ئاڵدار خەلیل: ناتۆ چرای سەوزی بۆ هێرشی داگیرکاریی دەوڵەتی تورک هەڵکردووە

ئاڵدار خەلیل ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتیی پەیەدە ڕایگەیاند، بڕیارەکەی ناتۆ بەشێکە لە چەمکی نوێی دژ بە کورد و وتی: "٢٩ی حوزەیران و سوید ڕێکەوت نییە. بۆ هێرشێکی داگیرکاری بۆ سەر کوردستان چرای سەوزیان هەڵکردووە".

  هەفتەی ڕابردوو لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا و لە کۆبوونەوەی باڵای ناتۆدا، لە بەرامبەر قبوڵکردنی ئەندامێتیی سوید و فینلاند لە نانۆتدا چەند سازشێک بۆ دەوڵەتی تورک کرا. ئاڵدار خەلیل ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتیی پەیەدە ڕایگەیاند، ئەو سازشانەى بۆ تورکیا کراون و ئەو بڕیارانەی لە کۆبوونەوە باڵایەدا دراون، بەشێکن لە چەمکی دژ بە گەلی کورد. ئاڵدار خەلیل لەسەر ئەو بابەتە قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.

خەلیل، رایگەیاند، دەوڵەتی تورک دەیان ساڵە بۆ لەناوبردنی کوردان تێدەکۆشێت و وتی: "گەلی کورد و تەڤگەری ئازادیش بەرخۆدانی مێژوویی دەکەن بۆ پاراستنی بوون و ئازادی، بەڵام دەبێت ئەم ڕاستییە ببینرێت. ئەگەر دەوڵەتی تورک پشتگیرییەکی کارای لە ناتۆ وەرنەگرتایە، ئەوا ئێستا گەلی کورد لە دۆخێکی جیاوازدا دەبوو، داخوازییان بۆ ئازادی بەدیدەهات و جێبەجێ دەکرا. بە واتایەکی تر ناتۆ لە ساڵانی ١٩٨٤-٨٥ ەوە لە دژی بزووتنەوەی کورد شەڕ دەکات و دەیەوێت گەلی کورد لەناوببات. ناتۆ ئەمەی کردووە بە پێوانە و دەستوور و یاسای بنەڕەتی، کە هەموو وڵاتان بەشداری جەنگ بۆ لەناوبردنی کورد پێ بکات، لەو پڕۆسەیەی دژ بەگەلی کورد بڕیاری گرنگ لەدژی گەلی کورد دەدرێن. ناتۆ لە هەموو لایەکەوە بڕیاری خۆی نوێکردووەتەوە و بە شێوازی جیاواز جیاواز  بڕیارەکانی خۆی نیشانداوە".

مانادارە سوید جارێکیتر خراوەتەوە رۆژەڤ و بەرنامە

ئاڵدار خەلیل لە چەمکی نوێدا ئاماژەی بە شوێن و ڕۆڵی سوید کرد و وتی: "سەرنجڕاکێشە بۆ یەکەم جار، کە پەکەکە خرایە لیستی 'ڕێکخستنە تیرۆریستییەکان' سوید خرایە بەرنامە و ڕۆژەڤەوە و بڕیاریان دا. پاساو چی بوو؟ دیسانەوە سوید بوو و ئۆلاف پاڵمە بوو. لەساڵی ١٩٨٦ بەتیرۆرکردنی ئۆلاف پاڵمە ناتۆ بەفەرمی بڕیاری خۆی ڕاگەیاند و ئەو بزووتنەوەیەی تۆمەتبارکرد. وەک دەزانرێت ساڵی ڕابردوو داواکاری گشتی سوید بڕیاری دا، کە بزووتنەوەی ئازادیی کورد و کورد هیچ پەیوەندییەکیان بەو تیرۆرەوە نییە، بەڵام سەرباری ئەوەش بڕیارێکی نوێیان دژی ئەو بزووتنەوەیە دەرکرد. کاتێک لە ساڵی ١٩٨٦ لە رێگەى سویدەوە دەستبەکار بوون،  ئەمڕۆش جارێکی تر لە رێگەى سویدەوە هەنگاو دەنێن. بۆ ئەوەی سوید بچێتە ناو ناتۆ، ئەمجارە شتێکی نوێیان خستە بەرنامە و ڕۆژەڤەوە.

