شۆڕشێکی گەردوونی لە جوگرافیایەکی بچوک: ڕۆژئاوا _١

با شۆڕشی ڕۆژئاوا لە هەموو ڕەهەندەکانییەوە بناسین، ئەمە میراتی شکۆداری ڕۆژهەڵاتی ناوین و جیهانە، بەهۆی ڕوانگەیەوە بۆ جڤاکێکی ئازاد و ئاشتییانە و سۆسیالیستی، لە ١٩ ی تەمموزی ٢٠١٢ لەمیانی شەڕی سوریادا بە فەرمی ڕاگەیاندرا.

سەرهەڵدانە جەماوەرییەکانی ناسراو بە "بەهاری عەرەبی" لە ١٧ ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٠ لە تونسەوە دەستیپێکرد و گەیشتە چەندین بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوین، وەک جەزائیر و لوبنان و ئوردن و سودان و یەمەن و میسڕ و سوریا. لە ١٥ ی ئازاری ٢٠١١ لە دەرعای سوریا دەستیپێکرد، پاشان گەیشتە حەمس و دیمەشق و سەرتاپای سوریا و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکە گۆڕا بۆ ململانێی سەربازی. گەلی کورد نەچووە پاڵ ڕژێمی ئەسەد و هێزە نیمچە سەربازییەکانی تری ژێر سایەی هێزە نێودەوڵەتییەکان، بەڵکو باڵی کوردی هەڵبژارد لەژێر پێشەنگایەتی پەیەدە، واتە هەمان ڕێگەی سێیەم، هەروەها هەوڵیدا بۆ گۆڕینی ئەم پرۆسەیە بۆ "بەهاری گەلان". گەلانی ڕۆژئاوا ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری خۆیان دامەزراند لەژێر پێشەنگایەتی گەلی کورد، لەشێوەی کانتۆن و مەجلیسەکان خۆیان ڕێکخست. بەمەش ڕۆژئاوا پێکهات، سەرەتا بە ڕێکخستنی بچوک خۆی ڕێکخست، دواتر بوو بە پارادایمێک بۆ حوکمی دیموکراتیک لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و جیهان، بەهۆی سەرکەوتنە یەک لە دوای یەکەکانی لە هەموو بوارەکاندا.

ڕۆژئاوا دەکەوێتە کوێوە؟

ناوچەی ڕۆژئاوا کوردستان، کە بچوکترین بەشی چوار پارچەی کوردستانە، ناودەبرێت بە ڕۆژئاوا، هەروەها ناودەبرێت بە کوردستانی سوریا. بە ڕووبەری نزیکەی ٧٠٠ کیلۆمەتر دەکەوێتە خوارووی باکوری کوردستان لەنێوان شارەکانی دێرک و عەفرین، زۆربەی دانیشتووانەکەی کوردن، لەپاڵ ئەرمەن و سریانی و ئاشوری و عەرەب و تورکمان و ئێزدی و دورزی. ناوچەی ڕۆژئاوا کە ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی ٥ ملیۆنە، پێشتر ڕێگەی کۆچی وەرزی کوردی پارچەکانی تر بووە بەهۆی زەوییە کشتوکاڵییەکانییەوە. ئەم ناوچەیە، پاش کارە شۆڤێنیستەکانی ڕژێمی بەعس تا ساڵی ٢٠١١، لە مانگی تەمموزی ٢٠١٢ لەڕێگەی شۆڕشی ڕۆژئاواوە بووە خاوەنی خۆبەڕێوەبەری.

سەرهەڵدانی سیستەمی کانتۆنەکان

پێش ١١ ساڵ، واتە لەگەڵ سەرەتای شۆڕشی ڕۆژئاوا لە ١٩ ی تەمموزی ٢٠١٢ بە پێشەنگایەتی کورد، گەلانی هەرێمە خۆیان لە نێوان کانتۆنەکان ڕێکخست هاوشان لەگەڵ ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری. لە ٢١ ی کانوونی دووەمی ٢٠١٤ لە جەزیرە و لە ٢٧ ی کانوونی دووەمی ٢٠١٤ لە کۆبانێ و لە ٢٩ ی کانوونی دووەمی ٢٠١٤ لە عەفرین ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە هەرێمە ڕاگەیاندرا. پاشان هەرزوو کارەکانی ئاوەدانکردنەوە و بوژاندنەوە لە هەر سێ کانتۆنەکە دەستیپێکرد. کانتۆنی جەزیرە گەورەترین کانتۆنە، لە ٣ شاری ناوەندی پێکدێت، ئەوانیش بریتیین لە: دێرک و قامیشلۆ و حەسەکە، لەگەڵ ١٢ شارۆچکە، ئەوانیش بریتین لە: گەرکی لەگی و رەمیلان و تەل کۆچەر و چلاغا و ترپەسپی و عامودا و تەل بەراک و دەرباسیە و تەل تەمر و تەل حەمیس و هۆل و شەدادی.

