تەرمی شەهید ئەبو عەباس بە مەراسیمێکی جەماوەری لە سیرین بەخاک سپێردرا

خەڵکی ناوچەی سیرین بۆ بەخاکسپاردنی تەرمی شەهید ئەبو عەباس (عەبد ئەلعیسا) چوونە گۆڕستانی سیرین و لەوێ بە مەراسیمێکی جەماوەری تەرمەکەیان بەخاک سپارد.

خەڵکی ناوچەی سیرینی سەر بە کۆبانێ، ئەمڕۆ بە مەراسیمێکی جەماوەری تەرمی شەڕڤانی مەجلیسی سەربازی مەنبەج ئەبو عەباس (عەبد ئەلعیسا)یان بەخاکسپارد، کە لە ئەنجامی هێرشی داگیرکەری تورک و چەتەکانی شەهید بوو.

مەراسیمەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن دەستی پێکرد. جێگری سەرۆکی پارتی سوریای پاشەڕۆژ، نەدا ئەلجادر گوتی: "شەهیدەکانمان بەبێ دوودڵی بۆ بنیاتنانی جڤاکێکی ئازاد گیانی خۆیان فیدا دەکەن. شەهید هەبوون و ئازادی جڤاکە. بە خوێنی خۆیان جڤاکێکی ئازاد دەئافرێنن. لە پێناو پاراستنی دەستکەوتەکانی ئەو شەهیدانە، بەڵێن دەدەین تا کۆتایی درێژە بە ڕێگەکەیان بدەین".

ئەندامی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدانی ناوچەی سیرین، خەلیل حسی، گوتی: "سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدان دەکەین. دوژمن بە هەموو شێوازێک هێرش دەکات. بەم هێرشانە دەیەوێت دەسکەوتەکانی نەتەوەی دیموکراتیک لەناو ببات. بەڵام بە یەکگرتوویی گەلان شکست دەهێنن. تا کۆتایی لەسەر هێڵی شەهیدەکانمان دەبین".

فەرماندەیەکی مەجلیسی سەربازی مەنبەج، مستەفا محەمەد، گوتی: "شەهید ئەو تیشکەیە وا ڕێگەی تاریک ڕووناک دەکاتەوە. وەک مەجلیسی سەربازی مەنبەج بەڵێن دەدەین بە شەهیدانمان تا کۆتایی لەسەر هێڵی ئەوان بین".

پاشان ناسنامەی شەهیدەکان خوێنرایەوە و ڕادەستی بنەماڵەکەی کرا. دواتر بە هەلهەلەی دایکان، تەرمی شەهید بەخاکسپێردرا.