لە بنەڕەتدا ناتۆ دژی گەلی کوردە. هەڵسوکەوت و ڕەفتارەکانی خۆی لەسەر ئەم بنەمایە نیشان داوە. بۆ بەشداربوونی سوید و فینلاند لە ناتۆدا، ناتۆ بڕیاری خۆی نوێدەکاتەوە. بە شێوەیەک لە شێوەکان بە سویدیان وت: 'ئێوە لە لێدوانەکەتاندا وتتان، کە پەکەکە هیچ پەیوەندیی بە کوشتنی ئۆلاف پاڵمەوە نییە، کەواتە ئێمە هەنگاوێکی نوێ دەگرینە بەر، تۆ هەنگاوێک بە ناوی چوونە ناو ناتۆ بنێ'، بۆیە دەیانەوێت لەوەدا، کە بە ناوی یاساکانی دێموکراسی و مافەکانی مرۆڤ پێناسەی دەکەن پاشگەزببنەوە. بەسویدیان وت: 'مادام تۆ دەتەوێت بێیتە ناو ناتۆوە، ئەوا ئێوەش مۆر و ئیمزای خۆتان لە ژێر رێککەوتنی شەڕی دژ بە کورد بدەن'. ئەویش قبوڵی کرد و بەشدار بوو.

کاتێک ساڵی ١٩٨٦ بەرپرسیارێتیی کوشتنی ئۆلاف پاڵمەیان خستە ئەستۆی پەکەکە، ئەوە کاریگەرییەکی زۆر قورس و توندی لەسەر گەلی کورد و بزووتنەوەکەی هەبوو، کەش و هەوایەکی جیاوازی دروست کرد. ساڵەهای ساڵە ئەم بزووتنەوەیە لەژێر ئەو تۆمەتەدایە.  لە جیاتی ڕەخنەگرتن لە خۆیان و قبووڵکردنی بوونی گەلی کورد، چییان کرد؟ سوید جارێکی تر ئەو ڕۆڵەی بینی، کە ببێتە بنەمای نوێکردنەوەی بڕیارەکانی ناتۆ لە دژی کورد".

ئاڵدار خەلیل ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، دەبوایە سوید و فینلاند لەسەر پێوەرە دیموکراسییەکان هەڵوێستیان هەبوایە و وتی: "بەداخەوە ئەو ڕێباز و شێوازەیان هەم جێگای ڕەخنەوە هەم جێگای ئیدانەکردنیشە".

ئاڵدار خەلیل لە بەردەوامیدا وتی: "ئەم بزووتنەوەیە بزووتنەوەیەکی دیموکراتییە کە داوای ئازادیی گەلی کورد دەکات. هەرگیز مرۆڤایەتیی بێزار نەکردووە. بەتایبەتی هێزەکانی ڕۆژئاوا لە دژی داعش وەستاونەتەوە و شەڕیان کرد، کە لەو کاتەدا هیچ کەسێک نەیدەتوانی شەڕی داعش بکات، ئەو خزمەتی مرۆڤایەتی کردووە، ئەوان لە دژی گەورەترین تیرۆر و لە دژی فاشیزم شەڕیان کر. هاوکات شۆڕشێکی دیموکراتییان ئەنجامدا.

تەنیا لەپێناو ڕازیکردنی دەوڵەتی تورک و لەپێناو هێنانەدیی بەرژەوەندییەکانی ناتۆ لە دژی گەلان، ئێوە هەڵدەستن دۆز و گەلی کورد و بزووتنەوە دیموکراتیکەکەی دەکەنە قوربانی. ناتۆ و وڵاتانی ڕۆژئاوا جارێکی دیکە لەسەر پێداگریی دەوڵەتی تورک لە دژی داواکارییە ئازادییەکانی گەلی کورد یەکدەگرن. لە بنەڕەتیشدا بە پێچەوانەی داواکاری و خواستەکانی دەوڵەتی تورک دەجوڵینەوە. ئەوانەی ئەم بڕیارە دەدەن خۆیانن و نایانەوێت دۆزی گەلی کورد سەربکەوێت. هەروەها دەوڵەتی تورک وەک ئامرازێک بۆ شەڕکردن لە دژی گەلی کورد بەکاردەهێنن، ئەوە بڕیارێکی ئەرێنی نەبوو".

