تەرمی خدر قادر لە کۆبانێ بەخاکسپێردرا

گەلی هەرێمی فورات بەشداربوون لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی تەرمی شەهید خدر قادر لە گۆڕستانی شەهید دیجلە لە باشوری کۆبانێ.

شەهید خدر قادر، ڕۆژی سێ شەممەی ڕابردوو، لەمیانی ئەنجامدانی ئەرکی پاراستنی ئارامی و ئاسایش لەنێو هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی مەنبەج شەهیدبوو. لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی، ئەندامانی دامەزراوەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و ئەندامی پارتەکانی هەرێمی فورات بەشداربوون.

مەراسیمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدان دەستیپێکرد، پاشان ئەندامی دەستەی کۆنگرەی ستار لە هەرێمی فورات، خوناڤ خەلیل گوتی: "ڕۆژانە ڕووبەڕووی هێرشی داگیرکەری تورک دەبینەوە، کە ئامانجی سەرەتا و کۆتایی بریتییە لە قڕکردنمان و شکاندنی ئیرادەمان و شکستهێنان بە پرۆژە دیموکراتیکەکەمان".

هەروەها گوتی: "دەوڵەتی داگیرکەری تورک، پێشەنگەکانی هەرێمەکە دەکاتە ئامانج تا لەناومان ببات، بەڵام نازانێت ئەم گەلە قڕناکرێت، چونکە بەگوێرەی هزر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ گەورە بووین، گەلەکەمان ئیتر بە گەلی بەرخۆدان دەناسرێتەوە".

لای خۆیەوە ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە شاری مەنبەج و دەوروبەری، عەبدوڵا موسلم ڕەشید، ستایشی شەهید خدر قادری کرد، وەک گەنجێکی خاوەن خەونی ئازادی ڕوویکردە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و شەهید بوو.

ڕەشید داوای لە گەلی هەرێمەکە کرد تێکۆشان بەتینتر بکەن دژی دەوڵەتی تورک، چونکە "لە قۆناغێکی یەکلاکەرەوین، دەبین یان نابین".

لەکۆتایی مەراسیمەکەدا، لەلایەن مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدانی هەرێمی فوراتەوە، ناسنامەی شەهید خوێنرایەوە و ڕادەستی بنەماڵەکەی کرا، دواتر تەرمی پیرۆزی لە گۆڕستانی شەهید دیجلە بەخاکسپێردرا.