"تێکۆشانی نەتەوەیی ئەنجامدا، پەدەکە دەستگیری کرد، دەوڵەتی تورک کوشتی"

ڕۆژنامەوان ستێرک گوڵۆ باسی لە ڕەیحان عامودای هاوڕێی کرد و گوتی: "ڕەیحان، کچە بچوکی بنەماڵەی شوێش، لەدوای خۆی میراتێکی تێکۆشانی ٣٨ ساڵەی جێهێشت لە ژیانی ئازاد و تێکۆشانی مەزن".

لێمان شوێش لەنێو ڕیزی تێکۆشانی ئازادیدا بەناوی ڕەیحان عامودا ناسراوە، لە ٣ تشرینی دووەمی ١٩٦٨ لە عامودا لەدایکبووە کە یەکێکە لە شارە مێژووییەکانی کوردستان. کچی بچوکی حوسێنە و حاجی یوسفە. لەنێو ٩ خوشک و برادا ژیاوە، لە ٦ ساڵان چووە بەر خوێندن. براکەی ڕەیحان، عەبدوڵا، لە ساڵی ١٩٩٤ لە ڕیزەکانی گەریلادا لە هەرێمی گەرزان شەهیدبوو، پاش ئەوەی لە ڕۆژئاوا ئاشنای تێکۆشانی ئازادی کوردستان بوو.

 

لە تەمەنی ١٧ ساڵی، چاویکەوت بە بێریڤان (بەنەفش ئاگال)، یەکێک لە کادرە دیارەکانی تێکۆشانی ئازادی کوردستان، پاش ئەوەی بۆ ٣ کاتژمێر قسەیان کرد، ویستی دەستوبرد پەیوەندی بکات بە ڕیزەکانی تێکۆشانەوە بەهۆی کاریگەری قسەکانی بێریڤان و ئایدۆلۆژیای تێکۆشانی ئازادییەوە. پاش ٣ ساڵ خەبات لە ڕۆژئاوا، پەیوەندیکرد بە ڕیزەکانی تێکۆشانەوە، ساڵی ١٩٩٤ هاتە نێو گۆڕەپانی ڕێبەرێتی. لەمیانی کارکردنی لە باشوری کورستان لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٢ و ٢٠٠٣، لەلایەن هێزەکانی پەدەکەوە دەستگیرکرا و ٦ مانگ خرایە زیندانەوە، ئەوکاتەی لە زیندان بوو، جەختی کردەوە لە تێکۆشان بەرامبەر نەتەوەپەرستەکانی وەک پەدەکە.

٣٨ ساڵ لە ئەزموونی تێکۆشان

ڕەیحان هەوڵ و کۆششی بێ وچانی هەبوو لە زۆر ناوچەی باشوری کوردستان تا دەگاتە ڕوسیا، کاتێک چەتەکانی داعش گەمارۆی کۆبانێیان دا، ڕوویکردە کۆبانێ و بەرخۆدانێکی مێژووی تۆمارکرد، وەک ژنێکی پێشەنگ بەردەوام ئامادە بووە لە سەنگەرەکانی پێشەوە دژی داعش لە کۆبانێ تا مەنبەج، ڕۆڵی سەرەکی گێڕا لە ڕێکخستنی ژنان و دامەزراندنی سیستەمی ئازادی ژنان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ڕەیحان عامودا لەسەر بناغەی یەکێتی نەتەوەیی کوردستان تێکۆشا. لە ٢٠ ی حوزەیرانی ٢٠٢٣، بەهۆی هێرشی فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوانی داگیرکەر لەگەڵ دوو هاوڕێی شەهیدبوون، لە هەمان ئەو ڕۆژەی مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پەدەکە لەگەڵ ئەردۆگان کۆبوویەوە.

"کوردستانی و ئەوینداری خاکەکەی بوو"

لە سەرەتای قسەکانیدا، هاوڕێی ٢٣ ساڵەی رەیحان عامودا، ڕۆژنامەوان ستێرک گوڵۆ گوتی: "ڕەیحان لە بنەماڵەی شوێش و عەشیرەتی گەرگەرییە لە شاری عامودا، ڕۆڵەکانی ئەم عەشیرەتە یەکەمین کەس بوون بۆ پەیوەندیکردن بە ڕیزەکانی تێکۆشانی ئازادی کوردستان لە ڕۆژئاوا، هەروەها ئامۆزاکەی بەشداربووە لە دامەزراندنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان (یەنەکە) لە دیمەشق، بنەماڵەکە هەردەم نزیکبوون لە پرسی کوردەوە و خاوەنی شەهیدن لە شۆڕشی ڕۆژئاوا".

