تەڤدەم هێرشەکەی سەر کەنەکەی شەرمەزارکرد

تەڤ-دەم هێرشەکەی سەر نوێنەرایەتی کەنەکە لە باشووری کوردستانی شەرمەزار کرد و لەپێناو پاراستنی دەستکەوتەکانی گەل و شەڕی شۆڕشگێڕیی گەل بانگەوازی راگەیاند.

بزوتنەوەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک (تەڤدەم) سەبارەت بە زیادبوونی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە دژی هەرێمەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا و کوردستان و رووداوەکانی باشووری کوردستان، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "لە هەرێمەکانی ژێر کۆنترۆڵی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) کردنەئامنجی نوسینگە و نوێنەرایەتی کەنەکە کردەوەیەکی ترسەنۆکانەیە. هاوکاری پەدەکە لەو هێرشەدا، گورزێکە لە دژی هەوڵەکانی سازکردنی یەکێتی نەتەوەیی لە کوردستان.

تەڤ-دەم ئاماژەی بەوەشکردووە کە دوای سەرکەوتنی هەڵمەتی "پتەوکردنی ئاسایش" کە لەلایەن قەسەدەوە بەڕێوەچووو و هەروەها شکستی پیلانگێڕییەکان بۆ بەرفراوانکردنی بەرەی شەڕ، دەوڵەتی تورک بۆ تۆڵەسەندنەوە چەندین ناوچەی بە فڕۆکەی بێ فرۆکەوان بۆردومان کردووە و بە هۆیە ژمارەیەک هاووڵاتی مەدەنی و بەڕێوەبەرانی پێشەنگ شەهید بوو، کە لە بەرامبەر تیرۆری داعش و پشتیوانەکانیان شەڕیان کردبوو.

هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "دەوڵەتی تورکی فاشیست لە بەرەوپێشچوونی ئیرادەی بیردۆزیی گەلانی هەرێمەکە و یەکگرتووییان دەترسێت و درکی بەوە کردووە کە ئەو یەکگرتووییە مەترسییە بۆ سەر پلانە داگیرکەرییەکانی.

ئەو دەوڵەتە چارەسەری ئاشتیانە و دیموکراتیک بۆ کێشە ناوخۆییەکانی خۆی نادۆزێتەوە. ناتوانێ لە دەرەوە خۆی بپارێزێت. لەبەر ئەوەی نەژادپەرست و ئایینپەرستە و پشتیوانی لە تیرۆری کردووەتە بنەمایەک بۆخۆی، تا ئەوەی گەیشتووەتە ئاستێک کە ببێتە ناوەندێکی بەو جۆرە کە هەڕشە لەسەر هێزە سیاسی و نیشتمانیی، هەرێمی و نێونەتەوەییەکان دروست بکات. بەداخەوە هێزە نێونەتەوەییەکان پشتیوانی لەو دەوڵەتە شومە دەکەن، ئەویش ئەو پشتیوانییە دەقۆزێتەوە و لە رێگەیەوە تاوانەکانی خۆی دەشارێتەوە، بێباکانە و بە شێوەی چەپەڵ هێرش دەکاتە سەر ئیرادەی گەلانی باکوور و رۆژهەڵآتی سوریا، شەنگال و هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا. لە دوانمونەشدا هێرشی کردە سەر نوسینگەی نوێنەرایەتی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) کە چەتری ئیرادەی گەلان لە ناو جەرگەی هەولێری پایتەختی باشووری کوردستاندایە. ئەوە دەریدەخات کە چەندە تۆڕی هەواڵگری و سیخوڕی میت لە شارەکەدا بڵاوبوونەوە و چەندە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پەدەکەدا باڵادەستن. خۆی لە خۆیدا پەدەکە هاوکاریەتی و خۆی رادەستی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر کردووە. کردنەئامانجی نوسینگەکە، کردەوەیەکی ترسنۆکانەیە. هاوکاری پەدەکە گورزێکە لە دژی هەوڵەکانی یەکێتی نەتەوەیی کوردستان.

تەڤدەم لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەیدا بێدەنگی و بێ هەڵوێستی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و هاوپەیمانی نێونەتەوەیی دژ بە داعشی لە بەرامبەر تاوانەکانی دەوڵەتی تورک شەرمەزار کردووە و رایگەیاند، "بەو بێدەنگیەیان دەبنە هاوبەشی سیاسەتی جینۆساید و بێدەنگیەکەیان نیسانەی رازیبوونیانە لەو کردەوانە".

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەی تەڤ-دەم دا هاتووە: "داوا لە گەلەکەمان دەکەین لە هەموو شوێنێک دەستکەوتەکانیان بپارێزن، خۆیان لە سەر بنەمای شەڕی شۆڕشگێڕیی گەل رێکبخەن".

هـ . ب