"تا کۆتایی تێکۆشان دەکەین و سەرکەوتن مسۆگەر دەکەین"

ماھیر محەمەد لە کەمئەندامانی شۆڕشی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕایگەیاند، "بەبێ دوودڵی کۆمەڵگایەکی ئەخلاقی و سیاسی بنیاد دەنێین و تا گەیشتن بە سەرکەوتن تێکۆشان دەکەین".

شۆڕشی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، کە بووەتە نموونە لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە سەرانسەری جیهاندا سوودی لێ وەردەگیرێت، بە قوربانیدان و تێچوویەکی قورس گەیشتووەتە ئەم ئاستە. لەو پێناوەدا هەزاران شەهید دراوە و دەیان هەزار شەڕڤانیش بریندار بوون. یەکێک لە کەمئەندامانی ئەو شۆڕشە، ماهیر محەمەدە.

ماهیر محەمەد باسی چیرۆکەکەی بۆ ئاژانسی فورات (ANF) کرد. ماهیر، کە ساڵی ١٩٩٨ لە گوندی مەرەسەری کۆبانێ لەدایکبووە، وتی: "لە کاتی شەڕی داعشدا وەک هەموو گەنجێکی کورد. بە مافی خۆم دەزانی کە بەشداری شۆڕش بکەم و بەپێیەش بەشداریم کرد. لەو کاتەدا شاری منبج لەدەستی چەتەکان ڕزگار کرابوو. لە ھەڵمەتی ڕزگارکردنەکەدا منیش ئامادە بووم. کاتێک بەرەو ئەرکەکەمان دەڕۆیشتین، ئۆتۆمبێلەکەمان بەسەر مینێکدا ڕۆیشت، دوای ئەوەی تەقییەوە، بە شەرمەوە سەیری جەستەمم کرد، بینیم کە پارچە پارچە بووە .هاوڕێکەشم شەهید بوو. بە چاوێکی پڕ لە فرمێسکەوە دەستم خستە سەر ڕوخساری و ماڵئاواییم لێکرد، دوورکەوتنەوە لە ھاوڕێیەتی پێناسە ناکرێت."

ماهیر محەمەد ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا ڕێگەی کۆمەڵگەی ئەخلاقی و سیاسی گرتووەتەبەر و وتی: "لە ناوچەی سرین لە سایلۆی گەنم بۆسەیەک دانرابوو، لەوێش جارێکی دیکە مینێک بە ئۆتۆمبێلەکەمان تەقایەوە. دەستی ڕاستم و چاوێکم لەدەستدا. کاتێک بۆ دواجار سەیری جەستەمم کرد، بینیم کە ئیتر دەستم نەماوە و دنیا لەبەر چاوم ڕەش بووە، ئایا شەهید بووم، یان لە خەودا بووم؟ لەو کاتەدا سەرم سوڕما و بێدەنگ بووم. لەو ساتەدا پێم وابوو کۆتایی ژیانمە و قیامەتە."

ماهیر محەمەد لە درێژەی بە قسەکانی دا وتی: "لەو ساتەدا، تەنها ئەو وتەیەم بیرکەوتەوە کە دەیوت: 'ئێمە بە گەنجی دەستمان پێکرد، بە گەنجیش سەردەکەوین'، ئەو وتەیە بۆ من بوو بە سەرچاوەی ھێز، کە بتوانم ھەستمە سەر پێ و بڵێم ئێمە بوونمان ھەیە".

وتیشی: بەڵێنم بەخۆم دا، ئەگەر تەنیا پارچەیەک لە جەستەم بمێنێت، لە پێناو بنیادنانی کۆمەڵگایەکی ئەخلاقی و سیاسی بێ دوودڵی خۆم فیدا بکەم. دەستەکانم نەماون و چاوەکانیشم، ئێستا بەڵێنم بە خۆم داوە تا کۆتایی سەرکەوتن مسۆگەر دەکەین و دژی دوژمنمان سەرھەڵدان دەکەین. ڕاستە کەمئەندامم، بەڵام لە ڕووی فکرییەوە لە سایەی ڕێبەر ئاپۆ خۆمان سەلماند. ڕۆژ بە ڕۆژ گەشەم بەو ھیوایەداوە، کە لەنێو گەنجانی داھاتووی سوریا جێگە دەگرم".

ژ.ن