شۆڕشێکی مێژوویی لە جوگرافیایەکی بچوک: ڕۆژئاوا_٣

لەم بەشەدا سەبارەت بە ڕۆژئاوا، هەرێمەکانی تەل کۆچەر و تەل حەمیس و شەدادی و هۆل لە باشوری ڕۆژئاوا و سەر سنووری عێراق دەناسێنین.

ئەمجارە باس لە ڕەوشی جوگرافی و مێژوویی شارۆچکەی تەل کۆچەر و تەل بەراک و تەل حەمیس و شەدادی و هۆل لە باشوری کانتۆنی جەزیرە دەکەین، کە گەورەترین کانتۆنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوایە.

ئەو دەروازەیەی بەڕووی عێراقدا کراوەیە: تەل کۆچەر

تەل کۆچەری سەر سنووری عێراق، ٩٠ کم دوورە لە شاری قامیشلۆی پایتەختی شۆڕشی ڕۆژئاوا. ناودەبرێت بە تەل کۆچەر، چونکە کوردەکانی دێرک کە خاڵی یەکتربڕینی سێ پارچەی کوردستانە، لە پایزدا دێنە ئێرەوە و ئاژەڵ و بەرهەمەکانیان دەفرۆشن. ژمارەی دانیشتووانەکەی ٥٠ هەزارە. زۆربەیان کورد و عەرەبن. پاش ٥ ساڵ لە دروستکردنی شارۆچکەکە، کە دەگوترێت ساڵی ١٩٢٥ دروستکراوە، واتە لە ساڵی ١٩٣٠، هەندێک لە بنەماڵەکانی هەرێمی مێردین کۆچیان کرد بۆ ئێرە، لەماوەی داگیرکاری فەرەنسییەکان، کرێکارانی هێڵی ئاسنین لەوێ نیشتەجێ کران.

تەل کۆچەر دەروازەی ناوەندی بازرگانییە لەسەر سنووری عێراق و سوریا، بەڵام هاوکات شوێنێکی گونجاوە بۆ کاری کشتوکاڵی.

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و هێزەکانی سەنادیدی سەر بە هەسەدە، ئاسایشی شارەکە دەپارێزن.

دەروازەی سنووری تەل کۆچەر، گەورەترین دەروازەی نێوان سوریا و عێراق، لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٣ لە دەستی چەتەکانی داعش ڕزگارکرا، پاش تێکۆشانێکی بێ وێنەی یەپەگە، بووە بە دەروازەی گواستنەوەی هاوکاری بۆ سوری و ئاوارەکانی هەرێمەکە. بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٠، بە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی داخرا بەهۆی فیتۆی ڕوسیا و چینەوە.

شارێکی دێرینی میزۆپۆتامیای سەروو: تەل بەراک

تەل بەراک ٥٠ کم دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی حەسەکە، ناوچەیەکی دێرینە، یەکێک بووە لە گەورەشارەکانی میزۆپۆتامیای سەروو لە ٤٠٠٠ ساڵ پێش زایین. چەندین گەلی وەک خەلەفییەکان و سامییەکان و هورییەکان لەم ناوچەیە ژیاون. بەهۆی پێگە تایبەتەکەی وەک شارێکی ستراتیژی دێرین. بۆتە ناوەندێکی بازرگانی لەنێوان باشوری میزۆپۆتامیا و ئەنادۆڵ. کارە شوێنەوارییەکانی شارەکە تا ساڵی ٢٠١١ درێژەی کێشا، بەڵام لەگەڵ شەڕی ناوخۆی سوریا کارەکان وەستا. شارۆچکەی تەل بەراک و ٢٤٧ گوندەکەی دەوروبەری، ڕووبەڕووی هێرشی داعش بوونەوە لە ساڵانی ٢٠١٤_٢٠١٥. پاش ڕزگارکردنی لە ئازاری ٢٠١٥، کورد و عەرەب پێکەوە دەژین، بەرهەمی کشتوکاڵی تێدا دەچێنرێت، بۆ فەراهەمکردنی پێویستییەکانی هەرێمەکانی دەوروبەر.

تەل حەمیس لە هەرێمی ستراتیژی

تەل حەمیس ٤١ کم دەکەوێتە باشوری قامیشلۆ و ٧٦ کم دەکەوێتە باکوری ڕۆژهەڵاتی حەسەکە، هەروەها درێژدەبێتەوە تا سنوورەکانی شەنگال، کورد و عەرەبی تێدا دەژین و ١٢٩ گوند دەکەوێتە سەری.

تەل حەمیس بە سەرکەوتنی یەپەگە و یەپەژە دژی داعش لە ٢٧ ی شوباتی ٢٠١٥ دەناسرێتەوە. تەل حەمیس دەکەوێتە نێوان قامیشلۆ و حەسەکە، چەتەکانی داعش بەردەوام پیلانی تایبەت دژی ناوچەکە جێبەجێ دەکەن. لەم ناوچەیەدا گەورەترین کۆگای تەقەمەنی داعش لە ڕۆژئاوا دۆزرایەوە، لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ.

شەدادی

شەدادی ٥٤ کم لە حەسەکەوە دوورە، لە حەوزەی ڕووباری خاپوور بونیادنراوە. کورد و عەرەب لە شارەکە دەژین. لەپاڵ کشتوکاڵ و مەڕداری، دەرهێنانی نەوتیش لەوێ هەیە. داعش چەندین هێرشی دڕندانەی کردە سەر ئەم ناوچەیە. لە ١٩ ی شوباتی ٢٠١٦، لەلایەن یەپەگە و یەپەژەوە لەدەستی چەتەکانی داعشی سەر بە دەوڵەتی تورک ئازادکرا.

ناوچەی هۆل کە بە کەمپەکەیدا دەناسرێتەوە

هۆل ٤٥ کم دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی شاری حەسەکەوە، شارۆچکەیەکی بچوکە، باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەبەستێتەوە بە سنوورەکانی عێراقەوە. پاش ئەوەی چەتەکانی داعش لە شەڕی ناوخۆی سوریا داگیریان کرد، شاری هۆل لەلایەن یەپەگە و یەپەژەوە لە ١٣ ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥ ئازادکرا. ناوچەی هۆل کە زۆربەی دانیشتووانەکەی عەرەبە، بە کەمپی هۆل دەناسرێتەوە کە لەلایەن کۆمیسیۆنی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە ساڵی ١٩٩١ دامەزرا، ئێستە نزیکەی ٦٠ هەزار بنەماڵەی داعشی دەگرێتەخۆ، لەژێر دەستی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریایە.

سبەی: شۆڕشێکی گەردوونی لە جوگرافیایەکی بچوک ... ڕۆژئاوا_٤: کانتۆنی کۆبانێ