سەدان هاوڵاتی تەرمی برا شەڕڤانەکانی قەسەدە محەمەد عیادە تەبخان (حەمزە) و ئەحمەد عیادە تەبخان (حەیدەر)، کە لە وەڵامدانەوەی هێرشی چەتەکانی داعش بۆ سەر زیندانی سەناعە شەهید بوو بوون، لە ناوەندی ئەنجوومەنی بنەماڵەی شەهیدانی حەسەکە وەرگرتەوە و بە کاروانێکی جەماوەری بەرەوە گۆڕستانی شەدادێ-یان بەڕێکرد.
مەراسیمەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن دەستیپێکرد، پاشان یەکێک لە فەرماندەکانی قەسەدە بەناوی سایل زۆبا وتەیەکی پێشکەشکرد و ڕایگەیاند، پێویستی بە بەردەوامبوونی شەڕی دژ بە چەتەکانی داعش و ئەو لایەنانە هەیە، کە هەوڵی داگیرکردنی خاکی سوریا دەدەن.
زۆبا وتی: "ئێمە بە جیهان دەڵێین، ئێمە یەک گەل و یەک دەستین و دژی هەموو پیلانگێڕییەک لە دژمان دەوەستینەوە. ئێمە بەڵێن بە بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدان دەدەین، کە تاوەکو تێکشکاندنی هەموو پیلانگێڕییەکان لە دژی هەرێمەکەمان لەسەر ڕێگای شەهیدان درێژە بە شەڕ و تێکۆشان بدەین".
ئەحمەد ئەسەد هاوسەرۆکی نووسینگەی ئەوقافی شەدادێ لە مەراسمیەکەدا وتی: "قەسەدە دانیشتوانی حەسەکە-ی پاراست و بەهۆی بەرخۆدانی بوێرانە و قارەمانانەیانەوە، ڕێگری لە تیرۆریستان کرا، کە لە زیندانەکە رابکەن".
ئەسەد داوای لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی کرد، کە لەگەڵ قەسەدە بوەستنەوە و پشتیوانیی لێ بکەن و لە بەرامبەر چەتەکانی داعش و هەموو هەوڵەکان بۆ تێکشکاندنی ئیرادەی گەلی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پشتیوانی لە قەسەدە بکەن.
لەکۆتاییشدا ئایەت ئیبراهیم ئەندامی کۆمەڵەی بنەماڵەی شەهیدان ناسنامەی ئەو دوو شەهیدەی خوێندەوە و ڕادەستی بنەماڵەکانیانی کردنەوە.
تەرمی ئەو دوو شەهیدە بەدەم وتنەوەی دروشم و هەلهەلەی دایکانەوە بەخاک سپێردران.
ژ.ت