تەرمی شەهید خالید خەمیس لە تەل حەمیس بەخاک سپێردرا

تەرمی شەڕڤانێکی هێزەکانی ئەرکی خۆپاراستن کە لە ئەنجامی ڕووداوێکی هاتوچۆ شەهید بوو، لە گۆڕستانی تەل حەمیس بەخاک سپێردرا.

ئەندامانی دامەزراوە مەدەنییەکان و پارتە سیاسییەکان و دانیشتووانی ناوچەکانی تەل حەمیس و تەل بەراک، بەشداربوون لە بەخاک سپاردنی تەرمی شەڕڤانی هێزەکانی ئەرکی خۆپاراستن، خالید خەمیس حەشاش لە گۆڕستانی شەهیدانی تەل حەمیس. خالید خەمیس حەشاش لە ١٦ ی ئاب لە ئەنجامی ڕووداوێکی هاتوچۆ لەسەر ڕێگەی تەل بەراک_حەسەکە شەهید بوو.

مەراسیمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدان دەستی پێ کرد. پاشان هاوسەرۆکی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدانی تەل بەراک وەعد ئەل‌خلێوی تیشکی خستە سەر ڕۆڵی شەهیدان لە ڕزگارکردنی گەلان و پاراستنی ئیرادەی گەلان. وەعد، بەڵێنی دا بە درێژەدان بە ڕێچکەی شەهیدان.

فەرماندە لە هێزەکانی ئەرکی خۆپاراستن لە حەسەکە، دەمهات حەسەکە، گوتی: "ئێمە لەبەردەم مەزنێتی فیداکاری شەهیدانی ئازادی و دیموکراسی، بە سەربڵندی و سەرفرازی دەوەستین. بەڵێن دەدەین بۆ درێژەدان بە بەرخۆدان بەرامبەر هێرشەکانی سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا".

پاشان ناسنامەی شەهید خالید خەمیس حەشاش خوێنرایەوە و ڕادەستی بنەماڵەکەی کرا. دواتر تەرمی شەهید بەدەم گوتنەوەی درووشمەوە لە تەل حەمیس بەخاک سپێردرا.