شۆڕشێکی گەردوونی لە جوگرافیایەکی بچوک: ڕۆژئاوا_٢

لەم بەشەدا، عامودای دێرینترین نشینگە، حەسەکەی پەناگەی کۆچبەران، دەرباسیە و سەرێکانی بن دەستی داگیرکەری تورک دەناسین.

لە بەشی دووەمی فایلەکەماندا، باس لە شاری حەسەکە دەکەین کە سەدان هەزار کۆچبەری تێدایە، باس لە عامودا دەکەین کە دێرینترین نشینگەی هەرێمەکەیە، دەرباسیە کە دەروازەی تێپەڕینە بە چیاکانی کوردستاندا، سەرێکانی کە لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ ـەوە لەژێر دەستی داگیرکەری تورکە.

پەناگەی کۆچبەران: حەسەکە

شاری حەسەکە ناودەبرێت بە هێلانەی پەناگەی کۆچبەران، دەکەوێتە ناوەندی ڕۆژئاوا، ئەم شارە خاڵی تێپەڕینە لەنێوان کانتۆنی جەزیرە و فورات، ژمارەی دانیشتووانەکەی ملیۆنێک کەسە، کورد و عەرەب و سریان و ئەرمەن و ئاشوری و شیشانی دەژین، زۆرترین کۆچبەر لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەم شارە دەژین.

نشینگەی سەردەمی ئەکەدی و ئاشوری و بابلی لەدەوروبەری چیای کەزوان هەن کە دەکەوێتە بەشی باشوری شارەکە. کشتوکاڵ و بەخێوکردنی مەروماڵات سەرچاوەی سەرەکی بژێوی بووە لە حەسەکە بۆ ماوەی دوو درێژ،بەهۆی تێپەڕینی ڕووباری خاپور بەنێو شارەکەدا. بەڵام ئێستە کشتوکاڵ و بەخێوکردنی مەروماڵات کەمی کردووە بەهۆی گرتنەوەی ئاو لەلایەن تورکیاوە. هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئاسایشی زۆربەی شارەکە دەپارێزن، لەگەڵ هەبوونی خاڵی پشکنینی سەر بە هێزەکانی سریانی و ئاشوری. بەڵام لە بازاڕی شارەکەدا، هێزەکانی حکومەتی دیمەشق هەن. هاوکات دەیان هەزار زیندانی داعش هەن، لەگەڵ زیاتر لە ٦٠ هەزار بنەماڵەی داعشی لە کەمپی هۆلی سەر بە حەسەکە.

دێرینترین نشینگەی ڕۆژئاوا: عامودا

شاری عامودا دەکەوێتە نێوان قامیشلۆ و دەرباسیە، هەروەها بەناوی کانی دارا دەناسرێتەوە، لە سەردەمی ئاشوری ناودەبرا بە تەل ئامادا، ناوی عامودا لە وشەی (Amade) ی کوردی هاتووە واتە ئامادە، لە شەڕەکانی ئەوکاتە بەوە ناسرابوو "ئەو گردەی هەمیشە یەکەی سەربازی تێدا ئامادەیە". عامودا یەکێکە لە نشینگە دێرینەکانی ڕۆژئاوا. کوردەکان زۆرینەن، لەگەڵ کەمینەیەک عەرەب و ئەرمەن. چەند گردێکی مێژوویی هەن، وەک تەل مۆزان و تەل حەتین لەسەر سنوور، هەروەها شارەکە وەک ڕێگەی بازرگانی بەکارهاتووە.

دەرباسیە

ناوی شارەکە هاوتای شارۆچکەی قۆسەری سەر بە مێردینە لە زمانی کوردیدا "cihê derbasbûnê" واتە ڕێگەی دەربازبوون. ئەو ناوچەیەی گوزەرگای دەربازبوونە لەنێوان مێردین و قەرەچداغ ناودەبرێت بە دەرباسیەی بنخەت، واتە دەرباسیەی ژێر هێڵی سنووری، شارۆچکەی قۆسەر ناودەبرێت بە دەرباسیەی سەرخەت، واتە سەرهێڵی سنووری. شارەکە بەسەر دوو پارچەدا دابەشبووە بەهۆی تێپەڕینی هێڵی ئاسنین بە ناوەڕاستی شارەکەدا. هەروەها بە ناوەندی کشتوکاڵ دادەنرێت، کورد و عەرەب و سریانی و ئەرمەن تێیدا دەژین.

تەل تەمر

تەل تەمر، یان بە کوردییەکەی گردی خورما، لەلایەن ئەو کورد و ئاشوریانە بونیادنراوە کە لە کۆمەڵکوژییەکەی سیمێل لەنێوان ساڵانی ١٩٣٣ و ١٩٣٥ دەربازبوون. تەل تەمر ٤٠ کم دەکەوێتە باکوری شاری حەسەکە. ئەو ئاشوری و سریانیانەی لە کۆمەڵکوژی ساڵی ١٩١٥ دربازبوون لەگەڵ کورد و عەرەب دەژین لە شارۆچکەی تەنیشت ڕووباری خاپوور. هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و هێزەکانی سریانی و ئاشوری ئەم شارۆچکەیەی سەر بە کانتۆنی حەسەکە دەپارێزن. هەمیشە ناوی لە ڕۆژەڤی بۆردومان و شەڕدا بووە لە سەرەتای داگیرکردنی سەرێکانی لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە.

سەرێکانی

یەکێکی تر لە شارە گرنگەکانی کانتۆنی جەزیرە، سەرێکانییە، گردی تەل خەڵەفی لێیە، یەکێکە لە دێرینترین نشینگەکانی مرۆڤ. کورد و عەرەب و ئەرمەن و سریان و تورکمان و جەرکەس و شیشانی تا سەرەتای ٢٠١٩ پێکەوە دەژیان. دەوڵەتی تورک، لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ لەژێر ناوی "ئۆپەراسیۆنی کانی ئاشتی" هێرشی کردە سەر شارەکە و دڕندانە بۆردوومانی کرد، بەهۆیەوە دانیشتووانەکەی چوونە حەسەکە و دەوروبەری لەپێناو خۆپاراستن لە داگیرکەران.

هەروەها شارەکە بەناوبانگە بە شوێن و کانییە مێژووییەکانی، ناوەندی کشتوکاڵ و بەخێوکردنی مەروماڵات بووە.