دەرکردنی بڕیار لە ٢٩ی حوزەیراندا ڕێکەوت نییە

ئاڵدار خەلیل باسی لەسەر رۆژی پەسەندکردنی بڕیارەکە کرد و وتی، ئەو ڕۆژە ڕۆژی سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی شێخ سەعیدە و وتیشی: ڕۆژی ٢٨ی حوزەیران کۆبوونەوە و خستیانە بەرنامەی کارەوە و لە ڕۆژی ٢٩ی حوزەیران زۆربەى لێدوان و ڕاگەیاندراوەکانیان بڵاوکردەوە. ٢٩ی حوزەیران لە مێژووی کورددا ڕۆژێکی بەناوبانگە و هەڵبژاردنی ئەم ڕۆژە ڕێکەوت نییە. ئەو ڕێکەوتە رۆژی لە سێدارەدانی شێخ سەعید و دادگاییکردنی ڕێبەر ئاپۆیە. پێشێلکارییەکانی دەوڵەت لە دژی کورد هەمیشە لەو رۆژەدا ئەنجام دراون، لەبەر ئەوە ئەم دۆخە شەرمەزار دەکەم و داوا لە ڕای گشتیی جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا دەکەم، داوا لە بەرگریکارانی ئازادی و دیموکراسی دەکەم، کە هەڵوێست وەربگرن با چیتر ئەمە قبوڵ نەکرێت".

ئاڵدار خەلیل باسی لە هەڕەشەکانی ئەردۆغان بۆ داگیرکردنی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا کرد، کە لە کۆبوونەوەی ناتۆدا هەڕەشە داگیرکارییەکانی دووپات کردەوە و لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا، کە "ئایا ئەمە دەبێتە ڕەزامەندیی نێونەتەوەیی بۆ داگیرکاری؟" وتی: "دەوڵەتی تورک و حکومەتی ئاکەپە پێداگرن و دەیانەوێت تەواوی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا داگیر بکەن. ئەردۆغان لە کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بە ئاشکرا نەخشەیەکی بە قووڵایی ٣٠ کیلۆمەتری نیشان دا، کە تەواوی باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریای بە ئامانج گرت وتی: "هەموو ئەم ناوچەیە بۆ من دەبێت"، کەس لەوێ دەنگی نەکرد و ئەمە مانای ڕەزامەندییە. دەوڵەتی تورک دەیەوێت داگیری بکات. لەگەڵ بڕیارەکەی سوید و فینلاند لە ڕێگەى ناتۆوە وتیان، بەڵێ. چرای سەوزیان بۆ داگیرساند. ئەوان وتیان، تۆ دەتوانیت هێرش بکەیت. ئێمە بەپێی ئەم ڕاستییە هەڵسوکەوت دەکەین. ئەوان بەو بڕیارانە بڕیارەکانی خۆیان کرد بە یەک. بۆ پاراستنی بوونی خۆمان پێویستە ئێمە سیستمی بەرگریمان بەهێز بکەین. شەڕڤانە پرۆفیشناڵ و پسپۆڕەکانمان و کۆمەڵگا، بۆ ئەوەی خۆیان، خاکی خۆیان، ماڵ و وڵاتی خۆیان بپارێزن خۆیان بەهێز دەکەن و دەبنە وەرچەرخێنەری شەڕی شۆڕشگێڕیی گەل بۆ پاراستنی هەبوونی خۆیان و ماڵ و گەلەکەیان دەستبەرداری خاکەکەیان نابن و بە جێی ناهێڵن. تاوەکو دوا هەناسە بەرەنگاری و بەرخودان دەکەن و بەوەش سەرکەوتن بەدەست دێت.