قامیشلۆ پایتەختی شۆڕشە

قامیشلۆ لە جڤاکی ڕۆژئاوادا ناسراوە بە قامیشلۆی ڕەنگین، پایتەختی شۆڕشە. دەگوترێت ئەم شارە ناوەکەی لە قامیشەکانی دەوری ڕووباری چەقچەق وەرگرتووە کە بە ناوەڕاستی شارەکەدا تێدەپەڕێت. تا ساڵی ١٩٢٦ یەکگرتوو بوو لەگەڵ شارۆچکەی نسێبین ی سەر بە مێردین، خزمایەتی نێوان دانیشتووانی قامیشلۆ و نسێبین ئەم زانیارییە دەسەلمێنێت. گەڕەکە سەرەکییەکانی شارەکە بریتیین لە عەنتەریە و هیلالیە و غەربی و کۆرنیش و قەناتی سوێس. کورد زۆرینەی دانیشتووانەکەی پێکدەهێنێت، هەروەها عەرەب و سریانی و ئاشوری و ئەرمەنیش هەن. ئەم شارەی ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی ملیۆنێک کەسە، بۆ بژێوی زیاتر پشت بە کشتوکاڵ و بەخێوکردنی مەروماڵات دەبەستن. هاوکات شارەکە ناوەندی بازرگانی سەرەکییە لە هەرێمەکە، بۆیە زانکۆی ڕۆژئاوا وەک پایتەختی پەروەردە ناودەبرێت.

لەنێو شارەکەدا، هیزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، دەزگا ئەمنییەکانی سریانی، ئەم شارە دەپارێزن. هەروەها لەنێو شارەکەدا فڕۆکەخانە و باڵەخانەی حکومی و بنکەی سەربازی حکومەتی دیمەشق هەن، سەرەڕای پێکدادانی جاروباری نێوان هێزەکان بەهۆی گرژییەکانەوە، بەڵام بەهۆی ڕێبازی هەستیاری هێزە شۆڕشگێڕەکانەوە، هەرێمەکە ئارام و سەقامگیرە.

دێرکا حەمکۆ: ئەو شارەی تێیدا ٣ پارچەی کوردستان یەکدەگرن

دێرک یان دێرکا حەمکۆ، ٩٠ کم دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی قامیشلۆ، لە سێگۆشەی باکور و باشور و ڕۆژئاوای کوردستانە، دەگوترێت ناوەکەی لە وشەی کوردی "دێر" یان کەنیسەوە هاتووە. کاتێک دێرک لەژێردەستی داگیرکەری فەرەنسی بوو، ناوبرا بە "شارۆچکەی دیجلە" بەو هۆیەی ڕووباری دیجلە بەتەنیشتیا تێدەپەڕێت. هەروەها بە "شاری بەدو" دەناسرێت چونکە ناوچەی کۆچی وەرزییە لەنێوان باکور و ڕۆژئاوای کوردستان. کوردەکان زۆرینەن، هەروەها سریانی و ئەرمەن و ئاشوری و کلدان و عەرەب هەن. ناوچەکە زیاتر پشت دەبەستێت بە بەروبوومەکانی وەک گەنم و نیسک و نۆک و پەمو و گوێز، لەگەڵ بەخێوکردنی مەروماڵات. هەروەها چەند بیرە نەوتێک هەن، چەندین پرد و ئەشکەوت و نشینگەی دێرین هەن لەسەر ڕووباری دیجلە وەک ئەشکەوتی "زەمبیل فرۆش" و گونمدی حەمۆکەر و پردی ڕۆمانی و پردی بافێ.

