تەرمی شەهید عەلی حەجی لە کۆبانێ بەخاکسپێردرا

گەلی کانتۆنی کۆبانێ بەشداربوون لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی تەرمی شەڕڤانی هێزەکانی خۆپاراستن، عەلی حەجی، کە لەکاتی ئەنجامدانی ئەرکە سەربازییەکانی لە شارۆچکەی سیرین شەهیدبوو.

شەهید عەلی حەجی، سێشەممەی ڕابردوو ئەنجامدانی ئەرکە سەربازییەکانی لەنێو هێزەکانی خۆپاراستن لە شارۆچکەی سیرین شەهیدبوو، لە مەراسیمێکدا، بە ئامادەبوونی سەدان هاوڵاتی و ئەندامانی دامەزراوە مەدەنی  و سەربازییەکانی هەرێمی فورات، تەرمەکەی بەخاکسپێردرا.

مەراسیمەکە لە گۆڕستانی شەهیدانی شارۆچکەی سیرین، بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدان دەستیپێکرد، پاشان فەرماندە لە هێزەکانی خۆپاراستنی هەرێمی فورات، ئەحمەد ئیبراهیم، لە وتەیەکەدا بەڵێنی دووپاتکردەوە بۆ درێژەدان بە ڕێگەی شەهیدان تا سەرکەوتن.

هەروەها گوتی: "ئێمە ئامادەین بۆ ئەوانەی چاودەبڕنە داگیرکردنی خاکەکەمان، دەبێت بزانن ئێمە خاوەنی ئەم خاکەین و دەستبەرداری نابین، هەموومان پرۆژەی شەهیدبوونین".

لای خۆیەوە ئەندامی مەجلیسی شارۆچکەی سیرین، محەمەد ڕەجەب، گوتی: "ئەوەی لێرە دەژی قەبارەی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی دەزانێت، بەتایبەت وەختێک نزیکدەبینەوە لە ساڵیادی شۆڕشی ١٩ ی تەمموز، وەختێک گەل قسەی خۆی کرد دژی داگیرکەرانی هەرێمەکە، بۆیە دەبێت لەدەوری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری کۆبینەوە کە کەناری ئارامییە بۆ هەرێمەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا".

هەروەها هاوسەرۆکی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدانی هەرێمی فورات، عائیشە ئەفەندی، بانگەوازی لە گەلی هەرێمەکە کرد، تێکۆشان بەتینتر بکەن و پشتیوانی هێزەکان بکەن "پیلانگێڕییەکە مەزنە، تەنها بە بەرخۆدان سەردەکەوین".

لەکۆتایی مەراسیمەکە، ناسنامەی شەهید عەلی خوێنرایەوە و ڕادەستی بنەماڵەکەی کرا، پاشان تەرمی پیرۆزی بەخاکسپێردرا.