'ئامانجی دەوڵەتی تورک فراوانکردنی داگیرکەرییە'

جێگری هاوسەرۆکی ئەنجومەنی کانتۆنی قامیشلۆ رۆندار ساڵح وتی، دەوڵەتی تورکی ئامانجیەتی هەرێمەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا چۆڵ بکات و بۆ فراوانکردنی ئاستی داگیرکەری خۆی رۆژانە درێژە بە هەڕەشە و هێرشەکانی دەدات.

جێگری هاوسەرۆکی کانتۆنی قامیشلۆ رۆندار ساڵح سەبارەت بە سیاسەتی دەوڵەتی تورک لە دژی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات کرد و باسی لەوەکرد، دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دوژمنایەتی گەلی کورد و هەموو گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات و سیاسەتی کۆمەڵکوژی، تاڵان و کاولکاری پەیڕەو دەکات. بەئامانجی بەرفراوانکردنی داگیرکەری خۆی چەتەکانی لە هەموو شوێنێک کۆدەکاتەوە و لەو هەرێمانە نیشتەجێیان دەکات. هەموو ئەمانەش بۆ دوبارە دروستکردنەوەی ئیمپراتۆری عوسمانی دەکات.

ئەوەشی خستەڕوو، خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا کە لە جیهاندا نمونەیە بۆ پێکەوژیانی گەلان و دەستکەوتی گەورەی بەدەستهێناوە، لە دوای دامەزراندنیەوە رۆژانە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە دەکرێتە ئامانجی هێرش و هەڕەشە و تائێستاش ئەو هێرش و هەڕەشانە بەردەوامن.

رۆندار ساڵح هێمای بۆ ئەوەسکرد کە دەوڵەتی تورک بۆ لەناوبردنی ئەو دەستکەوتانە رۆژانە بە بەرچاوی جیهانەوە هێرش دەکاتە سەر بیناسازی و ئەو دامەزراوانەی لە خزمەت گەلدان و بەم جۆرەش دەیەوێت ژێرخانی ناوچەکە خاپور بکات.

جەختیشی کردەوە کە گەل ئەو سیاسەتەی دەوڵەتی تورکی ناسیوە و بە تێکۆشانی گەورە بەرپەرچی سیاسەتەکانی دەداتەوە و لەبەر ئەوەی هێڵی گەل هێڵی شەهیدان و ئەندێشە و فەلسەفەی رێبەر عەبدوڵا ئۆجالانە و گەلێکە کە زیاتر لە ١٠ ساڵە شۆڕشێکی بونیادناوە و لەوپێناوەدا رۆڵەکانی خۆی بەخت کردووە و پێداگرە لە پشتیوانی لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری.

جێگری هاوسەرۆکی ئەنجومەنی کانتۆنی قامیشلۆ ئەوەشی خستەڕوو کە دەوڵەتی تورک لە رێگەی ئەو هەڕەشە و هێرشانەوە دەیەوێت ناوچەکە جۆڵ بکات و دیموگرافیاکەی بگۆڕێت بەڵام گەلەکەمان پشت ئەستور بەو فەلەسەفەیەی بۆخۆیان بە بنەما گرتووە پلانەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر پوچەڵ دەکەنەوە و هەڵوێستی گەل بەرامبەر بەو سیاسەتانەی پەیڕەو دەکرێن بەردەوامە بەرخودان و خۆڕاگرییە.

رۆندار ساڵح لە کۆتایی قسەکانیدا تەئکیدی لەوە کردەوە، کە گەل خۆی و وڵاتەکەی دەپارێزێت و هەرگیز هەنگاو بۆ دواوە نانێت و وتی: "ئێمەش وەک ئەنجومەنی کانتۆنی قامیشلۆ رایدەگەیەنین کە هەموو خەباتمان لە پێناو ئەم گەلەدایە و لەگەڵ گەلەکەمان وڵاتەکەمان دەپاڕێزین و هەرگیز دەستبەرداری دۆزی خۆمان نابین و لەپێناو ئازادکردنی ناوچە داگیرکراوەکانیشماندا بێ وچان تێدەکۆشین. هەر کە دەوڵەتی تورک هێرش و هەڕەشەکانی زیاتر بکات توڕەیی و وەڵامدانەوەی ئێمەش  و گەلەکەمان بەهێزتر دەبێت  و هەموو پێکهاتەکانی ناوچەکە بەرامبەر بەو هێرشانە خۆڕاگری دەکەن. هەروەها دەبێت ئیتر جیهانیش بەرامبەر بەم هێرشانەی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ژینگە و مرۆڤایەتی هەڵوێستی روون نیشان بدات".

هـ . ب