ئێمە ئەو حساباتانە ناکەین، ئایا هەندێک پشتگیریمان دەکەن، یان نایکەن؟ ئەوان چرای سەوزمان بۆ هەڵبکەن یان نا؟ ڕەنگە هێرش بکات یان نەیکات؟ ئەوە ستراتیژییەتی تورکەکانە. ئەمڕۆ هێرش نەکەن سبەینێ دەیکەن، دوای مانگێکی تر دەیکەن، دوای ساڵێکی تر دەیکەن. ئەو دەوڵەتە بڕیاری خۆی داوە. ئەگەر ئەوان ئەمڕۆ ئەو کارە نەکەن، هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە ئامادەکارییەکانی ئێمە باشن. لەوانەیە ئەوان بترسن، لە زاپ و ئاڤاشین و مەتینا تێکشکاون. ڕەنگە بەهۆی شکستهێنانی پلانەکانیان لەسەر شەنگال بێت،  ئەگەر ئەمڕۆ هێرش ناکات با کەس نەڵێت بڕیاری خۆی گۆڕیوە، ئەوان سوورن لەسەر هێرشکردن و بڕیاری خۆیان داوە. دەڵێن، ئەم شوێنە داگیر دەکەن."

ئەگەر داگیرکارییەکی نوێ ڕووبدات وڵاتێک بە ناوی سوریا نامێنێت

ئاڵدار خەلیل بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سوریا وتی: "دەیانەوێت سوود لە قەیرانی ئێستای سوریا وەربگرن. ڕژێم لاواز بووە، هیچ کەسێک نییە سوریا بپارێزێت. وڵاتانی هەرێمیش هیچ شتێکی ئەوتۆیان نییە و پشتیوانی لە سوریا ناکەن، لەبەر ئەوەیە ئەوان دەیانەوێت سوود لەم بابەتە وەربگرن، چونکا بە گشتی ئەو دۆخە هەبێت یان نەبێت ستراتیژیی ئەوان داگیرکارییە، بۆیە و بۆ ئەوەی ئێمە پێکەوە دەستکەوتەکانمان بپارێزین، پێویستە بە هەموو هێزمانەوە بەرخۆدانی مێژوویی بکەین و پیلانەکانی دەوڵەتی تورک تێکبشکێنین. هاوکات پێویستە ناوچە داگیرکراوەکان ئازاد بکەین و تاوەکو دەوڵەتی تورک لە خاکەکەمان دەربکەین.

لەسەر ئەم بنەمایە بە گەلەکەمان، گەلانی سوریا و حکومەتی دیمەشق دەڵێم، با ئێمە پێکەوە سەروەریی سوریا بپارێزین. پێکەوە داگیرکەران لە خاکەکەمان دەربکەین. ڕەنگە کێشەی ناوخۆییمان هەبێت، ڕەنگە بۆچوونەکانمان جیاواز بێت، ڕەنگە یەک بیرو بۆچوومان لەسەر داهاتووی سوریا نەبێت. ئەمانە کێشەی ناوخۆیی ئێمەن، بەڵام شتێک هەیە و ئەویش ئەوەیە ئەم خاکە داگیر دەکرێت. دەبێت ئەم هەرێمە ئازاد بکرێت و ڕێگە نەدرێت هیچ ناوچەیەکی تر داگیر بکرێت. ئەگەر شوێنێکی تر لەسوریا داگیر بکرێت شتێک بە ناوی سوریا نامێنێتەوە.

ئێمە ناڵێین ئەمە کێشەی کورد و تورکە، ڕاستە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی دەوڵەتی تورک لەناوبردنی کوردە، بەڵام تەنها ئامانجی ئەوە نییە، چونکە دەوڵەتی تورک دەیەوێت بەشێکی زۆری سوریا داگیر بکات و بیلکێنێت بە خۆییەوە. دەیەوێت تورکیای  گەورە دروست بکات. بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە هەموو قەوارە و پێکهاتەکانی سوریا بەشداری ئەو بەرخۆدانە بۆ پاراستنی خاکی سوریا بکەن و هەڵوێستی ڕوون و یەکلاکەرەوە لە خۆیان نیشان بدەن".

ژ.ت