شۆڕشی ڕۆژئاوا بە ڕۆحی سەرکەوتن گەورە بوو

هەڵمەتی ١٥ی ئاب (تەباخ) کە یەکەم فیشەکی گەریلایە، بناغەی شۆڕشی ڕۆژئاوای دانا. دوای ھەڵمەتی ١٥ی ئاب، لە ڕۆژئاوا، ناوی عەگید لەسەر منداڵان دانرا، سەدان کەسیش ڕوویان لە چیا ئازادەکان کرد.

ئەو قۆناغەی، لە دژی ڕژێمی فاشیستی ١٢ی ئەیلوول، لە ١٥ی ئابی ١٩٨٤، بە چالاکییەکان لە دھێ و شەمزینان دەستیپێکرد، وەک ھەڵمەتێکی شۆڕشگێڕی گەریلا لە ڕۆژئاوا بڵاوبووەوە. ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان لە سەرەتایی قۆناغی هەڵمەتی ١٥ی ئابدا وتبووی: "هەڵمەتی پێداگری، کۆڵنەدان و هیوا". لە وڵاتپارێزەرانی ڕۆژئاوا ئەسما موراد و بەشیر نوری باس لە کاریگەریی هەڵمەتی ١٥ی ئاب لەسەر ڕۆژئاوا بۆ ئاژانسی فورات (ANF) دەکەن.

ئەسما موراد، کە ساڵی ١٩٨٨ بە بزووتنەوەی ئازادی کوردی ئاشنا بووە، ساڵی ١٩٩١ چووەتە ئەکادیمیای شەهید مەحسوم کۆرکماز لە لوبنان. لەوێ ھەم چاوی بە ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان کەوتووە، ھەمیش لە ئەکادیمیای مەحسوم کۆرکماز جەژنی ژیانەوەی ١٥ی ئابی پیرۆز کردووە. لە ساڵی ۱۹۹۱ بەدواوە زیاتر لە نزیکەوە بزوتنەوە ئازادی کوردی ناسی و لە هەموو ساتەکانیدا خزمەتی گەلی کوردی کردووە. ئەسما موراد لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا ۳ جار دەستگیرکراوە، ئەشکەنجە دراوە، بەڵام لەسەر وەفاداری بۆ گەل و تێکۆشان لەپێناو ئازادی کورد سازشی نەکردوە.

ئەسما موراد باسی لەوەکرد، گەلی کورد خۆشی چاوەڕێی نەدەکرد، بگاتە ئەم ئاستە و ڕایگەیاندوە، ھەنگاوی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان و قۆناغی هەڵمەتی ١٥ی ئاب بووە ڕێخۆشکەر بۆ قۆناغەکانی دوای خۆی.

وتیشی: بەرخۆدان لە باکوور بۆ خەڵکی ڕۆژئاوا بووە سەرچاوەی ورە، لە باکوور هەمووان لە تەمەنی ٧ بۆ ٧٠ ساڵەوە ھەستانەوە و هەوڵییان دا هاواری تێکۆشان ببیسترێت، لەو بارودۆخەدا خەڵکی ڕۆژئاوا نەیاتوانی بێدەنگ بن، ڕێبەر ئاپۆش لەو کاتەدا لە سوریا بوو و گرنگترین هۆکاری هەڵبژاردنی بەرخۆدان بوو، بە تێپەڕبوونی کات باشتر تێگەیشتین کە ١٥ی ئاب چۆن لە ڕۆژئاوا دەنگی دایەوە. لەبیرمە، چۆن بەشێکی زۆر لە ڕۆڵەکانمان بەشداری بەرخۆدان و ڕوویان لە چیا ئازادەکان کرد و چوونە ڕیزەکانی بزووتنەوەی ئازادیی کوردەوە.

ئەسما موراد جەختیشیکردەوە، ھەڵمەتی ١٥ی ئاب، لە مێژووی گەلی کورددا قۆناغێکی چارەنووسسازە. ئەگەر داگیرکەران نەیانتوانی بە ئامانجەکانیان بگەن، بەهۆی خاوەنداریکردنمان لە ئاڵای بەرخۆدان لەو ڕۆژەدا بوو. گوشار، ستەم و ئەشکەنجەدان لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە زۆر بوو، لەو کاتەدا نەماندەتوانی بە شێوەیەکی ئازاد ١٥ی ئاب پیرۆز بکەین، بەڵام ئەمڕۆ لە خاکی ئازاد، بە شێوەیەکی ئازاد پیرۆزبایی ١٥ی ئاب دەکەین.