گەرکی لەگی _ڕەمیلان

هەردوو شارۆچکەی گەرکی لەگی _ڕەمیلان و ٢٠ کم لە دێرک دوورن، دەگوترێت، لەنێوان ساڵانی ١٩٣٤ و ١٩٣٨ بونیاد نراوە، سەرەتا نزیکەی ١٥ خێزان تیای دەژیان. لە هەردوو ناوچەکە کورد و عەرەب و ئێزدی و سریان و ئەرمەن دەژین، لەبەرئەوەی ناوچەیەکی نەوتییە، کرێکارانی نەوت لە ناوچەکانی ترەوە دێنە ئەوێ بۆ نیشتەجێبوون، دەگوترێت ڕەمیلان، لەسەر شێوەی نشینگە دروستکراوە، سەرەتا بۆ کرێکارانی نەوت بونیادنراوە. چەندین پاشماوەی مێژوویی و بەبەردبوو لەوێ دۆزراونەتەوە. گەرکی لەگی، دەگوترێت ناوەکەی لە "لەقلەقی سەر گردەکان" وەرگرتووە، واتە ئەو لەقلەقانەی بەسەر گردی شارۆچەکەکە دەفڕین. ئەمە شارۆچکە یان نشینگەیەکە لە نزیکی کێڵگەی نەوتی ڕەمیلان، کشتوکاڵ سەرچاوەی سەرەکی بژێوی هەردوو ناوچەکەیە و بە خاکە سەوزەکەیان دەناسرێنەوە.

چلاغا

چلاغا ٥٠ کیلۆمەتر لە شاری قامیشلۆوە دوورە، لەنێوان ڕەمیلان و ترپەسپی، باکوری درێژ دەبێتەوە تا سنوورەکانی باکوری کوردستان، ئەم ناوچەیە لە بیستەکانی سەدەی پێشوو وەک کەمپ بەکارهات، شوێنی گۆڕانە بەردەوامەکانە، هەر لەوکاتەوەی بۆتە ناوەندی جێبەجێکردنی پرۆژە شۆڤێنییەکانی داگیرکەری عوسمانی و پاشان ڕژێمی بەعس. بەهۆی گرتنەوەی ئاوی چەمی گری دێر لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە لە ساڵی ١٩٧٨، ئاستی کشتوکاڵ بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی. کورد و عەرەب زۆرینەی دانیشتووانەکەی پێکدەهێنن.   

تربەسپی

تربەسپی دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی شاری قامیشلۆ و ڕۆژئاوای چلاغا، تا دەگاتە سنووری قەزای نسێبین ـی سەر بە مێردین لە باکوری کوردستان. گردی لەیلان کە دەگوترێت کۆنترین نشینگەی مێژووییە و دەگەڕێتەوە بۆ ٤ هەزار ساڵ پێش زایین، دەکەوێتە ٩ کیلۆمەتر لە باشووری تربەسپی. دەگوترێت ناوەکەی لە دوو وشەی کوردی پێکهاتووە "Tirb" واتە گۆڕ و" Spî" سپی. نزیکەی ٢٠ هەزار کەس لەم شارۆچکەیە دەژین، ناوەکەی لە دەرکەوتنی گۆڕە سپییەکانی جڤاکی ئێزدییەوە هاتووە، کوردی ئێزدی و کوردی سونە و عەرەب و سریان تێیدا دەژین.

پاش داگیرکاری عوسمانییەکان، ناوەکەیان گۆڕی بۆ "سەنجەق" و وەک هەرێمێکی سەربازی بەکاریان هێنا، پاشان لە ساڵی ١٩٧٠ لەسایەی ڕژێمی بەعس ناوەکەی گۆڕا بۆ "قەحطانیە"؛ لەگەڵ شۆڕشی ڕۆژئاوا، بەفەرمی لەلایەن دانیشتووان و خەڵکە ڕەسەنەکەوە ناونرا بە تربەسپی.

ئەم شارە وەک ناوەندێکی بازرگانی و ئابووری، بەهۆی لافاوەکانی ٢٨ ی حوزەیرانی ١٩٦٢ زیانی گەورەی بەرکەوت، ٣٠ کەس مردن. دوو بەنداو لە تربەسپی هەن، بەنداوی مزگەفت و بەنداوی مەعشوق، بۆیە شوێنێکی گونجاوە بۆ کشتوکاڵ و بەخێوکردنی مەروماڵات، هەروەها ناوەندێکی سەرنجڕاکێشی ژیانی گوندەوارییە، نزیکەی ١١٥ گوند سەر بەم شارۆچکەیەن.