تەرمی شەهید فورات توما لە قامیشلۆ بەخاکسپێردرا

پێکهاتەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەشداربوون لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی ئەندامی مەجلیسی کانتۆنی قامیشلۆ، فورات توما کە دوێنێ بەهۆی بەئامانجگرتنی ئۆتۆمبیلەکەیان لەلایەن داگیرکەری تورکەوە شەهید بوو، لە گۆڕستانی کلدان لە شاری قامیشلۆ بەخاکسپێردرا.

لە مەراسیمەکەدا دەیان کەس لە گەل و نوێنەرانی دامەزراوە سریانی و کلدانییەکان بەشداربوون، لەگەڵ نوێنەرانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە هەرێمی جزیرە و مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان لە قامیشلۆ.

کاروانەکە لەبەردەم ماڵی شەهید بەڕێکەوت لەگەڵ وتنەوەی نزاکان لەلایەن ئەندامی کۆمەڵەی چاندی سریانی و درووشمی ستایشی شەهیدان. بە گەیشتنیان بە کەنیسەی مار یەعقوب نوسەیبنی کلدانەکان، ئامادەبووان نوێژیان بۆ گیانی شەهید کرد.

پاشان کاروانەکە ڕوویکردە گۆڕستانی کلدانەکان لە گەڕەکی سیاحی لە شاری قامیشلۆ، ئامادەبووان خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدان. پاشان هاوسەرۆکی پارتی یەکێتیی سریانی، نەزیرە کوریە، وتەیەکی پێشکەش کرد، ئاماژەی کرد بە هێرشە ڕۆژانەیەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک دژی هەرێمەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، گوتی: "ئەم دەستدرێژییانە دەخوازێت پشێوی و ترس لە ڕیزی گەلەکەمان لە هەرێمەکە بڵاوبکاتەوە".

نەزیرە ئاماژەی کرد بە هێرشەکانی سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، داوای لە هەموو دەوڵەتەکان کرد ئەم دەستدرێژییانە ڕاگرن کە جیاوازی ناکەن لەنێوان خەڵکی سڤیل و سەرباز و پێکهاتەکان. گوتی: "هەموو پێکهاتەکان خوێنیان تێکەڵبووە لەسەر ئەم خاکە پاکە، کاروانی شەهیدان بەردەوام دەبێت بە تێکۆشان تا گەیشتن بە مافەکانمان و وەستان لەبەردەم هەموو ئاڵنگارییەکان کە گەلان بەئامانج دەگرێت".

لای خۆیەوە، هاوسەرۆکی مەجلیسی جێبەجێکردنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری هەرێمی جەزیرە، ڤیڤان بەحۆ، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدان کرد کە دوێنێ لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە کرانە ئامانج، گوتی: "دەوڵەتی تورک بەردەوامە لە هێرشکردنە سەر پرۆژەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، بەتایبەت دوای ڕاگەیاندنی ئیدارە سەبارەت بە دادگایکردنی داعشەکان، چونکە لەم دادگاییەوە دەستی پشتی ئەم ڕێکخراوە ئاشکرا دەبێت".

هەروەها گوتی: "لایەنی هەرێمی و نێودەوڵەتی هەن نایانەوێت ئەم قەیرانەی هەرێمەکە کۆتایی بێت، بەڵکو دەیانەوێت قووڵتری بکەنەوە و دووری بکەنەوە لەو چارەسەرەی ئازاری گەلەکەمان دەبڕێنێتەوە".

ڤیڤان دووپاتی کردەوە، درێژە بە کاروانەکەیان دەدەن لەپێناو پاراستنی دەسکەوتی گەلان، داوا لە دەوڵەتانی پارێزەری ئاگربەست لە هەرێمەکە دەکات بەرپرسیارێتی هەڵبگرن و تیرۆری دەوڵەتی داگیرکەری تورک بوەستێنن.

پاشان ناسنامەی شەهید خوێنرایەوە و ڕادەستی بنەماڵەکەی کرا لەلایەن دامەزراوەی بنەماڵەی شەهیدانی سریانی_ئاشوری، دواتر تەرمی پیرۆزی لە گۆڕستانی کلدان بەخاکسپێردرا.