شکست بە هەوڵێکی هێرش بۆ سەر منبج هێنرا: ٥ چەتە کوژران

ئەنجومەنی سەربازی منبج رایگەیاند کە کاتێک چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورک هەوڵیاندا هێرش بکەنە سەر پێگەیەکی هێزەکانیان لە گوندەکانی منبج، شکست بەو هەوڵەیان هێنرا و ٥ چەتە کوژران.

بە گوێرەی راگەیەندراوێکی ناوەندی راگەیاندنی ئەنجومەنی سەربازی منبج، چەتەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی "دەستەی تەحریر شام (بەرەی نوسرەی جاران)" جارێکی دیکە هەوڵیاندا هێرش بکەنە سەر پێگەکانی ئەنجومەنی سەربازی لە گوندی عەرەب حەسەنی باکووری شارەکە.

ناوەندەکە رایگەیاند کە هێزەکانی ئەنجومەنەکە بەرپەرچی هەوڵەکەیان داوەتەوە، ٥ چەتە کوژران و ١١ چەتەش برینداربوون. چەتەکان چەک و تەقەمەنیان لە پاش خۆیان جێهێشت و هەڵاتن.

لەوکاتەوەی قەسەدە لە ٢٧ ی ئاب ئۆپراسیۆنی 'پتەوکردنی ئاسایش'ی لە دێرەزور لە دژی شانە نهێنیەکانی داعش، تاوانباران و بازرگانانی مادەی هۆشبەر دەستپێکردووە، چەتەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بە چڕی هێرش دەکەنە سەر ناوچەکانی دەوروبەری منبج، تل تەمر و عەین عیسا.

ژ.ن