تەرمی دوو شەهیدی هەسەدە بەخاکسپێردرا

لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی دوو شەڕڤانی هەسەدە لە شارۆچکەی شەدادی لە حەسەکە، ئامادەبووان جەختیان کردەوە لەوەی یەکڕیزی گەلی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەگەڵ هێزەکانی، چەکێکی بەهێزە دژی هەر دەستدرێژییەک.

ئەمڕۆ، کە شارۆچکەی شەدادی لە کانتۆنی حەسەکە، تەرمی هەردوو شەڕڤانی هەسەدە، حەسەن عەلی حوسێن و ئیبراهیم ئەلنەزال لە گۆڕستانی شەهیدانی شەدادی بەخاکسپێردرا.

شەڕڤانی هەسەدە، حەسەن عەلی حوسێن، بە هێرشی فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوان شەهیدبووە، کاتێک هەفتەی ڕابردوو ڕووبەڕووی هێرشی داگیرکەری تورک بوویەوە لە هەرێمی تەروازی. هەروەها شەهید ئیبراهیم حەردان ئەل نەزال، بەهۆی جەڵتەی دڵەوە شەهیدبوو، لەکاتی بەجێگەیاندنی ئەرکە سەربازییەکانی لە شارۆچکەی شەدادی.

گەلی شارۆچکەکە و هاوڕێیانی شەهیدەکان لە هەسەدە، نوێنەری دامەزراوەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و دامەزراوەکانی جڤاکی مەدەنی و شێخ و ڕیش‌سپییان بەشداربوون.

مەراسیمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدان دەستیپێکرد، هاوشان لەگەڵ نمایشێکی سەربازی.

پاشان ئەندامی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان، ئیمان فەرەج، باسی لە ڕۆڵی شەهیدەکان کرد لە پاراستنی ئارامی و ئاسایشی هەرێمەکەیان و بەدیهێنانی پاشەڕۆژێکی گەش بۆ گەلەکەیان.

لای خۆیەوە، ئەندامی مەجلیسی سەربازی شەدادی، عەودە حوسێن، دووپاتی کردەوە، هێزەکان پێداگرن لەسەر تۆڵەکردنەوەی هاوڕێ شەهیدەکانیان و درێژەدان بە خەبات تا بەدیهاتنی ئاسایش و ئارامی هەرێمەکە، هەروەها شەهیدان سیمبولی هێز و ئیرادەی گەلەکەیانن.

ئاماژەی بەوە کرد، یەکبوونی گەلی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەگەڵ هێزە سەربازییەکان، باشترین چەکە بۆ بەگژاچوونەوەی مەترسییەکانی سەر هەرێمەکە.

پاشان ناسنامەی دوو شەهیدەکە خوێنرایەوە و ڕادەستی بنەماڵەکەیان کرا، دواتر جەستەی پیرۆزیان لە گۆڕستانی شەهیدانی شەدادی بەخاکسپێردرا.