'وشەکانی ڕێبەر هێشتا لە زیهنماندا دەزرنگێنەوە'

خەلیل محەمەد نەعسان گوتی: لەدایکبوونی ڕێبەر ئۆجالان گەلی کوردی لە قۆناغی نکۆڵییەوە گواستەوە بۆ قۆناغی بوون، هزر و فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالان گەیشتۆتە هەموو گەلانی ناوچەکە، چونکە دژی زوڵم و ستەم دەوەستێتەوە و داوای ئازادیی گەلان دەکات.

خەلیل محەمەد نەعسان لە درێژەی قسەکانی گوتی، ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام ئەوەیە، کاتێک چووینە سەردانی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان، کچێکی گەنجمان لەگەڵدا بوو، وەختێک ڕێبەر هۆکاری هاتنی لێ پرسی، لە وەڵامدا گوتی: خاوەنی دایک و باوکێکی پیرم و ناتوانن ژیانی خۆیان بەڕێوەببەن، ئەوکات ڕێبەر پێی گوت: بگەڕێوە بۆ ماڵەوە، بەم هاتنەت وا بزانە کوردستانت ئازاد کردووە.

هەروەها خەلیل محەمەد گوتی: «بەبۆنەی هاتنی ٤ نیسان، ساڵڕۆژی لەدایکبوونی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالانەوە، پیرۆزبایی لە ڕێبەر و تەواوی گەلی کورد و مرۆڤایەتی دەکەین، ئەم یادە لە مەزنترین دەرگاوە چۆتە نێو مێژووی مرۆڤایەتییەوە. ئەمڕۆ لە ٧٤ ـەمین ساڵڕۆژی لەدایکبوونییدا دەژین، بە ژیانێک پڕ لە بەهای نیشتیمانیی ڕاستەقینە و میراتێکی شۆڕشگێڕی پڕ لە دادپەروەریی و یەکسانی پەیوەست بە پرسە چارەنووسسازەکانی گەلانی ناوچەکە و مرۆڤایەتی، ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان ٢٥ ساڵە بەدیلگیراوە، لە دژواترین هەلومەرجی نێو زیندانی دوورگەی ئیمڕاڵییدا دەژی. دەوڵەتی فاشیستی تورکیا ڕێکاری توند و نایاسایی دژی گرتۆتەبەر لەڕێگەی سیاسەتی گۆشەگیرکردنەوە. سەرپێچی هەموو ئەو یاساییانە دەکات کە ڕێگە بە پارێزەران و خانەوادەکەی دەدەن تا سەردانی بکەن و چاوپێکەوتنی یاسایی لەگەڵدا ببەستن.

بەڵام ڕێبەر ئۆجالان دوورگەی ئیمڕاڵی گۆڕی بۆ سەرچاوەیەکی هاوچەرخ و کەلتووری بەرەنگاری و داهێنان، لەسەر بناغەی فەلسەفەی ژیانی ئازاد، بەم پێیەش، وەرچەرخانێکی مەزن و کاریگەری بەدیهێنا بۆ چارەسەرکردنی هەموو ئەو کێشە و قەیران و ململانێیانەی ڕووبەڕووی پێکهاتەکانی ناوچەکە دەبنەوە، لەڕێگەی پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیکەوە.»

ئاماژەی بەوە کرد: «ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان بەدرێژایی ژیانی تێکۆشانێکی مەزنی سەرپێخست لەپێناو مرۆڤایەتی و گەلان، نەوەک تەنها بۆ گەلی کورد، بەڵکو لەپێناو هەموو گەلانی ناوچەکە و جیهان تێکۆشاوە و بەهای مەزنی داڕشتووە. ڕێبەر لەڕێگەی فەلسەفەی نەتەوەی دیموکراتیکەوە بانگەوازدەکات بۆ ژیانی هاوبەش و برایەتی گەلان. بەهۆی مەزنێتی و هێز و هزری ئەم ڕێبەرەوە، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا گەمارۆ و گۆشەگیرییەکی سەختی بەسەردا سەپاندووە، ئەو ڕێبەرەی هەموو قۆناغەکانی ژیانی تەرخانکرد بۆ ڕزگارکردنی گەلەکەی و بیناکردنی ژیانێکی دیموکراتی، لەپێناو ئازادکردنی ژنان لە ستەم و کۆیلایەتی». 

لە کۆتایی قسەکانییدا خەلیل محەمەد نەعسان گوتی: «ئازادیی ڕێبەر، ئازادیی ئێمەیە. لە هەموو بارودۆخێکدا تا سەرکەوتن درێژە بە خەبات دەدەین. لەسەر ئەم بنەمایە، پیرۆزبایی ئەم یادە لە ڕێبەر و گەلی کورد و بەتایبەت ژنان دەکەین. بانگەوازدەکەین بۆ دەستگرتن بە فێرکاریی و بۆچوونەکانی ڕێبەر ئۆجالانەوە، لەڕێگەی بەهێزکردنی ڕێکخستن و یەکێتیی ڕیزەکانەوە، هەروەها کارکردن بۆ بیناکردنی دامەزراوە جڤاتییەکان و پاراستنی دەسکەوتەکانی شۆڕش. بەم کارە، دەتوانین شکست بە پیلانگێڕیی بهێنین. هەموو ساڵێک لە خۆشیدا بن ئەی ڕێبەری مرۆڤایەتی.»