ستێرک گوتی: "کچی بچوکی بنەماڵەکەی بوو، ئێمە هێشتا مناڵ بووین کە بیستمان هەڤاڵ ڕەیحان چۆتە ڕیزەکانی تێکۆشانی ئازادی، هەڤاڵ ڕەیحان ساڵی ١٩٨٥ چاویکەوت بە هەڤاڵ بێریڤان، پاش ٣ کاتژمێر گفتوگۆ، هەڤاڵ ڕەیحان بەڵێنیدا پەیوەندی بکات بە ڕیزەکانی تێکۆشانەوە. وەک ژنێک، هەژموونی سیستەمی بەعس و نەریت و عادەتی جڤاکی کوردی شکاند، هەڤاڵ ڕەیحان بە خۆڕاگری و فیداکارییەوە چووە ڕیزەکانی تێکۆشانی ئازادی، ژنێکی کورد بوو، ئەوینداری خاک و وڵاتەکەی بوو، بەردەوام ئەمەی دووپات دەکردەوە".

"ئەوکاتەی پەدەکە دەستگیری کرد، گوتی: دەبێت هێڵی نەتەوەپەرستی لەناوببرێت"

ستێرک ئاماژەی بەوە کرد، شەهید ڕەیحان هەمیشە تێکۆشاوە بۆ ئافراندنی ڕۆحی ژنی کوردی ئازاد، گوتی: "بە فیکر و دۆزێکی نەتەوەیی بە ڕۆحێکی کوردستانی دەیویست ڕۆحی ژنی کوردی ئازادی بئافرێنێت، لەم پێناوە تێکۆشانێکی مەزنی کرد لەنێو هاوڕێ و ڕۆڵەکانی گەلەکەی. کاتێک یەکەمجار لە ساڵی ٢٠٠٠ چاوم پێکەوت، بە ڕۆحی ژنی ئازاد خەباتی دەکرد، لەپێناو ئازادی ژن و دژی جیاکاری ڕەگەزی بەرخۆدانی دەکرد، هەمیشە دڵسۆز بوو بۆ نەتەوەی ئازاد و هزری ڕێبەر ئاپۆ. پاش ٣ کاتژمێر گفتوگۆ بەڵێنی دا بە تێکۆشانێکی ٣٨ ساڵە، لەم ماوەیەدا بۆ هەر چوار پارچەی کوردستان تێکۆشا. هەروەها تێکۆشانێکی مەزنی کرد دژی هێڵی نەتەوەپەرستی لە کوردستان. لە باشوری کوردستان، لەلایەن پەدەکەوە دەستگیرکرا و ٦ مانگ خرایە زیندان، ئەوکاتە، باوەڕی هێنا بەوەی دەبێت هێڵی نەتەوەپەرستی لە کوردستان هەڵوەشێتەوە، وەک ژنێک تێکۆشانی مەزنی کرد لەم پێناوەدا".

"لە مەنبەج و کۆبانێ دژی داعش تێکۆشا"

ستێرک گوڵۆ ڕوونی کردەوە، شەهید ڕەیحان لەلایەک لە سەنگەرەکان شەڕی کردووە، لەلایەکی تر، ژنانی پەروەردە دەکرد لەسەر بنەمای فەلسەفەی نەتەوەی دیموکراتیک، گوتی: "کاتێک لە وەختی ئازادکردنی مەنبەج چاومان پێکەوت، یەکێک بوو لە پێشەنگانی تێکۆشانی ژن، لەگەڵ شەڕڤانەکان خەباتی دەکرد، کۆششی مەزنی هەبوو لە بەگژاچوونەوەی داعش، پێشتر لە کۆبانێ بوو، دژی جیاکاری ڕەگەزی ڕێکخستنی داعش خەباتی کرد، لەگەڵ ڕێکخستنی ژنانی هەرێمەکە، هەڤاڵ ڕەیحان تێکۆشانێکی مەزنی لە کۆبانێش ئەنجامدا، ژنانی لە پێکهاتەی سریانی و عەرەب و کورد و پێکهاتەکانی تر پەروەردە دەکرد".

