ئاڵدار خەلیل: دەستوەردانەکانی دەوڵەتی تورک قەیرانی سوریا قووڵتر دەکاتەوە

ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی هاوسەرۆکایەتی پەیەدە ئاڵدار خەلیل ڕایگەیاند؛ بە ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد پێویستە سەردەمێکی نوێ لە سوریا دەست پێ بکات و وتی: " دەستوەردانەکانی دەوڵەتی تورک قەیرانەکانی سوریا قووڵتر دەکاتەوە".

ئاڵدار خەلیل، دەستەی بەڕێوەبەریی هاوسەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە) سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی سوریا لەگەڵ ئاژانسی فورت قسەی کرد.

لەبارەی دۆخی ئێستای دوای ڕووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، ئاڵدار خەلیل وتی: "وەک دەزانن ڕژێمی بەعس لە ٨ی ئاداری١٩٦٣ هاتە سەر دەسەڵات، لە ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ کۆتایی هات، پاش ٣ مانگی دیکە دەبێتە ٦٢ ساڵی تەواو. واتە دەسەڵاتداری ٦١ساڵ و ٩ مانگی ئەسەد و ڕژێمی بەعس کە لە دەستی بنەماڵەی ئەسەدا بوو کۆتایی هات.  ماوەی ١٤ ساڵ گەلانی سوریا لە ناو بەرخۆدانێکدا بوون بۆیە ئەمڕۆ ڕۆژ وەک ڕۆژێکی مێژوویی دەبینرێ لە سوریا و سەردەمێکی نوێیە، بەڵام دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتە گرێدراوەکانی چۆن لە سوریای نوێ نزیک دەبنەوە؟ بە چ شێوەیەک سیستەمێک بنیات دەنرێت؟ ئایا سوریایەکی دیموکراتیک بنیات دەنرێت؟ بەهەر حاڵ ئەم بابەتانە شایانی باس کردنن، دەبێت سیستەمێکی دیموکراتیک بۆ هەموو گەلانی سوریا دابمەزرێت.

لە ساڵی ٢٠١١ بەدواوە ئێمە بەردەوام هەمان هەڵسەنگاندنمان کردووە.  ئەگەر شۆڕشێک ڕووبدات، دەبێت گۆڕانکاریەک لەو شێوە بێنێتە سەر کار، شێوازی بەڕێوەبەری سوریا دەبێت بگۆڕدرێت. ئەو هێرشانەی لە سوریا بووە هۆی ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، لەلایەن گروپە جیاوازەکانەوە ئەنجامدرا. لە نێوان ئەم گروپانەدا کێشە و ناکۆکی هەیە. هەر گروپێک پلانێکی جیاوازی خۆی هەیە. ئەمە مەترسیەکە کە لەوانەیە شەڕی ناوخۆیی بەدوای خۆیدا بێنێت.

'تا دەستێوەردانەکانی دەوڵەتی تورک لە سوریا کۆتایی نەیەت، قەیرانەکانیش کۆتایی نایەت'

 پێویستە ئەمەش لەبەرچاو بگیردرێت. هۆکارێکی دیکەی چارەسەرنەبوونی قەیرانی سوریا کە بە ساڵانە بەردەوامە، دەستێوەردانەکانی دەوڵەتی تورکە لە سوریا. تا تورکیا وەک لایەنی قەیران و ئاژاوەگێڕییەکانی سوریا سەیر نەکرێت ناکرێت هەڵسەنگاندنێکی دروست بکرێت.  بۆیە ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد بەو مانایە نییە کە قەیرانەکە کۆتایی هاتووە.  لەبەر ئەوە دەستێوەردانەکانی دەوڵەتی تورک لە پرسی سوریا کۆتایی نەهاتووە. هەموو گەڵانی سوریا ماوەی ٦١ ساڵ و ٩ مانگ لە گەڵ سیاسەتی قڕکردن و سەرکوتکردن دەژیا، بە تایبەت دژی گەلی کورد بوو.

بێگومان دەمانەوێت لە داهاتووی نوێی سوریادا لە ژیانێکی ئارام و ئاسایشدا بژین، بەڵام دەستوەردانەکانی دەوڵەتی تورک لە پرسی ناوخۆیی سوریادا مەترسییەکان زیاتر دەکات. چ مەترسییەک؟ وەک چۆن دەوڵەتی سوریا سیاسەتی قڕکردن و سەرکوتکردنی پەیڕەو دەکرد، دەوڵەتی تورکیاش لەو کەمتر نییە و مەترسیدارترە. دەوڵەتی تورک تەنانەت بوونی فیزیکی گەلی کورد لە سەرخاکی خۆی قبوڵ ناکات. لانی کەم ڕژێمی بەعس سنوورێکی دیاریکراوی هەبوو، گەلەکەمان دەیتوانی لە گوند و شارەکاندا درێژە بە ژیانی خۆی بدات. بەڵام سیاسەتی دەوڵەتی تورک بەم شێوەیە نییە. بەپێی سیاسەتی دەوڵەتی تورک ئەم ناوچەیە خاکی تورکەکانە، نابێت کورد لەو ناوچانەدا بژێت. هەروەها لەگەڵ دامەزراندنی سوریایەکی دیموکراتیکدا نییە و ئامانجێکی وای نییە.

