تەرمی شەهید یاسر ئەلجاسم بەخاکسپێردرا

دانیشتووانی تەبقە و دەوربەری بەشداربوون لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی تەرمی شەهید یاسر ئەلجاسم، ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ.

ئەمڕۆ، سەدان کەس لە دانیشتووانی شاری تەبقە و دەوروبەری، بەشداربوون لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی شەهید یاسر ئەلجاسم لە گۆڕستانی شەهیدان لە شارەکە.

ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، یاسر ئەلجاسم، لەکاتی بەجێگەیاندنی ئەرکەکەی لە شاری تەبقە لە ٤ ی ئایار شەهید بوو.

لەپاڵ دانیشتووان، ئەندامانی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی شاری تەبقە و ژمارەیەک شێخ و ڕیش‌سپییەکانی ناوچەکە بەشداری مەراسیمەکە بوون.

مەراسیمەکە بە نمایشێکی سەربازی لەلایەن هاوسەنگەرانی شەهید دەستیپێکرد، لەگەڵ خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدان.

لە مەراسیمەکەدا، هاوسەرۆکی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان لە تەبقە، عەبدولحەکیم حوسەین قسەی کرد و گوتی: «هەر ڕۆژێک، شەڕڤانێک گیانی فیدا دەکات تا ئێمە بە ئاشتی بژین، ئێوە چەن مەزنن ئەی شەهیدان، ئێوە هەردەم قەڵغانی وڵاتن دژ هەموو دەستدرێژیکەر و داگیرکەرێک». 

عەبدولحەکیم حوسەین دووپاتی کردەوە، ڕۆڵەکانی هەرێمەکە لەسەر ئەو ڕێگەیە بەردەوام دەبن کە شەهیدان بە خوێن و قوربانیدانی خۆیان نەخشاندوویانە، تاوەکو گەلی هەرێمەکە بە ئارامی و ئاسایش بژین.

لای خۆیەوە، هاوسەرۆکی کۆمیتەی ناوەندی لە ئیدارەی مەدەنی دیموکراتیک لە تەبقە، ڕیاز والی، گوتی: «سڵاو ئەو شەهیدەی هەمیشە بێدار بووی بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامی هەرێمەکە، ئەوە تۆش گەیشتیتە کاروانی شەهیدا، تاوەکو تیشکی شەهیدان لە ئاسمانمان زیاتر بێت و ئەم تاریکییەی جیهان بڕەوێنێتەوە».

هەروەها گوتی: «ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دەڵێت، شەهید وەک جەستە دەڕوات بەڵام گیانی لەنێوماندا دەمێنێتەوە و ئاسمانمان دەڕازێننەوە، دەبێتە مۆمێکی گەشاوە بۆ ڕووناککردنەوەی ڕێگەی ئازادی».

پاشان، ناسنامەی شەهید یاسر ئەلجاسم خوێنرایەوە و ڕادەستی بنەماڵەکەی کرا، دواتر تەرمی پیرۆزی بەخاکسپێردرا.

ف.ق