شارەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا: کاروچالاکییەکان بۆ یادی ٤ ـی نیسان

لە شار و ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاوی ئامادەبووان، زنجیرەیەک کاروچالاکی بەبۆنەی ٤ ـی نیسان، ڕۆژبوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەڕێوەچوو.

ڕۆژبوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان هاوکاتە لەگەڵ ٤ ـی نیسان، بەم بۆنەیەوە مەجلیسی گشتیی هێڵی باشووری شاری ڕەقە و ئەکادیمیای شەهید عەبدولعەزیز عیسا بۆ جڤاتی دیموکراتی هەستان بە چاندنی درەخت لە هێڵی باشووری شاری ڕەقە، بە بەشداری ئەندامانی مەجلیس و ئەندامانی ئەکادیمیا و شێخ و ڕیش‌سپییەکان و مەجلیسی مەدەنی ڕەقە.

پێش چاندنی درەختەکان، ئەندامی مەجلیسی گشتی هێڵی شامیە ئیبراهیم ڕەمەزان بەیاننامەیەکی بەبۆنەی ڕۆژبوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان خوێندەوە و تێیدا هاتووە:

«لەم ڕۆژە مەزنەدا، ساڵڕۆژی لەدایکبوونی ڕێبەر ئۆجالان بەرزڕادەگرین، لەدایکبوونی ڕێبەر مۆمێکە بۆ ڕۆشنکردنەوەی ڕێگەی گەلانی چەوساوە، ڕێبەر توانی بە فەلسەفە و هزرە ئازادەکەی ڕاستی لە ژێرزەمینەکانی نەفامی و تاریکییەوە دەربهێنێت».

هەروەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە: «ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لە مناڵدانی هەموو مرۆڤایەتییەوە لەدایکبووە، بۆیە ئێمەی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەرکمانە هزری وی بڵاوبکەینەوە و پرەنسیپەکانیمان لەمەڕ فیداکاری و خۆشەویستی و ئاشتی خۆشبوێت، هەڵبەت ئەم پرەنسیپ و بۆچوونانەی ڕێبەر بڵاوی کردۆتەوە توانی هۆشیارییەک لەنێو گەلانی جیهاندا زیندوو بکاتەوە، ئەمەش بۆتە مەترسی بۆ سەر وڵاتانی سەرمایەداری و سیستەمی نوێی جیهانی».

پاشان درەختەکان لە مەجلیسی گشتیی کەسرات و چیای گوندی کەسرات لە بەرەی باشووری شاری ڕەقە چێنران.

قامیشلۆ

هەر بەم بۆنەیەوە، تەڤگەری کۆمەڵگەی دیموکراتی (تەڤدەم) لە شاری قامیشلۆ، کۆبوونەوەیەکی ڕێکخست بە ئامادەبوونی دەیان ئەندامی یەکێتی و دامەزراوەکان، لەگەڵ هاوسەرۆکایەتی تەڤگەرەکە لە ناوەندی کەلتوور و هونەری محەمەد شێخۆ.

کۆبوونەوەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدان دەستیپێکرد، پاشان هاوسەرۆکی تەڤدەم غەریب حەسۆ پیرۆزبایی ڕۆژبوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی کرد و گوتی: «لەدایکبوونی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان، ڕۆژی زیندووبوونەوەی گەلی کورد و گەلانی ئازادیخوازە، ڕۆژی ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی مێژووە».

هەروەها گوتی: «بە تێگەیشتن لە ڕێبەر و ڕاستییەکەی، دەبینین چۆن بیرۆکەکانی بە تەنها بۆ ئازادیی کورد نییە، بەڵکو لەپێناو ئازادیی هەموو گەلانی چەوساوە و ئازادیی ژنان بەتایبەت پێشخراون، بۆیە دەبێت ڕۆژبوونی وەک ڕۆژی سەرهەڵدانی ژیانی ئازاد و بەکەرامەت بۆ هەموو مرۆڤایەتی ببینین».

حەسۆ لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: «پێویستە کار و خەباتمان بەتینتر بکەین لەپێناو ئازادیی جەستەیی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان».

حەسەکە

هاوکات یەکێتیی ژنانی گەنج لە شارۆچکەی تەل تەمری سەر بە کانتۆنی حەسەکە، ئاهەنگێکیان بەم بۆنەیەوە ڕێکخست بە بەشداری دەیان کەس لە دانیشتووانی شارۆچکەکە.

ئاهەنگەکە لە گۆڕەپانی مەجلیسی خێزانی شەهیدان لە شارۆچکەکە ڕێکخرا، ئاهەنگەکە بە خولەکێک وەستان دەستیپێکرد، پاشان سینڤزیۆنێک دەربارەی ژیانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان و بەشێک لە ئاخاوتنەکانی پیشاندرا.

ئاهەنگەکە بە گوتنەوەی درووشمەکان بۆ ستایشی خەبات و بەرگریی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کۆتایی هات.