تەرمی ٤ شەڕڤانەکەی یەپەگە بە مەراسیمێکی جەماوەری بەخاکسپێردرا

تەرمی ئەو چوار شەڕڤانەی یەپەگە کە لە هێرشی دەوڵەتی تورکدا شەهیدبوون، لە قامیشلۆ بە مەراسیمێکی جەماوەری بەخاکسپێردرا.

هەزاران کەس لە گەلی جەزیرە بە هەموو پێکهاتەکانەوە، نوێنەری پارتە سیاسییەکان و دامەزراوە مەدەنییەکان و کۆنگرەی ستار، نوێنەرانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری هەرێمی جەزیرە و هێزە سەربازییەکان و فیدراسیۆنی بریندارانی جەنگ لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕوویانکردە گەڕەکی عەنتەریە لە شاری قامیشلۆ بۆ بەشداربوون لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی تەرمی شەهیدانی یەپەگە.

بەشداربووان تەرمی ٤ شەڕڤانەکەیان وەرگرت، هەر چوار شەهید: دیار خەلیل (دیار شۆڕش)، بەرزان شێخموس (گارزان قامیشلۆ)، ئەحمەد موسا (هیوا قامیشلۆ)، ئارام ئیبراهیم (ئۆرهان قامیشلۆ)، بە شان هەڵیانگرتن بەرەو گۆڕستانی شەهید دەلیل سارۆخان، درووشمی ستایشی شەهیدان و هەلهەلەی دایکان بەرزبووییەوە.

فڕۆکەیەکی بێ‌فڕۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، لە ٣ ی ئاب لەسەر ڕێگەی قامیشلۆ _ عامودا ئۆتۆمبیلێکی کردە ئامانج و بەهۆیەوە ٤ شەڕڤان شەهیدبوون.

مەراسیمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدان دەستیپێکرد، پاشان هاوسەرۆکی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان، هێڤی سەید، سڵاوی نارد بۆ هەزاران ئامادەبووەکە، ئەمەی وەک وەڵامێکی بەهێز بینی بۆ داگیرکەری تورک و گوتی: "سەلمانتان ئێمە خاوەنی هێز و ئیرادەین و بەردەوام دەبین لە بەرخۆدان".

ئاماژەی کرد بە قوربانیدانی شەهیدان لە سەرەتای شۆڕشی ڕۆژئاواوە لە ساڵی ٢٠١١، گوتی: "ئارام دوو جار بریندار بووە لە شەڕی داعش و داگیرکەری تورکدا، هەروەها هەڤاڵان (دیار و بەرزان و ئەحمەد) ڕۆڵی گەورەیان هەبوو لە سەرەتای شۆڕشەوە بۆ پاراستنی خاکەکەیان".

هەروەها گوتی: "داگیرکەری تورک لە ساڵیادی قڕکردنی شەنگال چەند شەڕڤانێکی شەهیدکرد، پێویستە بەئاگا بێین ئەی گەلی تێکۆشەر و بەرخۆدەر، پێویستە ئاوڕ لە هەموو شەهیدان بدەینەوە و خۆمان بسەلمێنین و شایستەی هێڵی شەهیدان بین و درێژە بە ڕێگەیان بدەین".

لەکۆتاییدا، بانگەوازی کرد دەسکەوتی شەهیدان بپارێزرێت.

لای خۆیەوە، فەرماندە لە مەجلیسی سەربازی شەهید ڕوبار، نەزیر سۆفی، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدان کرد، دووپاتی کردەوە درێژە بە تێکۆشانی شەهیدان دەدەن لەسەر ڕێگەی شۆڕش و ڕاستی.

بەڵێنی دووپات کردەوە: "ئێمەی فیداکارانی کوردستان هەموو شتێک دەکەینە قوربانی" باسی لە کاروانی شەهیدان کرد و گوتی: "شەهید ئارام لە سەرەتای دامەزراندنییەوە پەیوەندی کرد بە یەپەگەوە، لە چەندین هەڵمەتی ڕزگارکردن دژی داعش بەشداربووە، یەک سات لە ئەرکەکانی بەرامبەر وڵات و گەلەکەی کەمتەرخەمی نەکرد و شەهیدبوو".

هەروەها گوتی: "شەهید دیار لە شەڕڤانە سەرەتاییەکانی هێزەکەمان بوو، ئەرکی خۆی بە دڵسۆزی ڕاپەڕاند، چەند جار بریندار بوو، تا شەهید بوو، هەروەها شەهید بەرزان و ئەحمەد تا شەهیدبوون تێکۆشان".

ڕوویکردە هەزاران بەشداربووەکە و گوتی: "ئامادەبوونتان ئەمڕۆ، وەڵامێکی ڕوونە بۆ هێرشەکانی داگیرکەری تورک و پایتەختی چوار داگیرکەرەکەی کوردستان".

لەکۆتایی مەراسیمەکەدا، لەلایەن ئەندامی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدانی شاری قامیشلۆ، ڕێڤین شێخموس، ناسنامەی چوار شەهیدەکە خوێنرایەوە، پاشان تەرمی ٤ شەهیدەکە لە گۆڕستانی شەهید دەلیل سارۆخان بەخاکسپێردرا.