ئەگەر پاڵپشتی لە سوریایەکی دیموکراتیک دەکەن، هێرش مەکەن، وەرن بە دیالۆگ چارەسەری بکەین

بە وتەی دەوڵەتی تورک، پێویستە پرۆژەی دیموکراتیک لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا نەمێنێت. دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، لەبری ئەنجامدانی کۆبوونەوە، لەبری ئەوەی ئۆپۆزسیۆنی دیموکراتیک کۆببنەوە و باس لە ئایندەی سوریا بکەن، دەوڵەتی تورک هێرشەکانی بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەستپێکرد. لە ئێستادا هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر منبج و دەوروبەری هەیە. ئەم هێرشانە بە فەرمانی دەوڵەتی تورک ئەنجام دەدرێن. ئەگەر بڕیار بێت سوریایەکی دیموکراتیک دابمەزرێت، بە هێرشکردنە سەر منبج و ناوچەکانی تری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕوو نادات. بە پێچەوانەوە دەبێت لەگەڵ ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریدا دیالۆگ دەست پێبکات.

"هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر منبج هەیە"

ئاڵدار خەلیل سەبارەت بە هێرشی چەتەکانی تورک بۆ سەر منبج ڕایگەیاند: "لە منبج و دەوروبەری هێرشێکی چڕ و بەرفراوان هەیە، تەنها چەتەکان بەشدار نین لەو هێرشانەدا، سەرنج بدەن، لێدوانی سەرەتای چەتەکان سەبارەت بە ڕێگاو ڕێباز نییە و هیچ پڕۆژەیەکیان بۆ بنیاتنانی داهاتوو نییە، هەموو شتێکیان تەنها هێرشی سەر منبج بوو(تا ئێوارەی دوێنێ) چەتەکان ڕووبەڕووی بەرخۆدانێکی مەزن بوونەوە، ئەگەر ئەم هێرشانە تێک نەشکێندرێن، دەوڵەتی تورک هەنگاو بە هەنگاو بەردەوام دەبێت، بۆیە دەبێت گەل لە یەک بەرەدا ڕووبەڕووی هێرشەکان ببێتەوە.

"دێرەزۆر لەژێر هەڕەشەی داعشدایە"

هەروەها سەبارەت بە دۆخی دێرەزۆر، ئاڵدار خەلیل وتی: "دوای ئەوەی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) کۆتاییان بە داعش هێنا لە باخۆز لە دێرەزۆر، ئەم ناوچەیە لەلایەن قەسەدەوە دەپارێزرێت، بەتایبەتی لە ڕێگەی ئەنجومەنی سەربازی دێرەزۆر، کاتێ هێرش کرایە سەر حەما داعش ڕووی لە دێرەزۆر کرد، بۆ ئەوەی کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە بوو، ئەگەر ئەمە ڕووبدات، مەترسی لەسەر ناوچەکانی تری دێرەزۆر دروست دەبوو، بۆیە گەلی دێرەزۆر و مەجلیسی سەربازی دێرەزۆر ڕووبەڕووی هێرشەکانی داعش بوونەوە هەتا ئەو بۆشاییەی دروست بووە نەکەوێتە دەستی چەتەکانی داعش، پێویستە ئەوە بزانرێت هەتا سیاسەتی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی داعش لە ئارادا بێت هەڕەشەکانیش لە ژیانی گەلانی هەرێمەکە بەردەوام دەبێت."

"ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ئامادەی چارەسەرییە"

ئاڵدار خەلیل سەبارەت بە چارەسەری کێشەکان وتی: "ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری هێشتا لەکاتێکدا کە ڕانەگەیەندرابوو؛ واتە لە ساڵی ٢٠١١ و لەگەڵ ڕاگەیاندنی لە ٢٠١٤ بەدواوە تا ئەمڕۆ، بەردەوام بۆ سوریا پڕۆژەی یەکڕیزی و یەکێتی هەبووە. هەروەها لە ساڵی ٢٠١٥وە ئەنجومەنی سوریای دیموکراتیک وەک چەترێک بۆ هێزەکانی هەموو سووریا و ئۆپۆزسیۆن ڕاگەیەندرا، بۆیە ئێستا مەسەدە دەتوانێ ڕەوڵی چارەسەری کێشەکان ببینێ، هەروەها قەسەدە دەتوانێ ببێتە هێزی سەربازی سوریای تیموکراتیک. هەروەها پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک دەتوانێ ببێتە پڕۆژەی داهاتووی سوریایەکی دیموکراتیک."

لە کۆتایی قسەکانیدا ئاڵدار خەلیل ڕایگەیاند؛ پێویستە ئەو دەستکەوتانەی بە خوێنی شەهیدان و ڕەنج و تێکۆشانی گەل بەدیهاتوون لەم قۆناغە مێژووییەدا بپارێزرێن و وتی: "ئەگەر بتوانین ئەمڕۆمان بپارێزین، ئەوە بە مانای پاراستنی تێکۆشانی ١٤ ساڵی ڕابردوومانە. هەروەها ئەگەر جدیی نەبین ئەوە ناتوانین دەستکەوتەکانمان بپارێزین و دەکەوینە دۆخێکی نەرێنیەوە."