شەهید زیلان لە ترپەسپی و عامودا یادکرایەوە

دانیشتووانی شارۆچکەی عامودا و ترپەسپی یادی شەهید زیلان بەرزڕادەگرن، دووپاتی دەکەنەوە، لەسەر ڕێگەی شەهید زیلان و شەهیدانی پرسی کورد و ئازادی ژنان بەردەوام دەبن.

مەجلیسی شارۆچکەی ترپەسپی لە کانتۆنی قامیشلۆ، مەراسیمێکی یادکردنەوەی ڕێکخست بۆ شەهید زیلان (زەینەب کیناجی).

مەراسیمەکە لە بارەگای پەیەدە بەڕێوەچوو، دانیشتووانی شارۆچکەکە و ئەندامانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بەشداربوون. مەراسیمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدان دەستیپێکرد، پاشان بەڵگەفیلمێک پێشکەشکرا، دەربارەی مێژووی تێکۆشانی ژنی کورد لە ڕیزەکانی تەڤگەری ئازادی کوردستان و سیمبولەکانی وەک شەهید زیلان.

ئەندامی کۆنگرەی ستار، گوڵی بەحدی، نامەی شەهید زیلانی بۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان خوێندەوە.

ئەندامی مەجلیسی شارۆچکەی ترپەسپی، ئاریان محەمەد، ئاماژەی کرد بە چالاکییە فیداکارییەکەی شەهید زیلان دژی کردەوەکانی داگیرکەری تورک بەرامبەر گەلی کورد و دۆزەکەی.

ئاماژەی بەوە کرد، شەهید زیلان خاوەندارێتی کرد لە هزری ئازادیخوازی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، تیشکی خستەسەر نامەکەی شەهید زیلان و قوربانیدانەکەی لەپێناو ئەو هزرەی هەڵگری ڕزگارییە بۆ گەلی کورد.

سیاسەتی سەرکوتکەری ئەوکاتەی داگیرکەری تورکی بەستەوە بە هێرشەکانی ئێستەی سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، گوتی: "ئێمەی ژنان باوەڕمان هێناوە بە هزری ڕێبەر ئۆجالان، لە بایەخی چالاکییە فیداکارییەکەی شەهید زیلان تێدەگەین، دووپاتی دەکەینەوە، بەردەوام دەبین لەسەر ڕێبازی شەهید لەیلا و زیلان و گوڵان و سەما و ڕاپەڕین".

عامودا

لە شارۆچکەی عامودا لە کانتۆنی قامیشلۆ، ناوەندی چاند و هونەر، چالاکییەکی هونەری ڕێکخست بۆ یادکردنەوەی شەهید زیلان (زەینەب کیناجی)، کە ٣٠ حوزەیرانی ١٩٩٦ لە دێرسیم چالاکییەکی فیداکاری ئەنجامدا دژی سەربازانی داگیرکەری تورک، وەک ناڕەزایەتییەک دژی هەوڵی کوشتنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.

دانیشتووان و ئەندامانی دامەزراوەکان ئامادەی چالاکییە هونەرییەکە بوون لە هۆڵی ناوەندی چاند و هونەر.

لە چالاکییەکەدا، ١٤ تابلۆی ٧ هونەرمەند پیشاندران، لەگەڵ خستنەڕووی کارە دەستییەکانی ٣ هونەرمەند، لەگەڵ خوێندنەوەی چەند هەڵبەستێک لەلایەن ئەندامی ناوەندی چاند و هونەری عامودا، سەما ئەحمەد دەربارەی چالاکییە فیداکارییەکەی شەهید زیلان، هەروەها گرووپی شەهید دەلیلە چەند سترانێکیان چڕی.