شەڕڤانی یەپەژە جودی عەگید لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی دەوڵەتی تورک شەهید بوو

ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی یەپەژە رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشی دەوڵەتی تورکی داگیرکەردا لە ١١ ئایار کە لە رێگەی فڕۆکە بێفرۆکەوانی هێرشبەر ئەنجامدراوە، شەڕڤانێکیان بە ناوی جودی عەگید (توگبا کاراکۆچ) شەهید بووە.

ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) راگەیاند کە شەڕڤانێکیان بە ناوی توگبا کاراکۆچ شەهید بووە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: " هاوڕێمان توگبا کاراکۆچ بە ناسناوی جودی عەگید ساڵی ١٩٩٥ لە ناو بنەماڵەیەکی وڵاتپارێز لە ئامەد لەدایکببوو. دوو برای پێشتر بەشدارییان لە ریزەکانی بزوتنەوەی ئازادیی کوردستاندا کردبوو، ئەوەش کاریگەری زۆری لە سەر هاوڕێمان دانا و ساڵی ٢٠١٣ رووی کردە چیاکانی کوردستان و دوابەدوای دەستپێکردنی هێرشی چەتەکانی داعش چووە رۆژئاوای کوردستان و لە ریزی یەپەژەدا درێژەی بە تێکۆشاندا".

ئاماژەی بەوەشکردووە: " رۆژی ١١ی ئایار هاوڕێمان جودی عەگید لە ئەنجامی هێرشی فڕۆکەی بێفرۆکەوانی هێرشبەری دەوڵەتی تورکی داگیرکەر شەهید بووە. دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بە ئامانجی پاکتاوکردنی پێشەنگانی شۆڕشی ژنان لە رۆژئاوا هێرشی ناجوامێرانەی لەم شێوەیە ئەنجام دەدات.

لە کۆتاییشدا رایگەیاندووە: "ئەو بەڵێنەی بەشەهیدانمان داوە، پابەندیمان بەو بەڵێنەی بە شەهیدانی ئازادی گەلانمان داوە بە مسۆگەر کردنی ئایندەی ئازاد واتای راستەقینەی بەبەردا دەکرێت. سەرەخۆشی لە بنەماڵەی وڵاتپارێزی کاراکۆچ و هەموو گەلە شکۆمەندەکەمان دەکەین کە خاوەنداری لە ئازادی دەکەن. تۆڵەسەندنەوە جێبەجێکردنی بەڵێنەکەمانە.

ناسنامەی هاوڕێمان کە شەهید بووە بەم جۆرەیە:

ناسناو: جودی عەگید

ناو و پاشناو: توگبا کاراکۆچ

ناوی دایک: موزەیەن

ناوی باوک: محەمەد سادق

شوێنی لەدایکبوون: ١٩٩٥/ ئامەد

کات و شوێنی شەهیدبوون: ١١.٠٥.٢٠٢٣/ چەلەبیە".

هـ . ب