وتەبێژی ڕاگەیاندنی یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) ڕوکەن جەمال هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بۆ سەر کانتۆنی مەنبەج هەڵسەنگاند، وەڵامی پرسیارەکانی پێشکەشکاری ڕوناهی تیڤی ئالان مەعشی دایەوە و ڕایگەیاند لە شاری تەل تەمری کانتۆنی جەزیرە فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی جۆری "ئانکا"ـی تورکیا خراوەتە خوارەوە.
ڕوکەن جەمالڕایگەیاند بە تەکنیکی شەڕی جیاواز وەڵامی هێرشەکانیان داوەتەوە و گوتی: " تەکنیکی شەڕی نوێ دژی تورکیا و چەتەکانی جێبەجێ دەکەین. ئەو ئانکایەی لە تەل تەمر خرایە خوارەوە نیشانەی ئەمەیە. ساڵانێکە پرۆپاگەندەی بۆ دەکەن و لە کۆمەڵکوژی سەر گەلەکەمان بەکارهاتوون. بەم چەکانە دەیان جار هێرشیان کردووەتە سەر هەڤاڵانمان. لەمەدوا مزگێنی بە گەلەکەمان دەدەین، دژی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان تەکنیکی نوێ پێش دەخەین".
"داستان دەنووسرێتەوە، دەیان چەتە کوژراون"
ڕوکەن جەمال تیشکی خستەسەر هێرشەکانی سەر کانتۆنی مەنبەج لە ١٣ ڕۆژی دوایی، گوتی: " لە مەنبەج کە شاری بەرخۆدان و مۆزایکی گەلانە، شەڕی توند ڕوودەدات. تورکیای داگیرکەر کە چەند ڕۆژێکە شەڕ بەڕێوەدەبات، دەیەوێت بە کۆمەڵکوژی شارەکە داگیر بکات. بەڵام شەڕڤانانی مەجلیسی سەربازی مەنبەج چەند ڕۆژێکە داستان دەنووسن. تا ئەم کاتژمێرە شەڕ بەردەوامە. گورزی گەورە لە چەتەکان دەدرێت. ئامانجی یەکەمی چەتەکان خەڵکی سڤیل بوون. دەیان فڕۆکەی سیخوڕی لە ئاسمانی شاری مەنبەجدا دەسوڕێنەوە. گەل لەڕێگەیانەوە دەکرێنە ئامانج. بەو پێیەی ناتوانن هیچ پێشکەوتنێک لە بەرامبەر شەڕڤانە قارەمانەکانمان لەسەر زەوی بەدەست بهێنن، بە هێرشی ئاسمانی بە چەپ و ڕاستدا هێرش دەکەن. ئەم هێرشانە ئەمڕۆ زیادی کردووە. ئەمڕۆ لە قەرەقۆزاخ و تشرین شەڕ و پێکدادانی قورس ڕوویدا. زیاتر لە دە ئۆتۆمبێل کە چەتەکانی تێیدا بوو تێکشکێنرا. لە هەردوو شوێنەکەدا لەلایەن شەڕڤانانی قەسەدەوە داستان دەنووسرێتەوە. دەیان چەتە کوژران".
ڕوکەن ڕایگەیاند ئەو هەواڵانەی لە میدیای دیجیتاڵ و چاپەمەنی نزیک لە حکومەت بڵاودەکرێنەوە و باس لە کۆنتڕۆڵکردنی مەنبەج لەلایەن چەتەکانەوە دەکەن دوورن لە ڕاستییەوە، گوتی: "لە مەنبەج لە هەموو گۆڕەپانەکاندا وەڵامی هێرشەکان دەدرێتەوە. حکومەتی دیمەشق لەبەرامبەر هێرشەکاندا لەماوەی ١٣ ڕۆژدا ڕووخا، بەڵام ١٣ ڕۆژە مەنبەج نەکەوتووە. شەڕڤانانی قەسەدە داستانێکی مەزن دەنووسنەوە. لە شارەکە شەڕێکی سەخت هەیە. بە ڕۆحی فیداکارییەوە تا کۆتایی بەرخۆدان دەکەین. لە هەموو لایەک هێرش هەیە، وەڵامدانەوەی بەهێز بۆ هێرشەکان هەیە. لە هەموو لایەک گورزی مەزن لە چەتەکان دەدرێت. ئەو دیمەنانەی کە نیشانی دەدەن شەڕڤانانی قەسەدە چۆن بەرخۆدان دەکەن، بڵاوکراوەتەوە. ئەم دیمەنانە ڕاستی نیشان دەدەن. لە کۆڵان و گوندەکانی مەنبەج بەرخۆدانێکی مێژوویی هەیە. هێرشەکان هەرچەند بەردەوام بن، لەلایەن شەڕڤانانی قەسەدەوە تێکدەشکێنرێن".