تەڤ-دەم هێرشەکانی لە دژی درووزییەکان شەرمەزار کرد

تەڤ-دەم هێرشی گروپە لایەنگرەکانی سەر بە هەتەشە لە دژی درووزییەکان شەرمەزار کرد و بۆ سووریایەکی یەکسان، دیموکراتیک، ناناوەندی و بۆ کۆتایی هێنان بە هەرەشەکانی سەر ژنان، گەنجان، گەلان و کەلتوور بانگەوازی فراوانکردنی تێکۆشانی کرد.

تەڤگەری کۆمەڵگەی دیموکراتیک (تەڤ-دەم) پەیوەست بە هێرشەکان لەسەر درووزییەکان لە گوندەکانی دیمەشق و سوەیدا ڕاگەیاندراوێکی نوسراوی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا گوترا: "ڕووخانی ڕژێمی بەعس بوو بە هیوایەک بۆ بونیاتنانی سووریایەکی نوێ، دیموکراتیک، یەکسان، ناناوەندی و هاوبەش، بە بەشداربوونی تەواوی پێکهاتەکانی سووریا، بەڵام دیارە زیهنیەتی ئیسلامی سونی ئیخوان ئەل موسلمین بە پشتگیری عوسمانی نوێ لە دیمەشق ڕەگی داکوتاوە."

لە بەردەوامی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "بە ناوی شەڕ لەگەڵ پاشماوەکانی ڕژێم، زیاتر لە ٣٠ هەزار کەس لە پێکهاتەی عەلەوییەکان بوون بە قوربانی لەسەر دەستی حکومەتی دیمەشق. بۆ ڕێگریکردن لە کۆمەڵکووژی و شەڕی ناوخۆ، قەسەدە لەگەڵ ئەحمەد ئەل شەرع ڕێکەوتنی ئەنجام دا و تاوەکو ڕۆژی ئەمڕۆش جدیەتی دیمەش لە ژێر گوماندایە. لەم دواییانەدا گروپە کۆنتڕۆڵنەکراوەکان، هێرشەکانی ئەمجارەیان لەسەر پێکهاتەکانی درووزییەکان ئەنجام داوە، لە جەرەمانا، ئەشرەفیە و گوندەکانی سوەیدا کە زیاتر لە ١٠٠ هاوڵاتی مەدەنی و پارێزوانی درووزی گیانیان لەدەستداوە.

ڕاگەیاندرا کە هێرشەکان پلان بۆ داڕێژراوە و گوترا: "تەڤ-دەم بانگەوازی لە تەواوی پێکهاتەکان دەکات نەبنە قوربانی پلانەکە و سیاسەتی قڕکردن، تێکۆشان بۆ بونیاتنانی سووریایەکی ناناوەندی، دیموکراتیک و یەکسان، دوور لە زیهنیەتی قڕکردن و سەپاندنی تاریکی هەزار سالە بەسەر گەل، ژن، گەنجان و کەلتوورە جیاوازەکان فراوان بکەن."

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا ئەم بانگەوازە کرا: "بانگەواز لە ڕای گشتیی جیهان، دیموکراسیخواز و دامەزراوە نێونەتەوەییەکان دەکەین لە خزمەت بونیاتنانی سووریایەکی دیموکراتیکدا، ڕێ لە بەردەم پلانی قڕکردنی تورکیا و داعش بگرن و تاوانباران دادگای بکرێن."