تەرمی شەهید موزەفەر لە تربەسپی بەخاکسپێردرا

سەدان هاوڵاتی ترپەسپی بەشداربوون لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی تەرمی ئەندامی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە)، موزەفەر عەباس محەمەد، دووپاتیان کردەوە ئامانجی شەهیدانی ڕێگەی ئازادی بەدی دەهێنین.

سەدان کەس لە پێکهاتەکانی شارۆچکەی ترپەسپی و پارتە سیاسییەکان و نوێنەری دامەزراوە مەدەنییەکان و ئەندامانی کۆنگرەی ستار، گەیشتنە گۆڕستانی شەهید دڵشێر لە گوندی دوگرێ بۆ بەشداری لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی تەرمی ئەندامی هەسەدە، موزەفەر عەباس محەمەد (نازناو: میلاد ترپەسپی) کە لە ١٥ ی نیسان بە ڕووداوی هاتوچۆ لە ئەرکدا شەهید بوو.

مەراسیمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدان دەستیپێکرد، پاشان شەڕڤانی هەسەدە، جودی جەعف ڕەش، سەرەخۆشی لە کەسوکاری شەهید کرد، دووپاتی کردەوە پابەندی بەڵێنەکەیان دەبن بەرامبەر شەهیدان لەپێناو پاراستنی خاکی نیشتیمان.

لای خۆیەوە، هاوسەرۆکی مەجلیسی یاسادانان لە هەرێمی جەزیرە، حیکمەت حەبیب، ستایشی هاوپشتی پێکهاتەکانی کورد و عەرەب و سریانی کرد لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لەگەڵ ڕۆڵە مەزنەکەیان لە پاراستنی دەسکەوتەکانی شۆڕش و بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی داگیرکەران.

لای خۆیانەوە، پێکهاتەکان داوای بەتینکردنەوەی خەباتیان کرد دژی هێرشەکانی داگیرکەر بۆ سەر ناوچەکە، بەڵێنیاندا بۆ درێژەدان بە خەبات تا بەدیهاتنی سەرکەوتن و وەفاداری بەرامبەر ئەو شەهیدانەی بەهۆیانەوە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە ئاسایش و ئارامی دەژین.

بەناوی کەسوکاری شەهیدەکەوە، مامی شەهید، ساڵەح محەمەد، بەڵێنیدا بە درێژەدان بە ڕێگەی شەهیدان و پاراستنی دەسکەوتەکانی شۆڕشی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کە بەهۆی قوربانیدانی شەهیدانەوە بەدی هاتووە. مەراسیمی بەخاکسپاردنەکە بە خوێندنەوەی ناسنامەی شەهید و ڕادەستکردنی بە کەسوکارەکەی کۆتایی هات، پاشان تەرمی شەهید لەنێو هەلهەلەی دایکان بەخاک سپێردرا.

ف.ق