"میراتی شەهید ڕەیحان هۆکار دەبێت بۆ بەتینکردنەوەی تێکۆشان"

هەروەها ستێرک گوتی: "تا کاتی شەهیدبوون تێکۆشا، شەهیدبوونی میراتێکی مەزنە بۆ ڕۆحی بەرخۆدانی ئێمە و هەموو ژنان. بە تێکۆشان و ژیان و ڕۆحی هەڤاڵێتییەکەی، میراتێکی مەزنی ٣٨ ساڵەی بۆ جێهێشتین، ئەم ڕێبازی قارەمانێتییە، ڕێبازی هەموو ژنانی کوردستانە، ئەم قارەمانانە تۆوەکەیان چاند، تێکۆشانەکەیان لە کوردستان بەردەوام دەبێت".

"تێکۆشانی ژنان، ئامانجەکەیان بۆ قڕکردنی ژنان لەباردەبات"

ستێرک ئاشکرای کرد، ئامانجی دەوڵەتی تورک لە هێرشکردنە سەر پێشەنگ وفەرماندەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، قڕکردنی ژنانە، گوتی: "ئەمڕۆ بیستمان کۆبوونەوە ئاستانە، داعش بە ڕێکخراوی تیرۆریستی نادەنە قەڵەم، بەڵام فیداکارانی وەک ڕەیحان و یوسرا، ئەم بڕیارەیان بەزاند. ژیانیان کردە قوربانی لەپێناو جوگرافیایەکی ئازاد، لەپێناو کورد و هەموو پێکهاتەکان. لە تێکۆشانی ئەوانەوە یەکێتی نەتەوەیی کورد پێکدێت. گەیشتنە ترۆپکی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا، بوونە دروشمێک بۆ شوێنکەوتن. لەڕێگەی هێرشی سەر پێشەنگانەوە لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، دەیانەوێت ژنان قڕبکەن، ژنانی پێشەنگ بەرخۆدانێکی مەزن دەکەن دژی ئەم قڕکردنە. ژنانی ڕۆژئاوا لە کەسێتی ئەم هەڤاڵانە و شەهیدانی پێشوو، ئاگری تێکۆشانیان بەتینتر کرد، هەنگاوێک پاشەکشەیان نەکرد، بەڵکو تێکۆشان مەزنتر دەکەن، لەڕێگەی بەئامانجگرتنی ژنە پێشەنگ و هێرشەکان بۆ سەر ڕۆژئاواوە، دەیانەوێت تێکۆشانی ئازادی لەناوببەن.

"ناتوانن ئیرادەمان بشکێنن"

"ئەم قارەمانانە، کە لە هەموو بستێکی کوردستان خەبات دەکەن، بوونە پەیامێکی گرنگ و مانادار بۆ شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی، بەمەش دەسکەوتەکانی ژنان دەپارێزن. دەوڵەتی تورک لەڕێگەی هێرشەکانەوە، دەیەویت هەرێمەکە داگیر و دابەش بکات. ئەم هێرشانە بۆ سەر خەڵکی سڤیل کۆمەڵکوژییە دژی کورد. تورکیا سیاسەتێکی فاشیستی دژی هەرێمەکە پەیڕەو دەکات. کاردانەوەکان دژی شەهیدکردنی ئەم هەڤاڵانە دەریخست، پێداگری و سوربوونی ژنان لەسەر تێکۆشان زیاتر بووە، واتە دەوڵەتی تورک ناتوانێت ئەم ئیرادەیە بشکێنێت. ئەمەش وەڵامێکی مەزنە بۆ داگیرکەری تورک. وەڵامێکی مەزنە بۆ هێرشەکانی داعش و هێزەکانی ئاستانە. تێکۆشانی هەڤاڵ ڕەیحان و یوسرا و هەڤاڵانی تر، پەیامێکی مەزنە دژی کۆمەڵکوژی و قڕکردن، ئەو سیستەمە سەربەخۆیەی ژنان دایانمەزراند، پەیامێکە بۆ بنیاتنانی سیستەمێک بە پێشەنگایەتی ژن لەپێناو ژیانێکی جڤاکی ئازاد".