لەسەر منداڵان ناوی عەگید دانرا

بەشیر نوری، هێشتا خوێندکار بوو، کە ساڵی ١٩٨٤ بزوتنەوەی ئازادیی کوردی ناسی، ماوەی ٣٩ ساڵە درێژە بە تێکۆشانی دەدات. بەشیر نوری تیشکی خستە سەر کاریگەری تەقاندنی یەکەم فیشەک لەسەر ڕۆژئاوا و وتی "ساڵی ۱۹۸۴ قۆناغێکی بەجۆرە بوو، کە تێکۆشانی ئازادی کورد لە دژی هەوڵەکانی بۆ پاکتاوکردن گەشتر دەبوو و پەرەی دەسەند، پێشتر ڕۆحی بەرخۆدانی لەو شێوەیەم نەبینیبوو، دوای ١٥ی ئابی ١٩٨٤، هەر بنەماڵەیەک  کە ناوی هەڤاڵ عەگیدیان بیستبوو، ناوی عەگیدیان لەسەر منداڵەکانیان دادەنا، یەکێک لەو خێزانانەش بنەماڵەی من بوو و ناوی عەگیدیان لەسەر براکەم کە ساڵی ١٩٨٦ لەدایکبووە، دانا.

بەشیر لە دریژەی قسەکانی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لەو کاتەدا کە دوژمنانی گەلی کورد دەیانویست تێکۆشانی ئازادیی کورد لەناوبەرن، ھەڵمەتی ۱۵ی ئاب وەڵامێکی گەورە بوو. دوژمن دەیویست گورزێکی گەورەی لێبدات. نەک تەنها لە باکوور، بەڵکوو لە ھەر شوێنێک کە کوردی لێبێت ھەناسەی ببڕێت و بخنکێنێت، بەڵام ھەڵمەتی ١٥ی ئاب بە پێشەنگایەتی ھەڤاڵ عەگید وەڵامی هەموو هێرشەکانی دایەوە. نیشانی دا ناتوانرێت ڕاپەڕین و بەرخۆدانی گەل سەرکوت بکرێت. لە ڕۆژئاوای کوردستان گەل لە نێو ھەلومەرجێکی ئاساییدا نەبوو. ڕوبەڕووی گوشار و ستەمێکی زۆری ڕژێمی بەعس دەبووەوە. دەیانویست گەل بێدەنگ و سەرکوت بکەن، بەڵام لە دوای ساڵی ١٩٨٤ گۆڕانکارییەکی گەورە لە بەرخۆدانی گەلدا ڕوویدا، جۆش و خرۆشی گەل زیاتر و بوێرتر بوون ."

"شۆڕشی ڕۆژئاوا لە ڕێگەی هەڵمەتی ١٥ی ئابەوە گەورە بوو"

بەشیر باسی لەوەشکرد، ھەڵمەتی ١٥ی ئاب لە ڕۆژئاوای کوردستان، قۆناغێکی نوێی دەستیپێکرد و وتی، "ئیتر ناوی عەگید بۆ گەل پیرۆز بوو، گەلی کورد قۆناغێکی نوێیان دەستپێکردبوو، کە ژیانیانی گۆڕی و هەڤاڵ عەگید بوو بە ڕەمزێک. بۆ گەلێک کە لە لێواری لەناچووندا بوو، قۆناغێکی زۆر واتادار بوو، بۆ پاراستنی ھەبوونی خۆی، دەبوو بڕوایەکی بەهێزی بە بەرخۆدان هەبێت، گەلیش بەرخۆدانیان هەڵبژارد، ئەگەر ئەمڕۆ لە ڕۆژئاوای کوردستان شۆڕش ڕوویدابێت، ئەوە دەرئەنجامی قوربانیدان و ڕەنجی ۱۵ی ئاب و قۆناغەکانی دوای ئەوە. چونکە هەنگاوی ۱۵ی ئاب کاریگەری لەسەر کوردستان و گەل هەبوو. بەم کاریگەرییەش شۆڕش ھاتەئاراوە.

ژ.ن