عەشیرەتەکانی ڕەقە بۆ عەشیرەتەکانی دەیرەزۆر: پشتگیری قەسەدە بکەن

عەشیرەتەکانی ڕەقە بانگەواز لە عەشیرەتەکانی دەیرەزۆر دەکەن، پشتگیری لە قەسەدە بکەن کە ئۆپەراسیۆنێک دژی چەتەکانی داعش و بازرگانی مادەی هۆشبەر ئەنجام دەدات.

شێخ و ڕیش‌سپیانی عەشیرەتەکانی ڕەقە لەبەردەم بارەگای مەجلیسی شارۆچکەی حەزیرە لە باکوری شارەکە کۆبوونەوە و ڕاگەیاندراوێکیان خوێندوە. ڕیش‌سپی عەشیرەتی طائی، شێخ عەلی ئەلطائی، ڕاگەیاندراوەکەی خوێندەوە. بانگەواز لە عەشیرەتەکانی دەیرەزۆر کرا، ڕێگە لە هەوڵی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بگرن و پشتگیری قەسەدە بکەن. گوتیان: "ئێمەی پێکهاتەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، کورد و عەرەب و سوریانی و چیچانی هەموو لە یەک سەنگەرداین".

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئامانجی قەسەدە بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر و داعش و گەندەڵی و پلانی دەرەکییە بە ئامانجی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری هەرێمەکە. دەڵێت: "دوای ئەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری شکستی بە تیرۆر هێنا، هەندێک لایەنی دەرەکی هەوڵی تێکدانی ئاسایشی هەرێمەکە دەدەن".

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر هەرێمەکە شەرمەزار کرا و بانگەوازی قەسەدە کرا، ئەرکی پاراستنی دەستکەوتەکانی شەهیدان بەجێ بهێنن، دانیشتووان بپارێزن و دژی تاڵانچیەکان بوەستنەوە.

لە کۆتاییدا عەشیرەتەکانی ڕەقە هیوای سەرکەوتنیان بۆ هێزەکانی قەسەدە خواست.