتیۆ، پەرلەمانتاری یەکێتیی گەل بۆ ژینگە و کۆمەڵگە، جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی لێکۆڵینەوەی کوردی و ئەندامی کۆمیتەی پاراستنی نەتەوەیی و هێزە چەکدارەکان، لەگەڵ خاتوو ماری پونچون، پەرلەمانتاری پارتی پێشخستن و ژینگە، هاوشان لەگەڵ زۆرێک لە پەرلەمانتار و نوێنەرانی تر».

هەر بەگوێرەی هەواڵەکە، شاندی سەربازی باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بۆ ماوەی دوو کاتژمێر، بەشداربوون لە دانیشتنی گوێگرتنی پەرلەمانی فەرەنسا، «شاندەکە بەشداربوون لە گفتوگۆکان، تێیدا باس لە چەند پرسێکی پەیوەست بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەگژاچوونەوەی شانە تیرۆریستییەکانی «داعش» و هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێکخراوەکە کرا، هەروەها شاندەکە باسیان لە قەیرانی سووریا کرد، بەتایبەت دۆخی باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لەگەڵ ئەو ئاڵنگارییانەی ڕووبەڕووی ناوچەکە دەبنەوە، لەگەڵ ئەو تاوانانەی لەلایەن تورکیا و چەتەکانییەوە لە شاری عەفرین ئەنجام دەدرێن، هەروەها شاندەکە باسی لەو شۆڕشە کرد کە بە ڕابەرایەتی ژنان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەڕێوەدەچێت، هاوشان لەگەڵ بەشداری ژنان لە کۆی جومگەکانی بەڕێوەبردن و هێزە سەربازییەکان، لەسەر هەموو ئاستەکان و بە پشتبەستن بە ئیرادە و هزری ئازادی خۆیان».

شاندەکە ئاماژەیان کرد بە تێکۆشانی بەردەوامی (یەپەژە) لە بەگژاچوونەوەی تیرۆریستانی داعش، باسیان لەوە کرد، سەرەڕای ئەم قوربانیدانەی (یەپەژە)، کەچی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا فەرماندەکانی ئەم هێزە دەکەنە ئامانج.

بەگوێرەی هەواڵەکە، دواتر شاندەکە وەڵامی پرسیار و ڕوونکردنەوەکانی پەرلەمانتارانی دایەوە.

ف.ق