شەهید زاگرۆس چەکدار یادکرایەوە

بنەماڵەی شەهید زاگرۆس چەکدار پابەندبوونی خۆیان بە پرەنسیپی شەهیدان و درێژەدان بە بەرخۆدان و تێکۆشانیان دووپاتکردەوە.

مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان لە شارۆچکەی دەرباسیە مەراسیمێکی غیابی بۆ شەهید زاگرۆس چەکدار (مەسعود جەلال عوسمان) ئەنجامدا،  کە لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا لە ٢٧ ی شوبات شەهیدبوو، تێیدا سەدان دانیشتووی شارۆچکەکە و نوێنەرانی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکان بەشداربوون.

خێوەتێک لەبەردەم ماڵی کەسوکاری شەهید زاگرۆس لە گەڕەکی شەرقی لە شارۆچکەی دەرباسیە دانرا، مەراسیمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدان دەستیپێکرد.

لە مەراسیمەکەدا بەڕێوەبەری مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان لە کانتۆنی حەسەکە، زۆزان گوڵ، ستایشی قوربانیدانی گەلانی بەرخۆدەری کوردستانی لەپێناو هەڵگرتنی ستەم و چەوسانەوە.

زۆزان دووپاتی کردەوە، داگیرکەری تورک لەڕێگەی هێرشەکانەوە بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، دەیەوێت ڕووبەری داگیرکارییەکەی فراوانتر بکات. ستایشی بەرخۆدانی مەزنی هەپەگە و هێزە سەربازییەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریای کرد لە پووچەڵکردنی ئەم پیلانانە.

لای خۆیەوە، ئەندامی مەجلیسی سەربازی عامودا، محەمەد سەرفۆ، دووپاتی کردەوە، بەرخۆدان بەردەوامە بۆ شکستهێنان بە پرۆژەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، بەڵێنیدا بە درێژەدان بە بەرگری لە هەرێمەکە و بەدیهێنانی ئامانجی شەهیدان.

خاڵی شەهید زاگرۆس، عاسم سینۆ، بەناوی بنەماڵەی شەهیدەوە، جەختی کردەوە لە درێژەدان بە رێگەی شەهیدانی تەڤگەری ئازادی کوردستان و پابەندبوون بە پرەنسیپەکانی شەهیدان.

بە خوێندنەوەی ناسنامەی شەهید و ڕادەستکردنی بە بنەماڵەکەی، لەگەڵ نمایشکردنی سینفیزیۆنێکی وێنەی شەهیدان، مەراسیمەکە کۆتایی هات.