تەرمی شەڕڤانێکی هەسەدە بەخاکسپێردرا

ئەمڕۆ، گەلی شەدادی بەشداربوون لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی شەڕڤانی هەسەدە نەسار مەعیوف سەلجی، کە لەکاتی ئەنجامدانی ئەرکەکەی لە ناوچەی سەعدە شەهیدبوو.

گەلی شارۆچکەی شەدادی سەر بە شاری حەسەکە، بەشداربوون لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی تەرمی شەڕڤانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) نەسار مەعیوف سەلجی، کە لە ٢ی ئاب، لەکاتی ئەنجامدانی ئەرکەکەی لە ناوچەی سەعدەی سەر بە شارۆچکەی شەدادی شەهیدبوو.

لە مەراسیمەکەدا، بنەماڵەی شەهید و ئەندامانی دامەزراوە سەربازی و مەدەنییەکان و ڕیش‌سپیان و گەلی شارۆچکەکە بەشداربوون.

مەراسیمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدان دەستی پێ کرد، لەگەڵ نمایشێکی سەربازی شەڕڤانانی هەسەدە، پاشان ئەندامی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان لە شارۆچکەی سور لە گوندەواری دەیرەزۆر، غەیس خەڵەف، باسی لە ڕۆڵی شەهیدان کرد لە پاراستنی ئارامی و ئاسایشی هەرێمەکە. گوتی: "ئەم شەهیدانە داستانی قارەمانانەیان تۆمارکرد لە پاراستنی پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک کە هەرێمەکەی لە هێرشی تیرۆریستی پاراست".

هەروەها دووپاتی کردەوە: "شەهیدان پێشەنگی ڕاستەقینەمانن، بە جەستەی خۆیان گەورەترین داستانی قارەمانێتیان تۆمارکرد، خەونی داگیرکەرانیان لەگۆڕنا کە دەیانویست هەرێمەکەمان داگیربکەن و پرۆژە دیموکراتیکەکەمان بڕوخێنن".

لای خۆیەوە، فەرماندە لە مەجلیسی سەربازی دەیرەزۆر، سەعد غەریب، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهید کرد، بەڵێنی دا بە تۆڵەکردنەوەی خوێنی شەهیدان و گوتی: "ئەم شەهیدە بەنرخترین شتی خۆی بەخشی لەپێناو نیشتیمان و ئازادی گەلەکەی و سەرکەوتنی پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک، درێژە بە ڕێباز و ڕێگەکەی دەدەین و تۆڵەی ئەم و هەموو شەهیدان دەکەینەوە".

پاشان ئەندامی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان لە شارۆچکەی شەدادی ئایات ئیبراهیم، ناسنامەی شەهیدی خوێندەوە و ڕادەستی بنەماڵەکەی کرد، هاوڕێکانی تەرمەکەیان خستە سەر شان و لەنێو هەلهەلەی دایکاندا تەرمەکەی بەخاکسپێردرا.